ئایندەی حەشد شەعبی
كودەتا بەسەر فەتواكەی‌ سیستانی-دا دەكرێت

عیراق

14/12/2017‌ 3336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەركەوتنی راگەیاند، پەردە لەسەر جەنگ دژی داعش دادرایەوە، ئێستاش كاتی راستەقینەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی هاتووە.

شەممەی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران هەڵدانەوەی لاپەڕەی داعشی لەعێراق راگەیاند‌و بڕیاری دا رۆژی یەكشەممەی رابردوو بكرێتە پشوو كە تێیدا ئاهەنگی رەسمی‌و میللی بەبۆنەی سەركەوتنەوە رێكخرا ئەویش دوای سێ ساڵ لەو شەڕانەی قوربانی‌و كاولكاریەكی زۆریان لە وڵاتدا لێكەوتە، عەبادی لەو وتاری سەركەوتنەدا كە بۆ عێراقییەكانی خوێندیەوە ئەوەی لەبیر نەچوو سوپاسگوزاری پێشكەش بە عەلی سیستانی مەرجی شیعە بكات.

ئەمڕۆ چاوەكان لەسەر سیستانین كە خاوەنی فەتوا بەناوبانگەكەی شەڕكردن لەدژی داعشە، لەگەڵ كۆتاییهاتنی شەڕەكانیش لەدژی توندڕەوان هەمووان دەپرسن ئایا ئەو پیاوەی لە خانوویەكی سادەدا لە نەجەف كەنارگیرە، بڕیارێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەتواكە دەدات یاخود رایەكی تری هەیە؟.

چەند رۆژێكە بەسەدان عێراقی دەچنە ماڵەكەی سیستانی‌و سوپاسگوزاری پێشكەش دەكەن‌و دڵسۆزی بۆ دەردەبڕن، چونكە ئەو پیاوەی جەماوەرێكی بەرفراونی لە نێو عێراقییەكاندا هەیە، حەز بە دەركەوتن لە میدیادا ناكەت‌و دەستوەردانی دامەزراوەی ئایینی لە سیاسەتدا رەتدەكاتەوە، بەڵام ئامادەیی بەهێزی هەبووە لە چەند قەیرانێكی نیشتمانیدا كە بەدرێژایی 10 ساڵی رابردوو رووبەڕووی وڵات بوونەتەوە.

لەراپرسیەكدا كە سایتی "نیقاش" بۆ دەستنیشانكردنی باشترین كەسایەتی عێراق لە ساڵی 2015دا ئەنجامی دابوو، سیستانی پلەی یەكەمی بەدەستهێنا‌و رێژەی 41%ی دەنگی بەشداربووانی راپرسییەكەی بەدەستهێنا كە نۆ كەسایەتی سیاسی عێراقی تێیدا بەشداربوون.

لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014دا‌و پاش سێ رۆژ لەو هێرشە تێكشكێنەرەی توندڕەوان كردیانە سەر وڵاتەكە‌و گەیشتنە دەوروبەری بەغدای پایتەخت دوای ئەوەی هێزەكانی سوپای عێراق هەرەسیانهێنا، سیستانی بڕیارێكی مێژوویی بۆ مەرجەعیەتی شیعە لە عێراق بەدرێژایی 100 ساڵی رابردوو دەركرد‌و داوای لە عێراقییەكان كرد خۆبەخشانە رێ لە بەرفراوانبوونی "داعش" بگرن، چەند سەعاتێك دوای ئەوە بە هەزاران كەس بەدەنگ بانگەوازەكەیەوە چوون‌و بەخۆخۆبەشی چوونە ریزی چەند گرووپێكەوە، بەڵام دواتر بڕیارەكە چەند رێچكەیەكی جیاوازی گرتەبەر كە لە مەزەندەی خودی سیستانیدا نەبوون.

فەتواكەی سیستانی زیاتر لە 40 گرووپی چەكدای شیعەی لێكەوتەوە كە ژمارەیان بە نزیكەی 100 هەزار چەكدار مەزەندە دەكرێت‌و لەسایەی دەستەیەكدا رێكخراون كە حكومەت ناوی "حەشدی شەعبی" لێناوە تا ببێتە دامەزراوەكی ئەمنی شانبەشانی هێزەكانی سوپا‌و پۆلیس‌و یاسایەكی تایبەت بەخۆیشی هەیە، ئەم گرووپانەش رۆڵێكی گەورەیان گێڕا لە شكستپێهێنانی توندڕەواندا.

