سەركردایەتی یەكێتی ڕونكردنەوەیەك لەبارەی نەجمەدین كەریمەوە بڵاودەكاتەوە

کوردستان

16/11/2017‌ 11936 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕونكردنەوەیەك دەربارەی چاوپێكەوتنێكی پارێزگاری پێشووی كەركوك بڵاودەكاتەوە.

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕونكردنەوەیەكی سەبارەت بەدواین چاوپێكەوتنی نەجمەدین ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە بڵاوكردووەتەوە‌و ڕایگەیاندووە، "لەو چاوپێكەوتنەدا پارێزگاری لەسەركار لادراوی كەركوك، چەندین قسەو روونكردنەوەی بێ بناغەو دوور لەهەموو ماناكانی ڕاستی بەئامانجی دەربازبوونی خۆی لەدەیان دۆسێی گەندەڵی و شكستی ئیداری خستووەتەڕوو".


سەركردایەتی یەكێتی قسەكانی نەجمەدین كەریمی لەو چاوپێكەوتنەدا بە"دوركەوتنەوەی لەسیاسەتی چەپكە گوڵكەی مام جەلال‌و چاندنی تۆوی دووبەرەكی‌و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی لەشاری كەركوك، لەپاڵ سەدان دۆسیەی حاشاهەڵنەگرو سەلمێندراوی گەندەڵیدا، دۆخێكی دروستكرد كە كەركوك‌و كەركوكیەكان باجی قورسیان بكەوێتەسەر" وەسفكردووە.

هەر لەو ڕونكردنەوەیەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا ئەوەخراوەتەڕوو، "تەخشان و پەخشانكردنی پارەی كەركوكیەكان‌و دروستكردنی تۆڕێك لە بەڵێندەری تایبەت بەخۆی و بێبەشكردنی كەركوكیەكان لەداهاتی ، تا ساخبوونەوەی دەیان دۆسێی گەندەڵی و سەدان كاری ئەمنی و خراپەكاری لە كەركوك، پەیوەندییە ژێربەژێرەكانی جارێك لەگەڵ میتی تورك و جارێك لەگەڵ كاربەدەستانی بەغدا، تا ئەگات بە هەوڵەكانی بۆ ناساندنی كەركوك وەك هەرێمێكی سەربەخۆ، تێكڕا پێكەوە بەسن تا دەری بخەن پارێزگاری لەسەر كار لادراو چەندە باری سەر شانی بە خیانەت و گەندەڵی و تێكەڵاوبوونی بەئەجندای دەرەكی قورسكردووە".

سەركردایەتی یەكێتی دەشڵێت:"تەنها كەیسێك لەمانە بەسن نەك تەنها لەیەكێتی بەڵكو وەك هاوڵاتیەكی كوردستانیش ناسنامەی لێ وەربگیرێتەوەو دادگایی بكرێت".

لەكۆتایی ئەو ڕونكردنەوەیەدا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی داوای "دادگایكردن‌و سزادانی" نەجمەدین كەریم دەكات.

ڕ . ج