عێراق بڕیارێك له‌باره‌ى كاره‌باوه‌ ده‌دات

عیراق

09/05/2024‌ 1353 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شاپرێس:

عێراق بڕیارێك له‌باره‌ى كاره‌باوه‌ ده‌دات‌و لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنانی عێراق بەسەرۆکایەتی محەممەد شیاع سودانی کۆبونه‌وه‌ى خۆى ئه‌نجامداو بڕیاردرا به‌بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عێراقی لەگەڵ سعودیە.


له‌ڕاگەیەندراوێكى نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەحەوتەمین کۆبونەوەکەی لیژنەی باڵای ئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنانی عێراق، پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عێراقی لەگەڵ  سعودیە پەسەندکراوە، هەروا پڕۆژەی کێڵگەی گازی تاجی‌و پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەوزەی خۆر لەپارێزگای بابل‌و پڕۆژەی دروستکردنی دوو نەخۆشخانەو شارێکی پیشەسازی لەبەسرەو چەند پڕۆژەیەکی دیکەش پەسەندکراون.

ڕێککەوتننامەی تایبەت بەبەستنەوەی تۆڕەکانی کارەبا لە 25ی کانونی دوەمی 2022، لەنێوان عێراق‌و سعودیە مۆرکراو پێشتر وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاویکردبوەوە، یەكەم ھێڵی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ سعودیە ئاراستەی بەرەو بەسرە دەبێت‌و نزیكەی 500 مێگاوات كارەبا دابیندەكات، ھێڵی دوەم بەرەو پارێزگای سەماوە دەبێت بەنزیكەی 300 مێگاوات كارەبا دابیندەکات‌و ئامانجی وەزارەتەکە لەو پڕۆژەیە دابینکردنی هەزار مێگاوات کارەبایە لەوێستگەی کارەبای عەرعەری سنورییەوە.

پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕەکانی کارەبای عێراق بەوڵاتانی کەنداو، 280 ملیۆن دۆلار تێچوەکەیەتی‌و لەلایەن کوه‌یت‌و قەتەریشەوە پشتیوانی دارایی دەکرێت‌و تێچوی عێراق لەکڕینی گاز بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، کەمدەکاتەوە.

بەپەلە