هۆكاری رازی نەبوونی گۆڕان بەگەڕانەوەی یوسف محەمەدو وەزیرەكانی ئاشكرادەبێت

کوردستان

17/11/2017‌ 10628 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان ترسی لەدووبارەبوونەوەی رووداوەكانی رابردوو هەیە، بۆیە تائێستا رازی نەبووە یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزیرەكانی لەحكومەت بگەڕێنەوە بۆ سەر كارەكانیان.

رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، لەكۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەی نێوان پارتی دیموكرات‌و بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی بەفەرمی داوای لەگۆڕان كردووە رازی بێت بەگەڕانەوەی یوسف محەمەدو وەزیرەكانی بۆ سەر كارەكانیان.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردووەتەوە، گۆڕان داواكارییەكەی رەتكردووەتەوە ئەوەش بەبیانووی ئەوەی ترس هەیە، لەداهاتوو هەمان رووداو دووبارە بێتەوە، كە بەسەر سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزیرەكانی هێنراوە.

دوو ساڵ پێش ئێستا پارتی دیموكرات بەبیانووی هەوڵەشانەوەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان، رێگری لەیوسف محەمەد بۆ چوونی بۆ هەولێرو وەزیرەكانی گۆڕانیشی لەحكومەت دوورخستەوە.

رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە، گۆڕان جگە لەترسی لەدووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە، ئێستا داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێم دەكات، بۆ ئەوەش پرۆژەیەكی خستووەتە بەردەم پارتی دیموكرات.

پارتی‌و گۆڕان لەساڵی 2014 رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و كابینەی هەشتەمی حكومەت، كە ساڵی 2015 كێشە كەوتە نێوانیان‌و بەهۆیەوە رێگری لەسەرۆكی پەرلەمان‌و وەزیرەكانی گۆڕان كرا بگەڕێنەوە هەولێرو تائێستاش ئەو دۆخە بەردەوامە.

هـ ـ ح