نوێنه‌ری ئه‌رمه‌نه‌كان: توركیا به‌ راگرتنی نه‌وت كۆسپ بۆ راپرسیه‌كه‌ی هه‌رێم دروستده‌كات

عیراق

23/03/2016‌ 835 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌نێت هه‌ركات هه‌رێم باس له‌ سه‌ربه‌خۆیی ‌و راپرسی ده‌كات توركیا كۆسپ له‌به‌رده‌م هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ به‌نده‌ری جیهان دروستده‌كات.

یروانت نیسان ماركۆس، نوێنه‌ری ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌نێت كه‌ توركیا به‌ مه‌به‌ست گرفت بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم دروستده‌كات، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌ كه‌ راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت كێشه‌ی ئابوری هه‌رێم قوڵتر ده‌كات.

به‌ گوێره‌ی زانیاریه‌كان توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی له‌ ڕێی به‌نده‌ری جیهانه‌وه‌ راگرت به‌ پاساوی رودانی دزیكردن له‌ بۆریه‌ نه‌وته‌كان.

له‌و باره‌وه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ بۆ یه‌كێك له‌ میدیاكانی عێراق ده‌ڵێت پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ خاكی توركیادا پاراستنی له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی ئه‌و توركیایه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وهش‌ پارهی خۆی‌ وه‌رده‌گرێت.

یروانت توركیا به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ هه‌ركاتێك هه‌رێمی كوردستان باس له‌ راپرسی و سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات راسته‌وخۆ توركیا كێشه‌ بۆ نه‌وتی هه‌رێم و هه‌نارده‌كردنی له‌ به‌نده‌ری جیهانی توركیه‌وه‌ دروستده‌كات.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات "توركیا به‌و كاره‌ی مه‌به‌ستی كۆسپ دروستكردنه‌ له‌ به‌رده‌م راپرسی به‌ هۆی ئه‌وه‌ی خراپی ئابووری كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌نگدانه‌كه ده‌بێت‌.

هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێی به‌نده‌ری جیهانه‌وه رۆژانه‌ 600 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات‌، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی دوو مانگدا ئه‌مه‌ دووه‌مجاره‌ هه‌نارده‌كردنی راده‌گیرێت، جاری پێشوو توركیا په‌كه‌كه‌ی به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ بۆریه‌ نه‌وته‌كه‌ی ته‌قاندۆته‌وه‌، په‌كه‌كه‌ش تۆمه‌ته‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

د.ح