پەرلەمانتارێك هۆكاری هێنانەوەی ئاشتی هەورامی ئاشكرادەكات

کوردستان

14/12/2017‌ 5849 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارێك هۆكاری هێنانەوەی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشتییەكانی ئاشكراكرد، كە لەئێستادا جارێكی تر هەرێمی كوردستانی جێهێشتووە.

سالار مەحمود پەرلەمانتاری كوردستان دەڵێت: "دوای فشارێكی بەردەوامی پەرلەمان سەبارەت بەناشەفافی دۆسییەكانی نەوت‌و چارەنووسی موچەو داهاتە ونەكانی خەڵكی كوردستان‌و پاش ٦۷ رۆژ ئاشتی هەورامی هێنرایەوە". 

سالار مەحمود لەو بارەوە ئەمڕۆ پێنج شەممە لەمیانی نووسنێك چەند بەڵگەیەكی خستووەتە ڕوو، ئاشكراشیكردووە دوای هاتنەوەی "بەبڕیارێك لەرۆژێك دوای هاتنەوەی كێڵگەی شێخانی بەتەواوی دا كۆمپانیایەكی بیانی لەجیاتی قەرزەكانی سەر كوردستان".

پەرلەمانتارەكە هەروەها دەڵێت: "حكومەت هێشتا ملهوڕانە حساب بۆ ناڕەزایی پەرلەمانتارا‌و خەڵك ناكات، بۆیە نەیانهێنایە بەردەم پەرلەمان"، ئەوەشی ئاشكراكردووە كە "وا دیسان بەكارێكی نادیارو ناڕوونی تری وەك ئەو ٦۷ رۆژە ئەو ئەندازیاری هەڵلوشینی قووتی خەڵك‌و كوردتان وێرانكەرە ناردیانەوە دەرەوە".

سالار مەحمود جەختیكردووەتەوە، كە پێویستە فشارەكان لەكەناڵی جیاجیاوە بەردەوامبن، تا گەیشتن بەئاكامێك، ئەوەش بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە.

ئاشتی هەورامی لەچەند مانگی رابردوو هەرێمی كوردستان جێهێشت‌و لەسەرەتای ئەم مانگەش لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە هێنرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی فشار دروستكرا بۆ ئەوەی لەبەردەم پەرلەمان ئامادەبێت، بەڵام ئامادەنەبوو.

هـ ـ ح