شارپرێس:
سەربەست باپیری، بەرپرسی پێشووی لقی پارتی لەشنگال، دوای 19 مانگ سەردانی مەسعود بارزانی كردو راشیگەیاند "هەموو شتێكی سەبارەت بەكەوتنی شنگال بۆ بارزانی باسكردووە".
داعش لە 3/8/2014 قەزای شنگالو چەند ناوچەیەكی دەوروبەری داگیركرد، هەرزوو پەنجەی تۆمەت بۆ بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەناوچەكە درێژكراو بەهۆكاری كەوتنی شنگال تۆمەتباركران، بۆیە بەماوەیەكی كەم دوای داگیركردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، پارتی بەرپرسی لقەكەی لەشنگال كە سەربەست بابیری بوو، لەگەڵ چەند بەرپرسێكی دیكەی سەربازیو ئەمنی لەپۆستەكانیان لادا.
بەپێی راپۆرتێكی هەفتەنامەی رووداو، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی بەدواداچوونی لەهۆكاری كەوتنی شنگال پێكهێنابوو، تائێستاش ئەو لیژنەیە یەك بڕیاری دەرنەكردووەو كەسیشی لەسەر شنگال سزا نەداوە.
دوای پێكهێنانی لیژنەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، هەر یەك لەسەربەست بابیری، بەرپرسی لقی پارتی لەشنگال پێش هاتنی داعش، شەوكەوت كانیكی، بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگالو سەعید كێستەیی، فەرماندەی زێرەڤانی لەشنگال بۆ ماوەیەك لەپیرمام خرانە ژێر چاودێری، بەڵام دواتر گەڕانەوە نێو خێزانەكانیان.
دوای نزیكەی 20 مانگ بەسەر ئەو رووداوەدا، رۆژی 3/2/2016 سەربەست بابیری لەمیحوەری زوممار سەردانی مەسعود بارزانی كردووە، كە ناوبراو پشتڕاستی كردەوە چاوی بەبارزانی كەوتووە، بەڵام ئامادە نەبوو باسی نێوەڕۆكی دانیشتنەكەی لەگەڵ بارزانی بكاتو تەنیا باسی لەوە كردووە، "ئەوەی پەیوەست بوو بەكەوتنی شنگال و 19 مانگە لەدڵی خۆمدا هەڵمگرتبوو، هەموویم بەوردەكاریو زۆر بەڕاشكاوییەوە لەماوەی 20 خولەكدا بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد".
سەربەست بابیری باسی هۆكاری كەوتنی شنگال لەسەر دەستی داعش كردووەو راشیگەیاندووە "بارزانیش هاوڕابوو لەسەرئەوەی لەكاتێكدا پشتی شنگال، كە دەڤەری زوممارە، بەدرێژایی 115 كیلۆمەتر كەوتە دەستی داعش، ئیدی ئۆتۆماتیكی شنگالیش دەكەوێت".
سەبارەت بەو تۆمەتانەی، كە ئاراستەی ئەو كراون لەسەر كەوتنی شنگال، سەربەست بابیری بەرپرسی پێشووی لقی شنگالی پارتی دەڵێت: راستە من كەسی یەكەمی پارتی بووم لەشنگال، بەڵام هەرگیز نە ئەندامی میحوەرو نە بەرپرسی سەربازی بووم، بۆیە مافی ئەوەم نەبوو فەرمانی سەربازی دەربكەم.
ئەو سەردانەی بابیری بەوتەی خۆی لەسەر داوای بارزانی بووەو دەڵێت: دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال لەلایەن پێشمەرگەوە، بارزانی ویستبووی من ببینێ، بەڵام رێكنەكەوتبوو، كە راشیگەیاندووە "پێش ئەو سەردانە گوشارێكی دەروونی زۆرم لەسەر بوو، بەڵام كە بارزانیم بینیو هەموو شتێكم لەبارەی كەوتنی شنگال بۆ روونكردەوە، بۆچوونی لەسەر من گۆڕا".
هــ . ح
