هەرێمە كوردییەكان ناگونجێن
كوردستانی‌ عێراق‌و سوریا.. دوو هەرێمی‌ ناكۆك‌و نا تەبا

کوردستان

29/04/2016‌ 1878 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
كورد لەدوو پارچەی‌ كوردستان خاوەنی‌ دوو هەرێمە، بەڵام دوو هەرێم بەهیچ شێوەیەك دانوویان پێكەوە ناكوڵێت‌.

هەردوو پارتە باڵا دەستەكەی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ عێراق‌و كوردستانی‌ سوریا ناتوانن ناكۆكیەكانی‌ نێوانیان تێپەڕێنن، سەرەڕای‌ ئەوەی‌ هاونەتەوەن، ململانێكانیان لەكێشەی‌ حیزبی‌و خەونی‌ هەژمونی‌ سیاسییەوە گەیشتۆتە ئاستی‌ ململانێیەكی‌ هەرێمی‌ ناوچەی‌ خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاست كە ئەوان تیایدا بوونەتە دوو كاراكتەری‌ سەرەكی‌.

22ی‌ نیسان مەسعود بارزانی فەرمانیدا بەنەخۆشخانەكانی‌ هەرێمەكەی‌ بۆ لەخۆگرتنی‌ بریندارانی‌ روداوەكانی‌ چەند رۆژی‌ پێش ئەوەی‌  شاری‌ قامیشلۆی‌ كوردستانی‌ سوریا  كە بەهۆی‌ پێكدادانەكانی‌ نێوان هێزە ئەمنیە كوردیەكان‌و  سەربازانی‌ سوپای‌ سوریا پێكرابوون. 

ئەوە یەكەمجار بوو لەدوای‌ سەرهەڵدانی‌ قەیرانی‌ سوریاوە لەساڵی‌ 2011 هێزە ئەمنیە كوردەكانی‌ سوریا لەگەڵ سوپای‌ بەشار ئەسەدا پێكدا هەڵپرژێن، كە ئاگربەستێكی‌ ناراستەوخۆی‌ ناڕاگەێندراو لەنێوانیاندا هەبوو، بەڵام ئەوە یەكەمجار نەبوو بارزانی‌ دەرگای‌ هاوكاری‌ هەرێم بۆ  ئەو بەشەی‌ كوردستان بكاتەوە سەرەڕای‌ ناكۆكی‌  سەرسەختی‌ نێوانیان.

پارتی‌ یەكێتی‌ دیموكراتی‌ سوریا (پەیەدە) كە نزیكە لەپارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (پەكەكە)ەوە، هەژمونی‌ جومگە ئیداری‌و ئەمنییەكانی‌ كوردستانی‌ سوریای‌ كردووەو لەململانێیەكی‌ توندایە لەگەڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كە ئەمەی‌ دووهەمیان هەژمونی‌ زۆربەی‌ جومگە هەستیارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ عێراقی‌ كردووە.

پێشتر لەساڵی‌ (2014)دا بۆ یەكەمجار هێزی‌ پێشمەرگەی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەبڕیاری‌ پەرلەمان‌و فەرمانی‌ بارزانی‌ لەرێگەی‌ توركیاوە گەێندرانە شاری‌ كۆبانێی‌ كوردستانی‌ سوریا كە لەلایەن چەكدارانی‌ داعشەوە گەماڕۆ درابوو.

ئەو كات ئەو هەنگاوە هێڵی‌ پەیوەندی‌ نێوان هەردولای‌ بەهێزكرد، بەڵام زۆری‌ نەبرد مانگی‌ هەنگوینی‌ پەیوەندی‌ نێوان پارتی‌‌و پەیەدە بەناكۆكی‌ كۆتایی‌ هات.

عەلی‌ عەونی‌ ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان هیواخوازە كە هەنگاوەكەی‌ ئەمجارەی‌ بارزانی‌ رێخۆشكەربێت بۆ ئاسایی‌ بوونەوەی‌ پەیوەندییەكانیان، ئەو بە"نیقاش"ی‌ وت "ئەوەی‌ بارزانی‌ كردی‌ هەڵوێستێكی‌ ئاكاریانە بوو بۆ هاوكاریكردنی‌ كوردستانی‌ سوریا، بەڵام پەكەكە بەردەوامە لەسەر تەشقەڵەگرتن‌و هێرشی‌ راگەیاندن‌و ئەو بڕیارەی‌ بارزانی‌ بەهەند وەرناگرن".

