گوندە كوردییەكان بۆردومان دەكرێت
سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی هێزێكی زۆر لەخورماتوو كۆدەكەنەوە

عیراق

14/12/2017‌ 1382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی هێزێكی زۆریان لەشارۆچكەی خورماتوو كۆكردووەتەوەو گوندە كوردییەكانی شارۆچكەكەش بۆردومانكراوە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەشارۆچكەی خورماتوو، ماوەی دوو رۆژە سوپای عێراق ‌و حەشدی شەعبی توركومانی دەستیان بەكۆكردنەوەی هێز لەشارۆچكەی خورماتوو كردووە.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، هێزەكە بەشێكی زۆری لەناو خورماتوو، بەشێكیشی لەدەوروبەری خورماتوو جێگیركراون‌و ئامادەن بۆ هێرشكردن.

سەرچاوەكە باسی لەوە كرد، كە تائێستا دیارنییە هێزەكە بە چ مەبەستێك كۆكراوەتەوە، بەڵام گومان دەكرێت بۆ هێرشكردنە سەر ناوچە كوردییەكان بێت، بەتایبەتی ناوچەكانی پەڵكانەو زنانەو داودە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد، لە شەوی رابردووەوە سوپاو حەشد ناوە ناوە بۆردومانی گوندەكانی دەوروبەری شارۆچكەی خورماتوو دەكەن، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی ناوچەكە ئاوارەبوون.

شارۆچكەی خورماتوو لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو كەوتە دەست هێزەكانی عێراق‌و حەشدی شەعبی، كە پێشتر بەدەست هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بوو، سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن ئەو هێزانەی عێراق رۆژانە لەناوچەكە جموجوڵیان هەیە.

هـ ـ ح