نەتەوەیەکگرتوەکان: قەبارەی وێرانکارییەکانی غەززە لەئۆکرانیا گەورەترە

جیهان

02/05/2024‌ 862 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مونگۆ بیرچ، بەرپرسی دەزگای چالاکی مین لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەغەززە، لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەجنێڤ رایگەیاند، قەبارەی ئەو داروپەردوو و پاشماوەیەی جەنگ لە غەززە کە دەبێت لاببردێت، لە ئۆکرانیا گەورەترە.


ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەک وتویەتی: “بۆ ئەوەی تێبگەین کە ئەمە چەندە گەورەیە، دەبێت بزانین کە بەرەی شەڕ لە ئۆکرانیا 600 میلە (نزیکەی هەزار کیلۆمەتر) لەکاتێکدا درێژیی غەززە تەنها 25 میلە ” نزیکەی 40 کیلۆمەتر) و هەمووی بەرەی شەڕە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە کێشەکە تەنها بە 37 ملیۆن تۆن پاشماوە و داروپەردوودا نییە، واتە 300 کیلۆگرام لە هەر مەتر چوارگۆشەیەکدا، ئەوەش بەپێی خەمڵاندنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا، بەوپێیەی پێدەچێت ئەم داروپەردووانە ژمارەیەکی زۆر بۆمبی نەتەقینەوەیان تێدابێت ، و پاککردنەوەیان سەختتر دەبێت، ئەویش بەهۆی ئەو مەترسیانەی لەناو داروپەردووەکاندا هەن" .

وتیشی:"ئێمە مەزەندە دەکەین تەنها لە داروپەردووی غەززە زیاتر لە 800 هەزار تۆن ئاسبێستۆس هەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم مادەیە کە مەترسیدارە بۆ تەندرووستیی، بۆیە پێویستی بە خۆپارێزی تایبەت هەیە".

دەشڵێت:"سەبارەت بە دابینکردنی بودجە، خزمەتگوزاری چالاکیی مین لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێنج ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە، بەڵام "بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانیان لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا، پێویستیان بە 40 ملیۆن دۆلاری دیکەیە، هەروەک لەداهاتووشدا بۆئەوەی غەززە شیاوی نیشتەجێبوونی دانیشتووان بێت، پێویستیان بە سەدان ملیۆن دۆلار هەیە".