چەند مانگێكە مشتومڕ لەبارەی چارەنووسی ئەم گرووپانە گەرم بووە‌و بووەتە ئاڵنگارییەك بۆ وڵات، لەكاتێكیشدا حكومەت هەوڵدەدات رێكیانبخات‌و بیانگۆڕێت بۆ هێزێكی رەسمی سەر بەدەوڵەت، چەند هێزێكی شیعە ئەوە رەتدەكەنەوە‌و هەوڵ دەدەن هێزێكی سەربەخۆ بن، لەبەرئەوە هەمووان بێپەروا چاوەڕوانی هەڵوێستی سیستانی دەكەن.

كودەتا بەسەر فەتواكەی سیستانیدا
بیرۆكەی دروستكردنی هێزی چەكداری شیعە بۆ ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە كە یەكەم درزی ئاینی شیعەی عێراقی لە چەند دەیەیەی رابردوودا بەخۆوە بینی، چونكە سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەی عێراق ئەو گوشارانەی رەتكردەوە كە لەلایەن پیاوانی ئاینی ئێرانەوە دەكرانەسەری بۆ دەركردنی فەتوایەكی ئاینی بۆ دژایەتیكردنی هێزەكانی ئەمریكا بەوپێیەی بە هێزی داگیركەر دادەنرێن.

بەڵام ئێران گوێی بە سیستانی نەدا‌و "سوپای مەهدی" بەسەركردایەتی موقتەدا سەدری پیاوی ئاینی گەنجی خوێنگەرمی ئەو كاتە دروستكرد، ئەم هێزانەش بە باوكی روحی گرووپە شیعەكانی سەر بە ئێران لە ئێستادا دادەنرێن هەرچەندە موقتەدا سەدر دوای چەند ساڵێك دەستبەرداربوونی لە پشتیوانی ئێران راگەیاند.

بەڵام سیستانی لەژێر گوشاری مەترسی داعشدا ناچاربوو بڕیاری خۆبەشی‌و یارمەتیدانی سوپا‌و پۆلیس دەربكات، بەڵام بڕیارەكە وەك ئەوەی سیستانی دەیویست جێبەجێ نەكرا‌و گرووپەكانی سەر بە عەلی خامنەیی رابەری ئێران چەند گرووپێكی چەكداریان دامەزراند كە بەشێوەیەكی سەربەخۆ دەجەنگن، ئەویش بەپێی قسەی پیاوی ئاینی جابر محەمەداوی.

محەمەداوی كە پیاوێكی ئاینی سەربەخۆیە‌و وانەی مەزهەبی شیعە لە نەجەف دەڵێتەوە، بە "نیقاش"ی وت: "سیساتی دەیویست خۆبەخشەكان لەژێر فەرمانی حكومەت‌و سوپادا بن، بەڵام ئەو فەوزایەی لەگەڵ هەرەسی سوپادا حكومەتی گرتبووەوە، بواری بۆ پێكهێنانی گرووپی سەربەخۆ رەخساند".

وتیشی: "فەتوای جیهادی كەفائی لەدژی داعش روونە‌و مانای وایە كاتیە‌و هەمیشەیی نییە‌و لەگەڵ كۆتاییهاتنی مەترسی توندڕەواندا كۆتایی دێت، چونكە سیستانی بوونی هێزێكی سەربازی لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت رەتدەكاتەوە‌و بەشداریكردنی چەكدارەكانیش لە سیاسەت‌و هەڵبژاردندا رەتدەكاتەوە، هەروەك ئەو گەرموگوڕیەشی نەبوو بۆ بڕیارەكەی پەرلەمان سەبارەت بە گۆڕینی حەشدی شەعبی بۆ هێزێكی سەربەخۆ".

لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا فراكسیۆنی شیعە لە پەرلەمان، سەرەڕای بایكۆتكردنی هەموو فراكسیۆنەكانی سوننە، یاسای "حەشدی شەعبی" تێپەڕاند، یاساكەش تەنیا سێ ماددەی یاسایی لەخۆگرتبوو كە بەشێوەیەكی ورد سروشتی ئەركە ئەمنییەكانی ئەو هێزانە روون ناكەنەوە، چونكە یاساكە تەنیا ئەوە دووپات دەكاتەوە كە حەشد هێزێكی ئەمنی رەسمیە، بەڵام ئەوە روون ناكاتەوە ئایا هێزی سەربازی هاوشێوەی هێزەكانی سوپان كە تایبەتن بە شەڕی بەرەیی، یان هێزێكی پۆلیسی تایبەتن بە پاراستنی ئاسایش لەناو شارەكاندا؟

بەقسەی محەمەداوی پێدەچێت رۆژی هەینی داهاتوو سیستانی لەمیانی نوێژی هەینیدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەگرووپە شیعەكان‌و ئەو فەتوا كەفائیەی سێ ساڵ لەمەوبەر دەریكرد، رابگەیەنێت، بەڵام گوشارەكان لەسەر سیستانی زۆرن‌و رەنگە خۆی لە باسكردنی ئەو بابەتە ببوێرێت.

