موسڵ نابینا دەبێت
خەلیفەكەی‌ داعش ئینتەرنێت‌و سەتەلایت حەرام دەكات

عیراق

29/04/2016‌ 1567 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئەو درزە بچوكەی‌ موسڵ دەبەستێتەوە بەجیهانی‌ دەرەوە لەبەردەم مەترسی‌ ئەوەدایە بەیەكجاری‌ دابخرێت، پاش ئەوەی‌ خەلیفەكەی‌ داعش فەرمانی‌ نوێی‌ بۆ ئینتەرنێت‌و سەتەلایت دەركردووە.

دوای‌ ئەوەی‌ دەرگاكانی‌ بەرووی‌ یەك ملیۆن‌و پێنج سەد هەزار هاوڵاتیدا داخست بۆ ئەوەی‌ لەموسڵ نەچنە دەرەوە، ئەمڕۆ داعش لەهەوڵی‌ ئەوەدایە دەرگای‌ پەیوەندیشیان بەجیهانی‌ دەرەوە دابخات، چونكە چەند رێنماییەكی‌ دەركردووە بۆ كەمكردنەوەی‌ بەكارهێنانی‌ ئینتەرنێت‌و سەپاندنی‌ چاودێری‌ راستەوخۆ، ئەمە سەرەڕای‌ چەند رێوشوێنێكی‌ توند بۆ بەكارهێنانی‌ سەتەلایت.

رۆژی‌ 11ی‌ ئەم مانگە (نیسان) ناوەندی‌ زانیاری‌ سەر بەداعش فەرمانێكی‌ دەركردووە، بەپێی‌ فەرمانەكە كە كۆپییەكی‌ دەست "نیقاش" كەوتووە، دەبێت سەرجەم كۆمپانیاكانی‌ ئینتەرنێت فۆرمێك پڕبكەنەوە لەبارەی‌ ژمارەی‌ بەشداربوانیان‌و ناوو شوێنی‌ نیشتەجێبوونیان، ئەمە سەرەڕای‌ تۆماركردنی‌ ئاماری‌ بورج‌و نەخشەی‌ هێڵەكانیان.

خاوەنی‌ كۆمپانیاكان ناچاربوون پابەندبن بەبڕیارەكەوە، چونكە هەڕەشەی‌ شمشێریان لەسەرەو تیایدا هاتووە "ئەگەر ناوی‌ هەر بەشداربوویەك بشاردرێتەوە یان زانیاری‌ هەڵەی‌ لەبارەوە بدرێت، ئەوا خاوەنی‌ كۆمپانیاكە رووبەرووی‌ لێپرسینەوە دەبێتەوە".

پاش كەوتنی‌ موسڵ بەفەرمانی‌ حكومەتی‌ عێراقی‌ هێڵی‌ مۆبایل‌و ئینتەرنێت لەو شارەدا پەكخرا، بۆیە داعش رێگەیدا هێڵی‌ ئینتەرنێت لەدەرەوەی‌ سیستەمی‌ حكومی‌ بخرێتەوە كار، بازرگانە سورییەكان دەستیان گرت بەسەر ئەم بوارەداو ئەركی‌ بەڕێوەبردنی‌ كۆمپانیا لۆكاڵییەكانیش سپێردرا بەكەسانی‌ عێراقی‌ یان ئەندامانی‌ داعش كە وەك كەسی‌ مەدەنی‌ خۆیان ناساندووە.

جیاواز لەجارانی‌ پێشوو عەبدولحەمید كە لەموسڵ نیشتەجێیە بەزمانێكی‌ سادە قسەی‌ لەگەڵ هاوڕێ‌ ئاوارەكەی‌ كرد لەدهۆك‌و بۆی‌ نوسی‌ "ئەمە دواهەمین پەیوەندیمان دەبێت".

كاتێكیش هاوڕێكەی‌ پرسیاری‌ هۆكارەكەی‌ لێكرد، عەبدولحەمید بۆی‌ رونكردەوە كە داوای‌ ناوی‌ چواری‌‌و ناونیشان‌و كۆپی‌ بەڵگەنامە فەرمییەكانیان لێكردووەو دەزانێ‌ ئەوەی‌ كراوە تەڵەیە بۆ بەكارهێنانی‌ ئینتەرنێت تا داعش بەئاسانی‌ دەستی‌ پێیان بگات.

موسڵییەكان دەتوانن لەماڵەوە یان لەكۆفی‌ ئینتەرنێتەكان پەیوەندی‌ لەگەڵ‌ دەرەوە ببەستن، هەرچەندە هێڵی‌ ئینتەرنێتەكە زۆر خراپەو گرانیشە، بەڵام ناچاریشن بەردەوام بن جا بۆ پەیوەندی‌ بەستن بێت لەگەڵ‌ كەسوكار یان بۆ بازرگانی‌ یان بۆ ئەنجامدانی‌ چالاكی‌ بێت لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

چەند مانگێكە داعش هێرشێكی‌ بەرپاكردووە دژی‌ بەكارهێنەرانی‌ ئینتەرنێت بەتایبەتی‌ چالاكوانانی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەهۆیەوە دەیان گەنج دەستگیركراون كە بەشێكیان دواتر ئازادكراون، یەكێك لەوانە گەنجێكە كە 10 هەفتە لەژێرزەمینی‌ كەنیسەیەك لەناوەندی‌ شاردا ماوەتەوەو پاش ئەوەی‌ گەیشت بەتوركیا لەرێی‌ تەلەفۆنەوە قسەی‌ بۆ "نیقاش" كرد.

