هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ شارپرێس: هەموو لایەنەکان دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن

ڕاپۆرت

29/04/2024‌ 806 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس-کەنداڵ جودی:

ڕوکەن مەلا ئیبراهیم هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، ڕۆژی 30ی ئایاری 2024 هەڵبژاردنی گشتی شارەوانییەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەچێت.

 هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کانتۆنەکانی (جزیرێ، فورات، ڕەقە، تەبقە، دێر زۆر، مەنبەج، شەهبا و عەفرین) لە هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت.

 بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتوون، لە ٧ کانتۆنی هەرێمەکەدا ١٢١ شارەوانیی هەن.

  ئەمە یەکەمجارە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەم سیستەمە نوێیە ئەنجام دەدرێت، واتە پێشتر شارەوانی سەر بە ئەنجوومەنی ئیداریی کانتۆنەکان بووە، بەڵام لە سیستمی نوێدا ئێستا شارەوانییەکان سەربەخۆن.

 سەبارەت بەو پرسە، شارپرێس دیدارێکی گرنگی لەگەڵ هاوسەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوکەن مەلا ئیبراهیم لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا.

 شارپرێس:  بۆچی ئەم هەڵبژاردنەی شارەوانییەکان ئەنجام دەدرێت؟
 ڕوکەن مەلا ئیبراهیم: وەک دەزانرێت لە 12ی کانونی یەکەمی 2023 گرێبەستی کۆمەڵایەتی پەسەند کرا و لەسەر ئاستی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندرا. 

 لەم ڕێکەوتنەدا گۆڕانکاری زۆر کرا و چەندین دامەزراوەی نوێ هاتنە ناو ئەم ڕێکەوتنە.  ئەو گۆڕانکارییەی ڕوویدا لە شارەوانییەکانیشدا بوو، واتە شارەوانییەکان سەربەخۆ بوون.  بۆیە پێویستە ئەو شارەوانیانە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی گشتی دابمەزرێن، واتە هاوسەرۆکی شارەوانیەکان و ئەنجومەنەکانیان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دیاری بکرێن.  هەروەها ئەم شارەوانیانە لە ژێر ناوی یەکێتی شارەوانییەکان یەکگرتوون.  بۆیە بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی، ڕۆژی 28ی شوباتی 2024 کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دامەزرا.  

ئەم کۆمیسیۆنە لە ٢٠ کەس پێکدێت و ئەندامانی لە بەردەم مەجلیسی گشتی گەل سوێندیان خوارد و دواتر هاوسەرۆکان هەڵبژێردران و سیستمەکەیان دامەزرا.  

پاشان، کۆمیسیۆن لە ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٤، ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤، وەک وادەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ڕاگەیاند.

 شارپرێس: میکانیزمی ئەم هەڵبژاردنانە چۆن دەبێت؟
ڕوکەن مەلا ئیبراهیم: هەموو کەسێک دەتوانێت لەو هەڵبژاردنانەدا بەشداری بکات، واتە هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی ناویان لە خۆبەڕێوەبەرایەتی تۆمار کردووە، دەتوانن بەشداری هەڵبژاردن بکەن، جا هەڵبژاردنی هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان بێت یان هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان.  جگە لەوەش لایەنە سیاسییەکان دەتوانن وەک حیزبێک بەشداری بکەن ئەگەر بیانەوێت، یان هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە دروست بکەن و کاندیدەکانیان بخەنەڕوو.

  لەهەمانکاتدا کەسانی سەربەخۆ دەتوانن بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا بکەن و بەپێی یاسای هەڵبژاردن کاندید بن.  دەرگاکانمان کراوەیە بۆ هەر کەسێک کە بتوانێت بێت و کاندید بێت.

 شارپرێس: گوتتان کە بۆ هاوسەرۆکانی شارەوانیەکان و بۆ ئەنجومەنی شارەوانیەکان هەیە، ئایا ئەم دوو هەڵبژاردنە لە ٣٠ی ئایاردا ئەنجام دەدرێن، یان ئەم هەڵبژاردنانە لە ڕۆژانی دواتر ئەنجام دەدرێن؟

ڕوکەن مەلا ئیبراهیم : ڕۆژی 30ی ئایار هەڵبژاردنی گشتی شارەوانی دەبێت، واتە هەڵبژاردن بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانی دەبێت.  هەروەها ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەر هەرێمێک یان شارۆچکەیەک یان شارێک گۆڕانکاری بەسەردا دێت. 
 هاوکات لە هەڵبژاردندا یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا هەیە، واتە دەبێت ژمارەکە نیوە بۆ نیوە بێت.  بەشێوەیەکی گشتی لە ٣٠ی ئایاردا دوو لیست دەبێت، یەکێکیان بۆ هەڵبژاردنی هاوسەرۆکان و یەکێکیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانی.

 شارپرێس: دەرگاتان کردۆتەوە بۆ ئەوەی کاندیدەکان بەڵگەنامەکانیان پێشکەش بکەن؟
ڕوکەن مەلا ئیبراهیم : نەخێر تا ئێستا نەمانکردۆتەوە، بەڵام تەماشای ئەوە دەکەین کە پارتە سیاسییەکان هاوپەیمانی دروست دەکەن و پێش هەڵبژاردن لە شارەکان خۆڕێکدەخەن.  بۆیە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە فەرمی دەرگای بەرنامەکە بەڕووی هەموو لایەکدا دەکەینەوە.


شارپرێس: بانگهێشتنامەتان بۆ لایەنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان ناردووە بۆ ئەوەی بێنە ڕۆژئاوای کوردستان و چاودێری هەڵبژاردن بکەن، لەم چوارچێوەیەدا چ کارێکتان کردووە؟

 ڕوکەن مەلا ئیبراهیم: بەڵێ ڕاستە، ماوەیەک لەمەوبەر هەندێک کۆبوونەوە لەو چوارچێوەیەدا هەبوون، هەندێک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیان کرد لە ڕۆژاڤای کوردستان.  بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین بێن و بەدواداچوون بۆ هەڵبژاردنەکان بکەن، چ لە وڵاتانی دەرەوە و چ لە ناوخۆ.  جگە لەوەش ئاگادارمان کردنەوە کە دوای چاودێریکردنی هەڵبژاردن دەتوانن لێدوان یان ڕاپۆرت لەسەر ئەو هەڵبژاردنانە بدەن و ئەگەر هەر هەڵەیەک یان سەرپێچییەک هەبوو دەتوانن زانیاریمان پێ بدەن و بیدەن بە ڕای گشتی. 

 لەو چوارچێوەیەدا ڕێکخراوێکی ئەڵمانی سەردانی ئێمەی کرد و پرسیاری قووڵی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان کرد و ویستیان دۆخەکە بزانن و ئێمەش وەڵاممان دایەوە.  بۆیە ئەم ڕێکخراوە ئەڵمانییە پێیان ڕاگەیاندین کە چاودێری ئەم هەڵبژاردنانە دەکەن و ئەوانیش ڕایانگەیاند ڕێکخراوەکانی تر ئاگادار دەکەینەوە کە بێن چاودێری ئەم هەڵبژاردنانە بکەن و ئێمەش پێمان ڕاگەیاندن کە هیچ کێشەیەک نییە.