نورى مالیكى واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئاشكراده‌كات

کوردستان

28/04/2024‌ 4518 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئاشكراده‌كات‌و ڕایدەگەیەنێت، "هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ (مانگى 10) دەکرێت".


نوری مالیکی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، سه‌باره‌ت به‌موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم، کێشەکانی هەولێرو بەغدا، بەشداریی پارتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمان‌و چەند پرسێکی دیکە ڕایگه‌یاند، "لەوانەیە سەرۆکایەتیی هەرێم وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ مانگی ئۆکتۆبەر (10)ی ئەمساڵ دوابخات، ئەمە پرسێکی تەکنیکییەو پەیوەستە بەسەرۆکایەتیی هەرێمه‌وه‌و کۆمیسیۆنیش کارەکانی خۆی دەکات".

وتیشى:"لیژنەیەک لەبەغدا پێکهێنراوە پرسی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تاووتوێدەکات".

دادگای باڵاى فیدراڵی عێراق ڕۆژی 21ی شوباتی ئه‌مساڵ، دوای 11جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەشبکرێت‌و ژمارەی کورسیی کۆتاکان کە 11 کورسین، هەڵوەشاندەوە، بەوپێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەبنەوە، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا پارتى بڕیاریدا به‌شداریى هه‌ڵبژاردن نه‌كات.