بەرەی گەل: پارتی و یەکێتی پێکەوە هەڵبژادنیان پەکخست

کوردستان

07/05/2024‌ 830 جار خوێندراوه‌ته‌وه



وتەبێژێک بەناوی بەرەی گەلەوە دەڵێت یەکێتی و پارتی بەڕێککەوتن هەڵبژاردنیان دواخستووە.

وتەبێژەکە دەشڵێت، دیسانەوەو بەبیانوی داتاشراو و ئامادەکراوەوە، دوای چەند جارێک لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی،  دوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان ئەمجارەش بە شێوازێکی تر و لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە،  بون بە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.

بەناوی پەروەردگاری گەورە و میهرەبان
هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان
دیسانەوەو بەبیانوی داتاشراو و ئامادەکراوەوە، دوای چەند جارێک لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی،  دوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان ئەمجارەش بە شێوازێکی تر و لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە،  بون بە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا. ئەم دوو حزبە چەند ساڵێکە بەبێ هیچ هۆکارێکی قانونی، چەندین کۆسپیی نا قانونیان لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست کردوە. ئەوان بەبێ بوونی هیچ کێشەو بیانویەک، بە دەنگی هەشتاو پێنج پەرلەمانتاری دوو حزب و هاوپەیمانەکانیان ، تەمەنی پەرلەمانیان درێژ کردەوە، تەنانەت لەو ماوە ناقانونیەشدا، دەستیان بۆ هیچ یەکێک لە مەلەفە گرنگەکانی رێخۆشکەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەک یاسای هەلبژاردن و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نەبرد. دواتر کە دادگای فیدراڵی ئەم هەنگاوە ناقانونیەی هەڵوەشاندەوە،  کەوتنە داڕشتنی سیناریۆی تر بۆ خۆڵکردنە چاوی جەماوەر و پەکخستنی ئەم دەزگا گرنگە، بەتایبەت لە دوای هەڵکشانی ناڕەزایەتی و رەخنەو لە روو وەستانەوەی جەماوەر بۆ سیاسەتە شکستخواردوەکانی دوو حزب و دەسەڵاتەکەیان.
لێرەدا دەبێ بپرسین لەماوەی شەرعی پەرلەماندا، واتە لەو چوار ساڵەدا، چ رێگریەک لەبەردەم پەرلەمان و دوو حزبدا هەبوو کە نەتوانن پیاچونەوە بە یاسای هەڵبژاردن بکەن، ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکەن، کۆمسیۆن نوێ بکەنەوە؟
 بەڵام لەراستیدا نە ئەوکات و نەئێستاش هیچ بیانویەکی ئسوڵی و هۆکارێکی قانونی بۆ ئەو پەکخستنەی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن نەبوەو نیە، جگە لە هۆکارێکی سەرەکی کەئەویش ئەوەیە ئەم دوو حزبە جارێکی تر ئەو راستیەیان بۆ دووپاتکردینەوە کە نەبڕوایان بە دەستاودەستی دەسەڵات هەیە، نە هێزی دیموکرات و مەدەنین، نە رێزیش لە ویست و ئیرادەی جەماوەر ئەگرن.
هاولاتیانی خۆڕاگری کوردستان
ئێمە وەک (بەرەی گەل)، پارتی و یەکێتی بە بەرپرسیاری یەکەمی ئەم دواخستن و ئەم بۆشاییە تەشریعیەی کوردستان دەزانین،  جەماوەریش لەوە دڵنیا ئەکەینەوە کە ئەم هەنگاوانە بە هەماهەنگی و راوێژ و رێکەوتنی هەردوولا کراوەو دەکرێت. ئەم دەسەڵاتە تەنها کاتێک هەڵبژاردنی ئەوێت کە پێگەی خۆی بە ناقانونی و بەدەر لە ئیرادەو دەنگی خەڵک بسەپێنێت و جۆرێک لە دیزاینی پێشەوختەی بکات بەو جۆرەی هەژمونی پڕ لە پاوانخوازی خۆی بەسەر کۆمەڵگاوە بهێڵێتەوە.
 ئەم دوو حزبە کە ساڵانێکە لەئاست داخوازیەکانی میللەت و بەتایبەت موچەخۆران دەست لەسەر ئەژنۆ داماون و رۆژانە بە چەندین لێدوانی توندەوە خەڵکی سەرقاڵی یارییەکان و پەردەپۆش کردنی کێشەکان ئەکەن، کەچی لەپرسی دواخستنی هەڵبژاردندا هەمیشە هەمئاهەنگ و هاوئاواز و تەواوکەری ویستی یەکتری بوون.
ئێمە پێمان وایە ئەم هەنگاوانە کە هەموی هۆکارن بۆ پەخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، جگە لە راکردن لە ئیرادەو ویست و داوای خەڵکی، هیچی تر نیەو ئاماژەیەکی ترە بۆ لاوازی و بێتوانایی ئەم دەسەڵاتە لە ئیدارەدانی کۆمەڵگاو بەدیهێنانی ئیستحقاقە قانونیەکان. ئەم دواخستنەی ئەمجارەش گورزێکی کوشندەیە لە دیموکراسی و مافی نوێنەرایەتی کردن و، کۆتایی بە هەموو جۆرە شەرعییەتی حکومەتەکەیان دەهێنێت و هۆکارێکی تر ئەبێت بۆ لاوازکردنی هەرێم و دامودەزگاکانی.
دواجاریش لەم دۆخە خراپ و ناهەموارەی کە دوو حزب بە رێکەوتنی پێشوەختە ماوەیەکە سەرقاڵی دیزاین کردنین،  دڵنیاین روناکی راستیەکی حاشاهەڵنەگر ئەدرەوشێتەوە، کە ئەویش ئەوەیە دەسەڵات و هەژمونی  دوو حزب بەرەو لاوازی و نابوتی ئەڕوات. ئەوان چیتر ناتوانن بە غرور و لوتبەرزی جارانەوە مامەڵە بکەن، بەڵکو بێ سڵەمینەوەو شەرمکردن  پەنا بۆ هەموو شێوازێک ئەبەن بۆ راکردن لە روبەڕوبونەوەی میللەت و ئیرادەی کۆمەڵگا بۆ ژیانێکی جیاوازتر و باشتر و کۆتایی هێنان بە قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم دەسەڵاتە.
ئێمە لە (بەرەی گەل)، سەرباری ئەوەی سەرجەم هەنگاوەکانی پەکخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە سیناریۆ و دەستێکەڵی هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی بەهەنگاوێکی ناقانونی و کارێکی دزێوی ئەزانین، لەهەمان کاتدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ئەمان چیتر ناتوانن تاسەر رێگری بکەن، بەدڵنیاییەوە لە ژێر فشاری هێزە سیاسیەکانی کوردستان و کۆمەڵگای مەدەنی و ئازادیخوازان و رێکخراوەکان ناچار بە خواردنی ئەو ژەهرە دەکرێن. ئایندەش هەر بۆ نیشتمان و گەلە ئازیزە سەربەرزەکەمانە.

وتەبێژێک لە بەرەی گەلەوە

بەپەلە