لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا قەیرانی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک یەکلایی دەکرێتەوە

کوردستان

07/05/2024‌ 367 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سیاسیی کوردی کە پشتی بە زانیاریی نیمچە پشتراستکراوە بەستووە، لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک یەکلایی دەکرێتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە کە سەردانەکەی ئەمدواییەی بافڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا کاریگەریی ئەرێنیی هەبووە لەسەر گەیشتن بە چارەسەرێک کە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک پێی رازی بن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە قسەی بۆ پێگەی "مەعلوومە" کردووە، دوای سەردانەکەی ئەمدواییەی پافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و سەرکردە سیاسییە عێراقییەکانی تر، قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی  لەپارێزگای کەرکووک لەچارەسەر نزیکبۆتەوە.

ئەوەش هاتووە: هێزە سیاسییەکانی پارێزگاکە گەیشتوونەتە نیمچە ڕێککەوتنێک، بەڵام هێشتا ڕێککەوتنەکە پەیوەستە بە کۆمەڵێک دۆسیەی سیاسیی ترەوە کە ناکۆکیان لەسەرە و یەکلایی نەکراونەتەوە، وەک دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەڕلەمان و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای دیالە.

بەوتەی سەرچاوەکە، نزیکترین ڕێگەچارەسەر بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بریتییە لە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار بۆماوەی دووساڵ لەنێوان سی پێکهاتە سەرەکییەکە، بەڵام هێشتا ناکۆکی لەسەر ئەوە هەیە کە کێ دوو ساڵی یەکەمی پۆستەکە وەردەگرێت.

بەپەلە