ئەو ئەندامەی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ دان بەدوری‌ نێوان پارتی‌‌و پەكەكەدا دەنێت‌و دەڵێت "ئەجنێدای‌ ئێمەو پەكەكە جیاوازە، ئێمە دەوڵەتی‌ كوردیمان دەوێت‌و ئەوان بڕوایان پێی‌ نییە‌و دژایەتی‌ پارتە سیاسییەكانی‌ نزیك لەئێمە دەكەن لەرۆژئاوای‌ كوردستان".

كرۆكی‌ ناكۆكییەكان لەسەر هەژمونی‌ كوردستانی‌ سوریایە، پارتی‌، پەیەدە تۆمەتبار دەكات بەدوورخستنەوەی‌ ئەو لایەنە سیاسیانەی‌ كە نزیكن لێوەی‌، پەیەدەش پارتی‌ تۆمەتبار دەكات بەجێبەجێكردنی‌ سیاسەتی‌ توركیا لەدژیان‌و ئابلوقە خستنە سەر ئەو بەشەی‌ كوردستان لەرێگەی‌ داخستنی‌ تاكە دەروازەی‌ هاتوچۆی‌ نێوانیان كە سمیڵانە.

لەسنوری‌ كوردستانی‌ سوریا دووبەرەی‌ جیاوازی‌ سیاسی‌ ناكۆك هەن  كە بەسەر هەردوو جەمسەری‌ پارتی‌‌و پەیەدەدا دابەش بوون.

بەرەی‌ یەكەمیان "ئەنجومەنی‌ نیشتیمانی‌ كورد لەسوریا" (ئەنەكەسێ)یە كە لەسیانزە حیزب پێكدێن‌و نزیكن لەپارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ عێراقەوەو بەرەی‌ دووەمیشان "تەڤگەری‌ جفاتی‌ دیموكراتی‌" (تەڤدەم)ە كە ئەویش لەچەند حیزبێك پێكدێت‌و پەیەدە تیایدا باڵا دەستە.

لەساڵی‌ 2011ەوە سێ رێكەوتنی‌ جیاواز بەسەرپەرشتی‌ بارزانی‌ لەهەرێمی‌ كوردستانی‌ عێراق لەنێوان ئەو دووبەرەیەدا ئیمزاكراوە بۆ كۆتایی‌ هێنان بەناكۆكیەكانیان بێ ئەوەی‌ خاڵەكانی‌ ئەو رێكەوتنە جێبەجێبكرێت كە سەرەكیترینیان كردنەوەی‌ دەروازەی‌ پەیوەندی‌ نێوان هەرلادوو هەرێمەكەو پرۆسەی‌ دابەشكردنی‌ دەسەڵات بوون لەكوردستانی‌ سوریا لەمیانەی‌ ئەو سێ كانتۆنەی‌ بۆ خۆبەرێوەبەری‌ شارەكان پێكیان هێناوە.

شێرزاد ئێزدی‌ نوێنەری‌ كانتۆنەكانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان لەهەرێمی‌ كوردستانی‌ عێراق كە لەشاری‌ سلێمانیە لەبەهای‌ بڕیارەكەی‌ بارزانی كەمدەكاتەوە بۆ لێك نزیكبوونەوەیان لەگەڵ پارتی‌، ئەو بە"نیقاش"ی‌ وت "بارزانی‌ تازە بەتازە بیری‌ دەكەوێتەوە سنورەكەی‌ بەڕووی‌ هاوڵاتیانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستاندا بكاتەوە كە داخستنی‌ وەك كارتی‌ گوشار لەدژیان بەكاردەهێنێت بۆ رەزامەندی‌ توركیا، ئەوەی‌ كردی‌ هیچ منەتێكی‌ تیانییە".

راگەیاندنی‌ پرۆژەی‌ فیدراڵی‌ لەكوردستانی‌ سوریا لەلایەن پەیەدەوە لە16ی‌ مانگی‌ ئازاری‌ رابردوودا ئەوەندەی‌ تر ناكۆكیەكانی‌ پەیەدەو پارتی‌ زیاتر كرد بەتایبەت كە پارتە سیاسیەكانی‌ نزیك لەپارتی‌ لەو پرسەدا بەشداریان پێنەكراو هەرێمی‌ كوردستانیش بەرەسمی‌ دانی‌ بەو فیدراڵیەدا نەنا سەرەڕای‌ ئەوەی‌ بەشێكی‌ كوردی‌ تری‌ هاوسنورێتی‌.

