شارپرێس:
حکومەتی بەریتانیا ههواڵێكى ناخۆشى بۆ ئهوكهسانه پێیه كه بهڕێگهى نایاسایی توانیویانه خۆیان بگهیهننه ئهو وڵاتهو لهنوێترین پێشهاتیشدا ڕایدهگهیهنێت، "تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لەپێنج هەزار پەنابەر ڕەوانەی ڕواندا دەکەین".
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى حکومەتی بەریتانیا بڵاویكردووهتهوه، ئهو وڵاته پلانی ناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ وڵاتی ڕواندای ئەفریقا دهستپێدهكاتو بەگوێرەی پلانەکەش، پێشبینیدەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ، پێنج هەزارو 700 پەنابەر ڕەوانەی ڕواندا بکرێن.
ئهوهش هاتوه، پلانی ناردنی پەنابەران بەوە دەستپێدەکات هەر پەنابەرێک لەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەرێتییان ڕەتکرابێتەوەو ئامادەبن بەخواستی خۆیان بچنە ڕواندا، سێ هەزار پاوەندییان پێدەدرێت، بۆیه پێشبینیدەکرێت، لەماوەی 10 هەفتەی داهاتودا حکومەتی بەریتانیا دەست بەناردنی پەنابەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا بکات.
پلانی ڕوواندا کە لەنیسانی 2022 هاتە ئاراوە، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆى بەریتانیا کاری لەسەرکراوە، ڕێککەوتنێک بوو لەگەڵ حکومەتی ڕواندا، بەگوێرەی ڕێکەوتنەکەش، لەبەرامبەر وەرگرتنی ملیۆنان پاوەندی بەریتانی، ڕواندا ئامادەیی خۆی نیشانداوه لەوەرگرتنی کۆچبەرانو پهنابهرانى نایاسایی.
لەحوزەیرانی ئهمساڵیشدا، دادگای تێهەڵچونەوەی بەریتانیا بەزۆرینەی دەنگ ڕەوانەکردنی کۆچبەرانو پهنابهرانى نایاسایی لەبەریتانیاوە بۆ ڕواندا بە"نایاسایی" ناساندو ڕایگەیاند، "ڕواندا وەکو وڵاتی سێیەم بۆ کۆچبەران سەلامەت نییە".
بهگوێرهى وتهى دادوهران، "کەموکوڕییەکانی سیستمی پەنابەریی ڕواندا دەبێتە هۆی ئەوەی هەر کۆچبەرێک کە لەبەریتانیاوە ڕەوانەی ڕواندا بکرێت، دەنێردرێتەوە بۆ وڵاتی خۆییو لەوێ ڕوبەڕوی گۆشەگیرییو مامەڵەی نامرۆڤانە دەبێتەوە".
ناردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا، بەوتەی دادوەرەکانی دادگای تێهەڵچونەوەی بەریتانیا، پێشێلکردنی بڕگەی 3ی یاسای مافی مرۆڤی ئەوروپییە، کە ئاماژە بەوەدەکات، "نابێت هیچ کەسێک ئەشکەنجە بدرێتو ڕوبەڕوی مامەڵەی نامرۆڤانە ببێتەوە".
هاوکات، حکومەتی ڕواندا لەڕاگەیهندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "سەرەڕای بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچونەوەی بەریتانیا، ئێمە پابەندین بەڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا". بەگوێرهى ڕێککەوتنەکە؛ دەبوایە بەریتانیا کۆچبەران بنێرێتە ڕوانداو لەبەرامبەریشدا ئەو وڵاتە 140 ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی لەلەندەن وەربگرێت، بەڵام دوای مانگێک، لەتەمموزی 2023، پەرلەمانی بەریتانیا بەزۆرینەی دەنگ، یاسای پەیوەست بەکۆچی نایاسایی پەسەندکرد، بەوپێیەش، لەئێستا بەدواوە، هەرکەسێک بەبەلەمو بەڕێگەی نایاساییو قاچاخ پێ بنێتە نێو خاکی بەریتانیا، لەمافی پەنابەرێتی بێبەشدەکرێتو دیپۆرتدەکرێتەوە.
میدیای بەریتانیا دەڵێت، "ساڵی 2023 زیاتر لە 27 هەزار کۆچبەر بەڕێگەی "بەلەمو بارهەڵگر، "چونەتە ناو خاکی بەریتانیاوهو ئیدارەی ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانیش پێیوایە چونى ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران، بارگرانییەکی زۆر دەخاتەسەر حکومەت بۆ نیشتەجێکردنو حەواندنەوەی ئەو هەموو خەڵکە"، هەروەها، بەگوێرهى چەند سەرچاوەیەکی خۆجێیی، ئیدارەی سوناک پێیوایە، ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێبکەن، سوناک لەهەڵبژاردنی داهاتودا پێگەی خۆی قایمتر دەکات".
لهو یاسایهدا، هەموو ئەوکەسانەی بەشێوەیەکی "نایاسایی" بۆ بەریتانیا کۆچدەکەن، دیپۆرتی وڵاتێکی "ئارام"ی سێیەمی وەکو ڕواندا دەکرێن بۆ ئەوەی ڕێگە لەپەنابەری نایاسایی بگرن.