قوباد تاڵەبانی: دواخستنی هەڵبژاردن زیانی گەورە بە پێگەی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت

کوردستان

09/05/2024‌ 354 جار خوێندراوه‌ته‌وه



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق نیگەرانی خۆی لە هەوڵەکان بۆ  پەکخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەربڕی و رایگەیاند دواخستن و پەکخستنی هەڵبژاردن زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێم و دامەزراوەکانی دەگەیەنێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک، لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە ( ٩ی ئایاری ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، پێشتر هۆشداریمان دابوو کە هەر هەنگاو و هەوڵێک بۆ دواخستن یان پەکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن زیان بە پێگەی هەرێم و شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت. وتیشی پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و داهاتووی هەرێم و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان لە چارەنووسێکی نادیاردا نەهێڵدرێتەوە.

هەروەها جەختیشی کردەوە کە هەڵوێستیان سەبارەت بە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ڕوونە و لە نیگەرانیانەوە بەرامبەر بە داهاتووی هەرێم سەرچاوەی گرتووە.