لە ماوەی دوو رۆژدا پێنج كەس لەسێدارەدران و ئەگەری لەسێدارەدانی دوو كەسی دیكەش هەیە

کوردستان

29/04/2024‌ 186 جار خوێندراوه‌ته‌وه



سزای سێدارەی سێ بەندكراو بە ناوەكانی سوهراب حەكیم ئاباد، ئەمیر موحەڕڕەمی و داوود نامیاری لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری تەورێز جێبەجێكرا. ئەم بەندكراوانە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە سزای سێدارەی سێ بەندكراوی خەڵكی تەورێز بە ناوەكانی ئەمیر موحەڕڕەمی، تەمەن ٣٦ ساڵ، داوود نامیاری، تەمەن ٣٣ ساڵ و سوهراب حەكیم ئاباد، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری تەورێز جێبەجێكرا.

هاوكات بەرەبەیانی یەكشەممە سزای سێدارەی لانی كەم بەندكراوێكی بەلووچ بە ناوی ڕاشد بەلووچ ٣٥ ساڵان و خەڵكی شاری سەراوان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە بەندیخانەی ناوەندی بەندەر عەباس جێبەجێكرا.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە سزای سێدارەی ئیرەج سەنەمبەری تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵكی ئەراك، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراك جێبەجێكرا.

رێكخراوەكە، ئاشكراشیكردووە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە لانی كەم دوو بەندكراوی خەڵكی شاری كۆیەشت بە ناوەكانی مەجید بەراتی تەمەن ٣٤ ساڵ و فەرزاد گەڕاوەند، بەمەبەستی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژووری تاكە كەسی گواستراونەتەوە و ئەگەری جێبەجێ كردنی سزای لەسێدارەدانیان لە چەند ڕۆژی داهاتوو دا زۆرە.