لە عێراق 90%ی كرێكاران گەرەنتی نەكراون

عیراق

02/05/2024‌ 81 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لە عێراق ١٢ ملیۆن كەسی تێدایە كە تەمەنی كاركردنیان هەیە، كە ٤ ملیۆن فەرمانبەر و ٦ ملیۆن كرێكاری كەرتی تایبەت و دوو ملیۆن كەسی بێكارن.

بەگوێرەی ماڵپەڕی سۆمەریەنیوز، لە كۆی ٦ ملیۆن كرێكار، تەنها ٦٠٠ هەزار كرێكاری گەرەنتی كراو هەیە، واتە شایستەی مووچەی خانەنشینین، واتە ڕێژەی سەدی ئەوان تەنها ١٠٪ یە و ٩٠٪ی دیكەش هیچ ئایندە و گەرەنتییەكیان نییە.

جگە لەوەش نزیكەی ملیۆنێك كرێكاری بیانی هەیە كە كێبڕكێی كرێكارانی عێراقی دەكەن، لە كاتێكدا كرێكارانی عێراق بەدەست نەبوونی پشوو و مۆڵەتەوە  دەناڵێنن، بوونی كەمترین مووچە لەو كارگە و كۆمپانیا و دامەزراوانەی كە كاریان تێدا دەكەن ، نەبوونی كاتێكی دیاریكراو و هەندێكجار كاتی كاركردنیان بۆ زیاتر لە 10 بۆ 12 كاتژمێر درێژ دەبێتەوە.

هەروەها نەبوونی پێشكەوتنی كار و زیادبوونی ساڵانە، هیچ پێوەرێكی ڕوون نییە كە مافەكانی كرێكار دیاری بكات بۆ نمونە لە ئەگەری ئەوەی تووشی برینداربوون بێت لە شوێنی كارەكەی ‌و ڕێگری بكات لە دووبارە گەڕانەوەی بۆ سەر كار، نەبوونی مافی گەرەنتی منداڵ و خێزانەكەی لە ئەگەری مردنی لەناكاودا، بە پێچەوانەی ئەو فەرمانبەرە حكومییەی كە منداڵ و خێزانەكەی دوای مردنی كەسەكە مووچەكەی بە میرات وەردەگرن.

دەیان و سەدان ماف و ئیمتیاز هەیە كە لە كرێكاران و كارمەندانی كەرتی تایبەتدا نییە، بە پێچەوانەوە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی حكومەت لێیان بەهرەمەندن.