بەندەرە کاتییەکەی ئەمەریکا بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە خەریکە تەواو ببێت

جیهان

28/04/2024‌ 197 جار خوێندراوه‌ته‌وه




لە کاتێکدا ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشێکی زەمینی گەورە بۆ سەر شاری ڕەفەح ئامادە دەکات، سوپای ئەمەریکا دەستیکردووە بە دروستکردنی "بەندەرێکی دەریایی کاتی" لە کەناراوەکانی غەززە، بە ئامانجی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی سڤیل.

میدیای ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازی پەنتاگۆنەوە بڵاویکردەوە، هەزار سەرباز و کەشتیوانی ئەمەریکا له پرۆژەی کاتی بەندەرەکەدا بەشدار دەبن.

بەرپرسەکە دەڵێت، بەندەرەکە لە سەرەتادا دەتوانێت لە ڕۆژێکدا ڕێگە بە تێپەڕبوونی نزیکەی 90 بارهەڵگر بدات، وە ئامانجیانە لە کۆتاییدا بتوانن لە ڕۆژێکدا ڕێگە بۆ 150 بارهەڵگر بکەوە.

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیاندنی یارمەتییەکان لە ڕێگەی زەمینییەوە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کەمێک زیادی کردووە، بەڵام هێشتا خەڵکی غەززە پێویستیان بە یارمەتی زیاترە.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتویەتی، دەیان کەس لە خەڵکی غەززە بەهۆی برسیەتی و بەدخۆراکی گیانیان لەدەستداوە.

بە گوتەی بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا، پێشبینی دەکرێت لە مانگی پێنجدا بەندەرەکە ئامادە بێت بۆ تێپەڕبوونی باری سەرەتایی خۆراک و کۆمەکی دیکە.