هۆشداری دەداتە لایەنەكان
گۆڕان پێشنیاری ئۆپۆزسیۆن بۆ پارتی‌و یەكێتی دەكات

کوردستان

18/03/2016‌ 2000 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان پێشنیاری ئۆپۆزسیۆن بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات‌و هۆشداری دەدات بەوەی "دەنگی هاووڵاتیان بووەتە هێزی دووەم‌و لەهیچ كەس‌و لایەنێكی قبوڵ ناكات، بەرنامەو ئەجندای خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت".

شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ماوەیەكە ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی‌و پارتی‌، گۆڕان بە "هێزێكی عیناد تۆمەتباردەكەن‌و باشترە ببێتەوە بەئۆپۆزسیۆن". 

شۆرش حاجی هەروەها رایگەیاندووە حكومڕانی یەكێتی‌و پارتی، "شكستیهێناوە‌و لەبەرانبەر داواكارییەكەی ژمارەیەك لەبەرپرسانی یەكێتی‌و پارتی بۆ بوونی بزووتنەوەی گۆڕان بەئۆپۆزسیۆن، ئەوا گۆڕانیش بەوان دەڵێت: با یەكێتی‌و پارتی ببن بەئۆپۆزسیۆن‌و گۆڕان حكومڕانی هەرێم بكات".

وتەبێژی گۆڕان، باسی لەوەش كردووە، كە ئەگەر عینادی، سوربوونی گۆڕان بێت لەسەر سەروەریی یاساو گەڕاندنەوەی شەرعییەت بۆ دامودەزگاكان‌و گوێگرتن لەداواكارییەكانی هاوڵاتیان‌و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی، بەڵێ بەشانازیەوە بزووتنەوەی گۆڕان عینادە".

وتەبێژەكەی بزووتنەوەی گۆڕان، هەروەها جەختیكردووەتەوە، كە ئەوان بەدەنگی هاووڵاتیان بوونەتە هێزی دووەم، بۆیە لەهیچ كەس‌و لایەنێكی قبوڵناكەن بەرنامەو ئەجندای خۆی‌ بەسەر گۆڕاندا بسەپێنێت".

بەوتەی شۆڕش حاجی، دوای 24 ساڵ حكومڕانی، یەكێتی‌و پارتی هەرێمی كوردستانیان بەم دۆخەی ئەمڕۆ گەیاند، كە بە ئاشكرا یاسا پێشێلدەكرێت‌و دامودەزگا شەرعییەكان ئیفلیجدەكرێن‌و رۆژ بەرۆژ بەرپرسە باڵاكان دەوڵەمەندترو هاووڵاتیانیش هەژارتر دەبن". 

هــ . ح