ئێستا بەپاسكیل ناچێت بۆ دەوام
دەنگۆی پێدانی ئۆتۆمبیلێكی لاندكرۆزەری مۆدیل ٢٠١٨ بەهەڤاڵ ئەبوبەكر پشتراستدەكرێتەوە

کوردستان

14/12/2017‌ 9444 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەنگۆی پێدانی ئۆتۆمبیلێكی لاندكرۆزەری مۆدیل ٢٠١٨ بەهەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری نوێی سلێمانی پشتراستكرایەوە، كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێیداوە.

پێدانی ئۆتۆمبیلێك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پارێزگاری نوێی سلێمانی كاردانەوەو مشتومڕی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەوانەی ڕەخنە لەپارێزگاری سلێمانی دەگرن لەسەر قبوڵكردنی وەرگرتنی ئەو ئۆتۆمبیلە، دەڵێن "پێچەوانەی بانگەشەكانی لیستی گۆڕان‌و بەڵێنی خودی هەڤاڵ ئەبوبەكرە، كە ئیمتیازاتی ڕەتدەكردەوە‌و دەیوت بۆ چوونە دەوام جیاواز لەهەموو بەرپرسەكان پاسكیل بەكاردێنم."

هەفتەی ڕابردوو هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك پارێزگاری سلێمانی دەستبەكاربوو، ئەوەش پاش ئەوەی لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بزووتنەوەی گۆڕان وەك سەرۆكی لیستەكەی‌و كاندیدی پارێزگاری داهاتووی سلێمانی دیاریكردبوو، توانی زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی هەموو لیستەكان بەدەستبهێنێت.

زیاد كاكە ڕەزا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند، "پێچەوانەی بانگەشەكانی خۆی دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر ئۆتۆمبیلێكی لاندكرۆزەری مۆدێل (٢٠١٨)ی لەحكومەتی هەرێم وەك ئیمتیاز وەرگرتووە."

زیاد كاكە ڕەزا راشیگەیاند "هەر پۆستێك بەتایبەت لەو پلە باڵایانە، كە وەردەگیرێت پێویستی بەدابینكردنی ئۆتۆمبیل‌و پێداویستییەكانە بۆ ڕاییكردنی كاروبارەكان، ئەمە ئاساییە، بەڵام بەردەوام بزووتنەوەی گۆڕان ڕەخنەی لەمەگرتووەو بەئیمتیازی ناوبردووە، بەتایبەت خودی دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر".

زیاد كاكە ڕەزا هەروەها رایگەیاند "هەموومان دەزانین پۆستی پارێزگار بەبێ ئۆتۆبیل ناڕوات بەڕێوە، پۆستی وەك ئەندامی ئەنجوومەن بەبێ ئۆتۆمبیل ناڕوات بەڕێوە بەداخەوە لەڕابردوودا دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر زۆرترین قسەی لەسەر ڕەتكردنەوەی ئەو پێداویستیانە كردووەو بەگەندەڵی ناوی بردووە، ئێستا كە خۆیان دەچنە ئەو پۆستەوە بۆیان دەردەكەوێت، كە پۆستێكی وەك پارێزگار بەبێ ئۆتۆمبیل بەڕێوەناچێت."

زیاد كاكەڕەزا جەختیكردەوە پارێزگاری نوێی سلێمانی ئۆتۆمبیلێكی نوێی وەرگرتوە‌و وتی: "بەڵێ جەنابی پارێزگار (دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر) ئۆتۆمبیلێكی نوێی بەرزی لەجۆری لاندكرۆزەر مۆدێل (٢٠١٨)، كە خەڵك پێی دەڵێت (وەنەوشە) وەرگرتووە، ئیتر نازانم ئۆتۆمبیلەكە جەنابی سەرۆكی حكومەت پێی داوە یا وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر ئۆتۆمبیلێكی مۆدێل بەرزی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، نازانم نرخەكەی چەندە، چونكە نیمە."

هەروەها رایگەیاند "دوێنێ، كە لەگەڵ هاوڕێكانمان لە ئەنجوومەنی پارێزگا هاتینەدەر ئۆتۆمبیلەكەمان بینی، كە لەبەردەم پارێزگادا وەستێنرابوو، وتیان ئەوە ئۆتۆمبیلی جەنابی پارێزگارە، ڕەقەمی كاتی دهۆكیشی پێوەبوو".

هەڤاڵ ئەبوبەكر، كە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم ڕێگری لێكرا ببێتە پارێزگاری سلێمانی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەو شارەی پێدرا لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند "ئیمتیازاتەكان دەبێت ڕەتبكرێنەوە، لەیەكەم ڕۆژی دەوام كردنیشیدا بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا وەك سەرۆكی ئەنجومەنەكە بە پاسكیل چووە دەوام."

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو بارەوە رایگەیاند "دكتۆر هەڤاڵ هاورێی خۆشەویستی منە ڕێزی تایبەتیم بۆی هەیە، بەڵام كەس بەقەد ئەو كات نەبووە قسەو ڕەخنە لەپێدانی ئەو پێداویستیانە نەگرێت، من بومایە ڕەتمدەكردەوەو وەرم نەدەگرت هەر لەبەر ئەو قسانەی لەڕابردوودا لەسەر ئەو پێداویستیانە دەمكرد."

هەروەها دوپاتیكردەوە، پۆستێكی بەرزی وەك پارێزگار، كە بەرزترین پۆستی پارێزگاكەیەو پێویستی بەئۆتۆمبیلە هەر پارێزگارێك مافی خۆیەتی، بەڵام "من لەجێی دكتۆر هەڤاڵ بومایە وەك (زیاد) لەبەر ئەو قسانەی لەڕابردوودا دەمكرد ڕەتمدەكردەوەو ئەو ئۆتۆمبیلەم وەرنەدەگرت."

زیاد ئەوەشی راگەیاند "وەك خۆم ئۆتۆمبیلم لەئەنجوومەنی پارێزگا وەرنەگرتووەو ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆم بەكاردەهێنم، هەندێك لەئەندامانی ئەنجوومەن وەریانگرتووە بۆ ڕاپەڕاندنی كاروبارەكان، بەڵام بۆچی دكتۆر هەڤاڵ ئەو كاتەی سەرۆكی ئەنجومەن بوو هەوڵی بۆ ئەوە نەدەدا هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا ئۆتۆمبیل وەربگرن؟ بەڵام ئەوكات لەژێر ناوی ئیمتیازدا دژایەتی دەكرد، ئێستا كە خۆی بۆتە پارێزگار لەیەكەم ڕۆژدا ئۆتۆمبیلی وەرگرت‌و پێی دێت‌و دەچێت، كە بەڕاستی ئەمە دووفاقییە."

هـ ـ ح