شێرزاد ئێزدی‌ ئەو هەڵوێستە بەنمونەی‌ نەمانی‌ متمانەو هاوكاری‌ نێوانیان دەهێنێتەوەو دەڵێت "بۆچی‌ فیدراڵی‌ بۆ هەرێمی‌ كوردستانی‌ عێراق حەڵاڵەو بۆ رۆژئاوای‌ كوردستان حەرامە، ئەوە دوو فاقیە لەسیاسیەتدا".

داخستنی‌ بەردەوامی‌ سنوری‌ سمێلان‌و رێگری‌ لەكردنەوەی‌ نوسینگەی‌ پەیەدەو كانتۆنەكانی‌ كوردستانی‌ سوریا لەشاری‌ هەولێری‌ پایتەختی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و لەبەرامبەردا رێگریكردن لەكاری‌ بەشێك لەپارتە سیاسیەكانی‌ نزیك لەپارتی‌ لەكوردستانی‌ سوریا كارو كاردانەوەی‌ ناكۆكی‌ نێوان ئەو دوو بەرەیەیە، سەرەڕای‌ ئەوەی‌ یەك نەتەوەن.

پێدەچێت ناكۆكیەكان لەوە گەورەتر بێت كە لە سنوری‌ ململانێیەكی‌ حیزبیدا قەتیس بێت، بەتایبەت كە ناوچەی‌ رۆژهەڵاتی‌ ناوەراست بەتایبەت سوریاو عێراق بۆتە پێگەیەكی‌ ململانێی‌ هەرێمی‌ گەورە كە كورد یەكێكە لە كارەكتەرەكانی‌.

نزیكی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەتوركیاوە كە نەیاری‌ سەرەكی‌ پەیەدەیە لەكوردستانی‌ سوریا دەرهاویشتەی‌ ناكۆكی‌ گەورەتری‌ بەدوای‌ خۆیدا هێناوە لەنێوان پارتی‌‌و پەیەدەدا.

د. عەلا جەنگۆ مامۆستای‌ كۆلێژی‌ زانستە سیاسییەكان لەزانكۆی‌ گەشەپێدانی‌ مرۆیی‌ لەسلێمانی‌‌و پسپۆری‌ سیاسی‌ پێی‌ وایە ئەوەی‌ لەنێوان پارتی‌‌و یەپەدە هەیە بەتەنها پەیوەندی‌ نیە بەدوو هەرێمی‌ كوردی‌ ناوچەكەوە، بەڵكو ئەو پەیوەندیانە كەوتۆتە ژێر كاریگەری‌ هاوكێشەی‌ هاوپەیمانێتیەكانی‌ ناوچەكەوە.

عەلا جەنگۆ كە خەڵكی‌ كوردستانی‌ سوریایە بە"نیقاش"ی‌ وت "پەیوەندی‌ نێوان پارتی‌‌و پەیەدە كاریگەرە بەسروشتی‌ ئەو پەیوەندیانەی‌ كە هەیانە لەگەڵ وڵاتانی‌ تردا‌و كردنەوەی‌ سنوری‌ سمێلكان بەڕووی‌ كوردستانی‌ سوریادا بۆپارتی‌ كارێكی‌ قورسە بەتایبەت لەبەر هەڵوێستی‌ توركیاو رووداوەكانی‌ ئەمدواییەی‌ كوردستانی‌ سوریاش سەلماندی‌ كە پەیەدە بەو شێوەیەی‌ ئێستای‌ بەتەنهاو بێ پاڵپشتی‌ دەوڵەتێك ناتوانێت رۆژئاوای‌ كوردستان بێ كێشە بەرێوە بەرێت".

وێنە بچوككراوەی‌ ئەوململانێیەش ركابەری‌ پارتی‌‌و پەكەكەیە لەهەردوو بەشەكەی‌ كوردستانی‌ عێراق‌و سوریا، بەوپێیەی‌ پەكەكە بوونی‌ سیاسی‌‌و سەربازی‌ لەكوردستانی‌ عێراق هەیە‌و ئاوهاش پارتی‌ دەیەوێت لەگۆڕەپانی‌ ركابەرەكەیدا لایەنگر بۆ خۆی‌ پەیدا بكات‌و بونی‌ سیاسی‌‌و ئەمنی‌ هەبێت.

عەلا جەنگۆ دەڵێت "روداوەكانی‌ ئەم دواییەی‌ سەلماندی‌ هیچ كام لەم دوو هێزە ناتوانن بەتەنها هەژموونی‌ ناوچەكەیان بكەن".