ئێران بۆ بەردەوامیدان بە فرۆشتنی غاز بە عێراق كێڵگەی كۆرمۆر و پرۆژەكانی دیكە دەكاتەئامانج

کوردستان

29/04/2024‌ 594 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەو هێرشەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە ڕێگەی فڕۆكەی بۆمبڕێژكراوەوە كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر بە هێرشێكی جیاواز لە هێرشەكانی ڕابردوو دادەنرێت، هۆكارەكەشی بۆ ترسی ئێران دەگێڕدرێتەوە لەوەی پەرە بە غازی ئەو كێڵگەیە بدرێت و ببێتە جێگرەوەی غازەكەی لە عێراقدا.

عێراق ساڵانە بڕێكی زۆر غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەكات و بڕێكی زۆر لە كارەباكەشی لە ڕێگەی غازی ئێرانەوە دابین دەكرێت، هەندێك لە چاودێران دەڵێن بۆیە ئێران نایەوێت پەرە بە كێڵگە غازییەكانی عێراق و هەرێم بدرێت و ببنە جێگرەوەی غازەكەی لە بازاڕی عێراقدا.

كێڵگەی غازی كۆرمۆر بەگەورەترین كێڵگەی غازی عێراق و هەرێمی كوردستان دادەنرێت. هەركاتێك كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی، كە سەرەكارە لە كێڵگەكەدا، كار بۆ بەرهەمهێنانی بڕی زیاتری غاز دەدات، كێڵگەكە دەكەوێتە بەر هێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو.

ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هیچ كام هێرشەكان ئەنجام نەداوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم لە ڕابردوودا گروپە شیعەكانی سەر بە ئێرانیان تۆمەتباركردووە.

بارزان هەورامی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "غاز چەكێكی سیاسی و ئابووری گەورەیە بەدەست ئێرانەوە لەبەرامبەر عێراق، بۆیە نایەوێت گرێبەستەكانی عێراق لەڕووی وزەوە سەربگرن."

دەشڵێت، "گەر پەرە بە بەرهەمهێنانی غازی كۆرمۆر بدرێت، بەشی هەموو هەرێمی كوردستان دەكات و دەتوانرێت ڕەوانەی عێراقیش بكرێت، ئەمە مایەی نیگەرانییە بۆ ئێران."

كێڵگەی غازی كۆرمۆر، گەورەترین كێڵگەی غازی سەربەخۆی سەر ئاستی عێراقە و دەكەوێتە سنوری قەزای چەمچەماڵی ڕۆژهەڵاتی كەركوك، ڕووبەری كێڵگەكە 1350 كیلۆمەتر دووجایە و خاوەنی 8,2 تریلیۆن سێجا یەدەگی غازی سروشتییە.