ساخكردنەوە.. هیچ گەشتێكی ڕاستەوخۆ لەفڕۆكەخانەی سلێمانییەوە ئەنجامنادرێت

کوردستان

14/12/2017‌ 1456 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بپێی وێب سایتی قەتەر ئێروەیس لەكۆتایی مانگی دوانزەی ئەمساڵدا گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستپێدەكاتەوە.

هەر بەپێی وێبسایتەكە، یەكێك لەو گەشتانە لەڕۆژی 30/12 لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە بۆ فڕۆكەخانەی دەوحەیە، ئەمەش دوای‌ ئەوە دێت، كە لەرۆژی‌ 29ی‌ ئەیلولەوە بەغدا وەك كاردانەوەیەك بەرانبەر ریفراندۆمی‌ هەرێمی كوردستانی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی‌ هەردوو فرۆكەخانەی‌ هەولێرو سلێمانی‌ راگرتووە.

لەو بارەوە ئەندازیار تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی بە"نیقاش"ی‌ راگەیاند "هیچ زانیارییەكیان لەبارەی ئەو گەشتانەوە نییە، كە كۆمپانیای فڕۆكەوانی قەتەر ئێروەیس دایناوە".

تاهیر عەبدوڵڵا راشیگەیاند "بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵانە لەلایەن كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانییەوە بۆ ریكلامكردنە بۆ خودی كۆمپانیاكە خۆی، چونكە پێشترو لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراقەوە گەشتی فڕۆكەخانە راگیراوەو دەبێت هەر لەلایەن ئەوانیشەوە بەشێوەیەكی فەرمی فەرمانمان پێبكرێت بۆ كردنەوەی، بەڵام دوورو نزیك تا ئێستا هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە نەدراوە".