شارپرێس:
ئەنجوومەنی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا كار بۆ رێكخستنەوەی هێزەكانی بكات.
كەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت، ئەمڕۆ دوو شەممە لەگەڵ ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتو شێخ جەعفەر مستەفا لێپرسراوی هێزەكانی حەفتاو فەریق شێروان لێپرسراوی هێزەكانی هەشتاو فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیو فەریق جەمال محەمەد سەرۆكی ئەركانو ژمارەیەك لەئەفسەرو پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوونەوەی باڵای ئەنجوومەنی وەزارەتی بەڕێوەبردووە.
بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، لەو كۆبوونەوەیەدا بەوەردی باس لەمیكانیزمو پلانە نوێكانی وەزارەتی پێشمەرگە كرا، بۆ دووبارە رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو یەكخستنییان.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تیشكخرایە سەر پێویستیو كەموكوڕییەكانی یەكەكانی وەزارەت، بۆ ئەم مەبەستەش تێبینیو پێشنیارەكان خرانەڕوو بۆ زیاتر چوونەپێشی ئەركو فەرمانە سەربازییەكان لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا.
ئەنجوومەنی وەزارەت هەروەها بڕیاریدا چەند لیژنەیەكی پەیوەندیدار پێكبهێنرێتو لەڕێگەی لیژنەكانەوە زیاتر وردبینی بۆ بابەتەكان بكرێتو بەشێوەیەكی خێرا كار بۆ باشتركردنی بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە بكرێت.
هــ . ح