حەشدی شەعبی‌و ئێران
كێشەی حكومەت لە مامەڵەكردن لەگەڵ گرووپە شیعەكان لەوەدایە كە گرووپی پێكەوە نەگونجاون، چونكە ناكۆكی عەقائیدی‌و سیاسی گەورە لەنێوانیاندا هەیە كە پۆلێن دەكرێن بۆ سێ بەش.

بەشی یەكەم ئەوانەن كە نزیكن لە ئێران‌و لەڕووی ئاینیەوە پەیوەستن بە عەلی خامنەیی رابەری ئێران‌و ژمارەیان زیاتر لە 20 گرووپی چەكدارە كە دیارترینیان رێكخراوی "بەدر"‌و "عەسائیب ئەهللحەق"‌و "كەتائیب حزبوڵڵا"‌و سەرایا خۆراسانی"‌و "نوجەبا"‌و كەتائیب ئیمام عەلی"‌و كەتائیب سەیدولشوهەدا"ن كە لە نێو گرووپەكانی دیكەدا بەهێزترین‌و پڕچەكترینیانن‌و زۆریش رێز لە بڕیارەكانی حكومەت ناگرن‌و هەندێك جاریش رەخنەی لێدەگرن.

"سوپای پاسدارانی ئێران" بەفەرماندەیی قاسم سلێمانی سەرپەرشتی ئەم گرووپانە دەكات بە یارمەتی عێراقییە نزیكەكانی ئێران كە دیارترینیان هادی عامری سەركردەی رێكخراوی "بەدر"‌و قەیس خەزعەلی سەركردەی "عەسائیب ئەهللحەق"‌و ئەبو مەهدی موهەندیس سەركردەی "كەتائیب حزبوڵڵا"ن، ئەم گرووپانەش عێراق‌و سوریا بە یەك گۆڕەپانی جەنگ دادەنێن‌و خواستی سیاسیان هەیە‌و خۆشیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە دەكەن.

بەشی دووەمی گرووپە شیعەكانیش ئەوانەن كە عەلی سیستانی مەرجەعی شیعە دایمەزراندوون‌و هەر خۆیشی یارمەتی داراییان بۆ دابین دەكات، دیارترینیشیان "فیرقەی جەنگی عەباس"‌و لیوای گەورەی عەلی"‌و "سەرایا ئەلعەتەبە لعەباسیە"‌و "سەرایائەلعەتە لعەلەویە"‌و "سەرایا ئەلعەتەبە لحسێنیە"ن.

ئەم گرووپانەش خواستی سیاسیان نییە‌و چەكدارانیان خستووەتە ژێر فەرمانی حكومەتەوە، ئەركیشیان یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەكان بوو لە شەڕی دژ بە "داعش"‌و پاراستنی ئەو شارانەی ئازاد دەكران لە گەڕانەوەی توندڕەوان، ئەم گرووپانەش بەوە جیادەكرێنەوە كە ژمارەی چەكدارانیان كەمە‌و پڕچەككردنیشیان لاوازە، رازیش نەبوون بەشداری لەو شەڕەدا بكەن كە لەسوریا بەڕێوەدەچێت، هەروەك رایانگەیاندووە كە دوای كۆتاییهاتنی قۆناغی "داعش" هێزەكانیان هەڵدەوەشێننەوە.

بەشی سێیەمی گرووپە شیعەكانیش ئەوانەن كە پەیوەستن بە حزبە شیعە تەقلیدیەكانەوە، دیارترینیشیان "سەرایا لجیهاد ‌وەلبینا"‌و "سەرایا عاشورا"‌و "سەرایا ئەنسارولعەقیدە"ی سەر بە "ئەنجومەنی باڵا"‌و "سەرایا سەلام"ی سەر بە رەوتی سەدرن كە نزیكن لە حكومەتی عێراقەوە.

