داناغاز بەو زانیارییانەی هەڕەشەی لەهەرێم كردووە
عەبادی لەرێگەی كۆمپانیای داناغازەوە زانیاری لەسەر پارەكانی بەرپرسانی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی لەدەرەوە دەستكەوتووە

کوردستان

24/11/2017‌ 10002 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەرێگەی كۆمپانیای دانا غازی ئیماراتییەوە، زانیاری لەسەر پارەكانی بەرپرسانی پارتی دیموكرات‌و بنەماڵەی بارزانی لەدەرەوە دەستكەوتووە، كە پێشتر كۆمپانیاكە بەو زانیارییانە هەڕەشەی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە.

لەماوەی رابردوو چەند كێشەیەك لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و كۆمپانیای دانا غاز دروستبوو، كە كۆمپانیاكە كۆمپانیای سەركارە لەكێڵگە غازییەكانی هەرێمی كوردستان‌و دواتر بەدانی بڕێك پارە لەلایەن هەولێرەوە بەكۆمپانیاكە كێشەكانیان چارەسەركرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادارو تایبەت دراوە بەشارپرێس، كۆمپانیای داناغاز لەسەروبەندی كێشەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەرێگەی تیمێكی شارەزای خۆی بەدواداچوونی بۆ پارەكانی بەرپرسانی پارتی دیموكرات‌و بنەماڵەی بارزانی كردووە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بەدەستەوەیە.

هەر بەپێی زانیارییەكان كۆمپانیاكە لەئەنجامی بەدواداچوونەكانی بەشێكی زۆر لەئەژمارو سەرچاوە داراییەكانی بەرپرسانی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی ئاشكراكردووەو بەو زانیارییانە هەڕەشەی لەبەرپرسانی حكومەت كردووە، كە ئەگەر چارەسەری كێشەكانی نێوانیان نەكەن، ئەوە بۆ رای گشتی ئاشكرادەكەن.

شارپرێس زانیویەتی، دوای هەڕەشەكان، حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای داناغاز گفتوگۆی كردووەو كێشەكانیان چارەسەركردووە، ئەوەش بەدانی یەك ملیار دۆلار لەلایەن هەولێرەوە لەبەرانبەر چارەسەری كێشەكان، كە ئەوەش بەفەرمی لەماوەی رابردوو راگەیەنرا.

كێشەكانی حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیای داناعاز لەسەر چەند گرێبەستێكی نێوانیانیان بوو، كە دواتر كۆمپانیاكە لەچەند دادگایەكی جیهانی سكاڵای لەسەر هەولێر تۆماركردو سكاڵاكانیشی بردەوەو هەرێم ناچاركرا بەدانی بڕی پارەی دۆراندنی سكاڵاكان.
 
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، ئێستا ئەو مەلەفە جارێكی تر جوڵێنراوە، ئەوەش دوای ئەوەی كۆمپانیای داناغاز لەرێگەی گرێبەستێكەوە، تەواوی زانیارییەكانی لەسەر پارەی بەرپرسانی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی داوەتە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

حەیدەر عەبادی لەچەند رۆژی رابردوو چەند هەڕەشەیەكی لە "بەرپرسانی گەندەڵ" لەعێراق‌و هەرێمی كوردستان كردو دوو رێگەی خستە بەردەمیان وەك چارەسەر، بەوەی "یان دەبێت پارەكانیان بگەڕێننەوە، ئەوكات ئەگەر هەیە لێیان خۆش بن، یان بەزۆر پارەكانیان لێدەسەننەوەو راپێچی زیندانیان دەكەن، ئەوكاتیش دەبێت تەواوی ژیانیان لەزیندان بەرنە سەر".

سەرچاوەكانی شارپرێس باس لەوەش دەكەن، كە عەبادی لەدوای دەستكەوتنی ئەو زانیارییانە ئەو پرسەی جارێكی تر وروژاندووەو مەبەستیشییەتی لەو رێگەوە فشاری زیاتر بخاتە سەر بەرپرسانی پارتی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئێستا كێشەی قووڵ لەنێوانیان هەیە.

هـ ـ ح