هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ناکرێت

عیراق

09/05/2024‌ 303 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەسەڵاتدار لە عێراق، كۆدەنگیی سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی لە وڵاتدا لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ئاشكرا كرد، ئەمەش بە واتای نەمانی بیرۆكەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵاتدا كە لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕێككەوتنی لەسەر كرا، پێش پێكهێنانی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی دوای كشانەوەی  سەدر لە پرۆسەی سیاسی.

 كشانەوەی "ڕەوتی سەدر" لەو كاتەدا وەك ناڕەزایەتییەك بوو بەرامبەر بە بێبەشكردنی لە پێكهێنانی حكومەت سەرەڕای ئەوەی كە  براوەی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ٢٠٢١ بوو، پێش ئەوەی "چوارچێوەی هەماهەنگی" حكومەتی سودان پێكبهێنێت.

بەرنامەی حكومەتی سودانی چەندین بڕگەی لەخۆگرتبوو، كە هەندێكیان تیشكیان خستە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەكی بەربڵاو بەگوێرەی ئەو متمانە پەرلەمانیەی بەدەستهێنا لە مانگی تشرینی یەكەمی 2022.

 داواكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێكبوو لە دیارترین داواكارییەكانی "ڕەوتی سەدر" بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، كە پێش پێكهێنانی حكومەتی سودانی داوای كردبوو.

 سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی حەسەن فەدام، بە عەرەبی جەدید-ی ڕاگەیاند، “هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ ئەنجام دەدرێت، نزیكەی دوو مانگ پێش كۆتایی هاتنی خولی ئەنجومەنی نوێنەران، ئێمەش لە ئێستادا هیچ پاساوێك نابینن بۆ ئەوەی لە ژێر ڕۆشنایی سەقامگیریدا بەرەو هیچ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بڕۆین”.

 فەدام گوتیشی: هیچ نیازێك نییە بچین بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەك لە كاتی كۆبوونەوەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت یان تەنانەت كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا نەخراوەتەڕوو.

 ناوبراو جەختی لەوە كردەوە كە تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك نییە لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای ئێستای هەڵبژاردن، لەوانەش پرسی زیادكردنی بڕگەیەك كە ڕێگری لە كاندیدكردنی هەڵگرانی پۆستە باڵاكانی ولاتەكە دەكات، لەوانە سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان و ئەوانی تر، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان.