هەرێمی رۆژئاوای كوردستان
هەرێمێكی دەوڵەمەند‌و ژمارەیەكی قورس

کوردستان

11/04/2016‌ 3105 جار خوێندراوه‌ته‌وه

راپۆرتی: شار
گۆڕانكارییە خێراكانی سوریا بەو ئاراستەیە دەڕوات كورد لەو وڵاتەش ببێتە ژمارەیەكی گەورەتر، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی كوردستانی سوریا راگەیەنرا.

لەسەرەتای نائارامییەكانی سوریاوە لەئازاری 2011 كورد بەستراتیژێكی جیاوازەوە رووبەرووی گۆڕانكارییەكانی ئەو وڵاتە بووەوە، لەكاتێكدا لایەنەكانی تر خەریكی شەڕو یەكتر كوشتن بوون، هێزە كوردییەكانی رۆژئاوا بەڕێبەرایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) سەرقاڵی خۆ سازان بوو بۆ ئیدارەدانی ناوچە كوردییەكان، كە شەڕێكی ئەو تۆیان بەخۆوە نەبینیبوو، لەوێشەوە وردە وردە شكڵی حوكمدارییەتی ئەو ناوچانە روون بووەوەو سەرەنجام راگەیاندنی كانتۆنەكانی لێكەوتەوە.

بەرگری كۆبانی سەرنجی هەموو زلێهێزەكانی دنیای بۆ رۆژئاوا راكێشا، بەو هێوەیەوە لەپاڵ فاكتەری یەكەمی حوكمڕانی كە ئیدارە دانە، فاكتەری دووهەمیشی بەدەستهێنا كە پشتیوانی نێودەوڵەتی‌و دانپیانانە.

ئەوەشمان لەبیر نەچێت ناوچە كوردییەكان بۆخۆیان فاكتەری سێیەمی حوكمڕانییەكی بەهێزیان تێدا مسۆگەرە، كە ئەویش ئابورییەكی بەهێزو زۆری سەرچاوە سروشتییەكانە.

ئەو ناوچەیەی، كە لەسوریا كوردی تێدا دەژی، عەمبارێكی گەورەی نەوتەو خاكێكی بەپیتی كشتوكاڵییەو سەرچاوەی ئەویشی زۆرە، هەموو ئەمانە پایەكانی ئابورییەكی بەهێزی بۆ دەستەبەر دەكەن.

بەپێی توێژینەوەیەك، كە كەناڵی "ئەلعەرەبیە" ئەنجامیداوە، لەپاش ئامادەكاری بۆ نوسینەوەی دەستورو گۆڕینی چەند یاسایەك‌و راگەیاندنی كانتۆنەكان، ئێستا راگەیاندنی هەرێمی رۆژئاوای كوردستان لەهەموو كاتێك زیاتر چانسی بەهێزبوونی هەیە.

خاكی هەرێمی كوردستانی رۆژئاوا دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا هاوشانی سنوری عێراق (هەرێمی كوردستان)‌و توركیا‌و شارەكانی (قامیشلۆ، حەسەكە، دێرك، عامودا، سەرێ كانی، سەرێ سپی، كۆبانێ، عەفرین) لەخۆدەگرێت.

رووبەری ناوچەكە نزیكەی (24) هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، واتە دوو هێندەی لوبنان، ژمارەی دانیشتوانەكەی (3.5) ملیۆن كەسەو نەتەوەی سەرەكی تێیاندا كوردە، لەپاش ئەوانەوە عەرەب‌و ئاشوری دێت.

عەمباری ئابووری
هەرێمی كوردستانی رۆژئاوا سامانێكی بەهێزی ئابوری هەیە، دەتوانێت رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت لەگەڵ رێژەیەكی لەرادەبەدەری غازی سروشتی كە لەرۆژێكدا توانای پڕكردنەوەی 16 هەزار بوتڵە غازی هەیە، بەرهەمی نەوتی خۆرئاوا زیاترە لەنیوەی كۆی بەرهەمی سەرجەم سوریا، چونكە سوریا بەگشتی دەتوانێت لەرۆژێكدا (380) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت.

لەپاڵ نەوتدا كشتوكاڵ سامانێكی لەبن نەهاتووە، كۆی رووبەری ئەو زەوییە بەپیتانەی بۆ كشتوكاڵ دەشێن دەگاتە (18) هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە.

هەرێمی كوردستانی رۆژئاوا (1.4) ملیۆن تەن گەنم بەرهەم دەهێنێت، كە رێژەی 37% كۆی بەرهەمی سوریا پێكدەهێنێت، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی (273) تەن لۆكەی هەیە كە رێژەی 39%ی كۆی بەرهەمی سوریایە، هەر لەو بەشەی كوردستاندا 15 ملیۆن داری زەیتوون هەیە كە دەكاتە رێژەی 23% كۆی ئەو دار زەیتونانەی لەسوریادا هەیە، لەشارە كوردنشینەكانەوە 45%ی كۆی بەرهەمی كشتوكاڵی سوریا بەرهەم دێت.

بەهێزی كەرتی كشتوكاڵ سەرەڕای بەپیتی خاكەكەی، دەگەڕێتەوە بۆ زۆری سامانەی ئاو، چونكە لەهەرێمی كوردستانی رۆژئاوادا (10) بەنداوی گەورە هەیە كە توانای گلدانەوەی (300) ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە، هەشت رووباری گەورەیان پیا تێپەڕ دەبێت كە گەورەترینیان رووباری دیجلەیە، ئەمە سەرەڕای دەیان هەزار كانی‌و كارێزو بیر، بەجۆرێك سامانی ئاو لەهەرێمی كوردستانی رۆژئاوا 55% كۆی سەرچاوەكانی ئاوی سوریا پێكدەهێنێت.

بەپێی توێژینەوەكە هەرێمی كوردستانی رۆژئاوا دەكرێت ببێتە یەكێك لەهەرێمە دەوڵەمەندەكانی ناوچەكە، بەو پێیەی چوار كاڵای بەهێزی هەیە لەرووی ئابوورییەوە، كە ئێستا لەجیهاندا نرخیان ئێجگار بەرزە، بەجۆرێك ئەو هەرێمە دەتوانێت ساڵانە بڕی (9.5) ملیار دۆلاری لەفرۆشتنی نەوتەوە دەست بكەوێت، لەگەڵ بڕی (750) ملیۆن دۆلار لەزەیتون‌و (372) ملیۆن دۆلار لەگەنم‌و (230) ملیۆن دۆلار لەلۆكەوە.

بەم پێیە كۆی داهاتی ساڵانەی دەگاتە (10.8) ملیار دۆلار، واتە زیاتر لەنیوەی كۆی بودجەی سوریا كە بۆ ساڵی 2013 بریتی بووە لە(20.3) ملیار دۆلار.

كارتی وەبەرهێنان
لەشارە كوردییەكانی سوریا (60) دامەزراوەی پیشەسازی گەورە هەیە لەبوارەكانی ئاش‌و دروستكردنی عەلەف‌و دروستكردنی ئامێری جۆراو جۆر، لەگەڵ ئەمانەشدا بەهەرێمێكی هەژار دادەنرێ لەرووی بوونی پیشەسازی قورس‌و گەشتوگوزارو بازرگانی‌و خزمەتگوزارییەوە، بۆیە ئەگەر پلانێكی گونجاو هەبێت، بەبڕوای پسپۆڕان كەرتی وەبەرهێنان دەبێتە گەورەترین‌و كاریگەرترین كەرت لەئایندەی رۆژئاوای كوردستاندا.

توێژینەوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە دوربوونی ناوچە كوردییەكان لەچەقی شەڕ (جگە لەكۆبانێ) وا دەكات ئەو سامانەی لەئایندەدا بۆی دەچێت بۆ گەشەپێدانی شارەكان بەكاری بهێنێت نەك ئاوەدانكردنەوە، چونكە ناوچەكانی تری سوریا بۆ دەیەی داهاتوو ببنە خاوەنی هەر سامانێك دەبێ لەئاوەدانكردنەوەدای خەرجی بكەنەوە.

هەندێك لەچاودێران بەوەوە ناوەستن كە بەتەنها شارە كوردییەكانی سوریا بكرێنە هەرێمێكی فیدراڵ لەناو خاكی سوریادا، بەڵكو چاویان لەسەر ئەوەیە كە ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆی كوردی‌و لەو وڵاتە جیا بێتەوە.