گرووپەكانی نزیك لە ئێران لەبەردەم كەناڵەكانی راگەیاندندا دووپاتی دەكەنەوە كە رێز لە حكومەت دەگرن، یەكشەممەی رابردووش "عەسائیب ئەهللحەق"‌و "كەتائیب ئەبولفەزڵ لعەباس" ئامادەییان پیشاندا بۆئەوەش چەكدارانیان بخەنە ژێر فەرمانی حكومەتەوە، بەڵام لە واقیعدا بەرهەڵستی بڕیارەكانی حكومەت دەكەن‌و رووداوەكانی سێ ساڵی رابردووش ئەوە دووپات دەكەنەوە.

بۆ نموونە لە شوباتی ساڵی 2016دا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران فەرمانێكی دەكرد بۆ دانانی فەریق روكن موحسین كەعبی (فەرماندەیەكی پێشووی پۆلیسی فیدراڵیە) لەبری ئەبو مەهدی موهەندیس ئەویش لە هەوڵێكی حكومەتدا بۆ كۆنترۆڵكردنی بەڕێوەبردنی حەشد.

بەڵام گرووپەكانی سەر بە ئێران بەتوندی بڕیارەكەیان رەتكردەوە‌و "كەتائیب حزبوڵڵا" هەڕەشەی لە حكومەت كرد‌و لە راگەیەندراوێكدا وتی: "گرووپەكانی مقاوەمەی ئیسلامی‌و حەشد گرووپی عەقائیدی جیهادین‌و چوارچێوەی ئیداری‌و رێكخستنی خۆیان هەیە كە جیاوازە لە چوارچێوە كلاسیكیە پەیڕەكراوەكانی دامەزراوە سەربازییەكان".

لە ئازاری 2015یشدا گرووپە شیعەكان رازی نەبوون هێزی ئاسمانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" بەشداری لە پرۆسەی ئازادكردنی تكریتدا بكات هەرچەندە حكومەت‌و سوپا پشتگیری بەشداری "هاوپەیمانی نێودەڵەتی" دەكات، ناكۆكیش لەنێوان هادی عامری سەەركردەی گرووپە شیعەكان‌و فەریق عەبدولوەهاب ساعیدی فەرماندەی سوپا دروست بوو، عەبادیش ناچار بوو لەسەر داوای "حەشدی شەعبی" فەریق ساعیدی لە ئەركە سەربازیەكەی دووربخاتەوە.

لە تەمموزی 2015یشدا حكومەت بڕیاری دا شاری رومادی لە ئەنبار ئازاد بكات، بەڵام "حەشدی شەعبی" ئەوەی رەتكردەوە‌و پێی باشبوو سەرەتا فەلوجە ئازاد بكرێت، ئەم ناكۆكیەش بووەهۆی دواكەوتنی ئازادكرنی هەردوو شارەكە بۆ ماوەی هەشت مانگ.

بەڵام هەڵوەشاندنەوەی "حەشدی شەعبی" رووبەڕووی زەحمەتێكی زۆر دەبێتەوە بەتایبەتی كە نزیكەی 100 هەزار چەكدار لەخۆدەگرێت كە دەرفەتێكی كاریان لە خۆبەخشیدا بینیوەتەوە لەسایەی قەیرانێكی داراییدا كە حكومەتی ناچار كردووە لە سێ ساڵی رابردوودا رێژەی دامەزراندن بۆ سێیەك كەم بكاتەوە، لەبەرئەوە ئەمرٍۆش حكومەت لە دۆزینەوەی چارەسەری جێگرەوە دەكۆڵێتەوە‌و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش رایگەیاند كە "حەشدی شەعبی" وەك هێزێكی ئەمنی دەمێنێتەوە.

پەرلەمانتار عەباس بەیاتی لە "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا" كە نزیكە لە سەرۆكی حكومەت، بە "نیقاش"ی وت: "حەشدی شەعبی هێزێكی رەسمیە سەر بە دەوڵەتە‌و نابێت هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام پێویستی بە رێكخستنەوەیە تا ببێتە هێزێكی ئەمنی شانبەشانی سوپا‌و پۆلیس‌و تەنیا بڕیار لە سەرۆك وەزیران وەربگرێت، ئەوەش ئەزموونێكە لە زۆر دەوڵەتدا هەیە، بۆ نموونە ویلایەتە یەكگرتووەكان پاسەوانی نیشتمانی هەیە شانبەشانی سوپا‌و پۆلیس هەروەها لە شانشینی عەرەبی سعودیەش".