ئەو گەنجە باس لەرووداوی‌ دەستگیركردنەكەی‌ دەكات‌و دەڵێت "هاتنە سەر ماڵەكەمان‌و كۆمپیوتەرو مۆبایلەكەیان پشكنیم، دواتر چاویان بەستمەوەو لەگەڵ خۆیان بردیانم".

تۆمەتی‌ ئەو گەنجە ئەوە بووە كە پەیجێكی‌ لەفەیسبووك بەڕێوەبردووە بۆ پاڵپشتی‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌‌و زانیاری‌ لەسەر داعش داونەتێ‌، بەڵام نەتوانراوە هیچ یەكێك لەو تۆمەتانەی‌ بەسەردا ساغ بكرێتەوەو ئەو ماوەیەش گیراوە لەبەر ئەوەی‌ "بڵاوكراوەی‌ نا ئیسلامی‌" لەكۆمپیوتەرەكەیدا هەبووە وەك وێنەی‌ كچان‌و نوكتەو نوسین كە ئاماژەی‌ سێكسی‌ تیا بووە.

لەو كاتەشەوە كە هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ هێرشەكانی‌ بۆ سەر داعش چڕكردووەتەوە، هەڵمەتەكەی‌ داعشیش چالاكتر بووە، چونكە پێی‌ وایە خەڵكی‌ لەناو موسڵەوە ئامانجەكان ئاشكرا دەكەن‌و تۆمەتباری‌ یەكەمیش بەكارهێنەرانی‌ ئینتەرنێت‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن.

دەستكەوتنی‌ زانیاری‌ لەبارەی‌ بەكارهێنەرانی‌ ئینتەرنێتەوە كارئاسانی‌ تەواو بۆ داعش دەكات بۆ ئەوەی‌ دەستی‌ بگاتە ئەوانەی‌ گومانی‌ لێیان هەیە، بەتایبەتی‌ لەو ناوچانەی‌ زوو زوو بۆردومان دەكرێن.

لەترسی‌ ئەم بڕیارە زۆرێك لەبەشداربووان دەستیان لەپەیوەندی‌ بەرێگای‌ ئینتەرنێت هەڵگرتووە، "نیقاش" دە كەسی‌ چالاكی‌ بەكارهێنەری‌ ڤایبەرو واتسئاپی‌ بەنموونە وەرگرت كە هەموویان رایانگەیاند ترسیان هەیە لەئاشكرابوونی‌ ناوو ناونیشانیان، حەوت لەوانە ئاماژەیان بەوە كرد كە لەسەرەتای‌ مانگی‌ ئایارەوە هاوبەشیكردن لەئینتەرنێت رادەگرن.

ئەگەر ئینتەرنێت چاوێكی‌ موسڵییەكان بێت بۆ ئەوەی‌ لەدنیای‌ دەرەوەی‌ پێ بڕوانن، ئەوا چاوی‌ دووهەمین سەتەلایتە كە ئەمەشیان مەترسی‌ نابینابوونی‌ لەسەرە.

داعش پلانێكی‌ روونی‌ هەیە بۆ ئەوەی‌ بەتەواوی‌ سەتەلایت لەموسڵدا قەدەغە بكات، بەڵام پێدەچێت هەنگاو بەهەنگاو بیخاتە بواری‌ جێبەجێكردنەوە، سەرەتا لەناوەڕاستی‌ مانگی‌ ئازاردا بڕیاریدا بەقەدەغەكردنی‌ هاوردەكردن‌و كڕین‌و چاككردنەوەی‌ سەتەلایت.

بۆ یەكەمجار دەزگای‌ حسبە (پۆلیسی‌ داعش) سزای‌ دارایی‌ سەپاند بەوانەی‌ پابەند نابن بەرێنمایی‌ بەكارهێنانی‌ سەتەلایتەوە، بەمەش سەتەلایت چووە ریزی‌ جگەرەكێشان‌و ریشتاشین‌و پۆشینی‌ جلی‌ درێژەوە.

یونس شەعبان كە بەتۆمەتی‌ كێشانی‌ جگەرە دەستگیركراوەو دواتر پێناسەكەیان لێسەندووە، داویان لێكردووە دوای‌ یەك هەفتە سەردانی‌ پۆلیس بكات‌و ئامێری‌ سەتەلایتەكەی‌ لەگەڵ خۆی‌ ببات، دوای‌ ئەوەی‌ چووەتە ئەوێ‌ سەتەلایتەكەیان شكاندووەو بەبڕێك پارەش غەرامەیان كردووە ئینجا پێناسەكەیان داوەتەوە.

زۆركەسی‌ تر هەمان رووداویان بەسەردا هاتووە، ئەمەش دەریدەخات كە داعش مەبەستێتی‌ خەڵكی‌ ئەو شارە بێبەش بكات لەبینینی‌ كەناڵە ئاسمانییەكان.

بەر لەهەفتەیەك نوسینگەی‌ راگەیاندنی‌ داعش چاپكراوێكی‌ بڵاوكردووەتەوە كە تیایدا 20 هۆكار خراوەتە روو بۆ حەرامكردنی‌ تەماشای‌ كەناڵە ئاسمانییەكان، دیارترینیان "بڵاوكردنەوەی‌ هەواڵی‌ درۆینە لەسەر دەوڵەتی‌ ئیسلامی‌، بڵاوكردنەوەی‌ كفرو وێنەی‌ ژنی‌ سەرنجڕاكێش‌و دورخستنەوەی‌ خەڵك لەخواپەرستی‌".

تائێستا خەڵكی‌ موسڵ تەماشای‌ كەناڵە ئاسمانییەكان دەكەن، بەڵام ئەو رێكەوتەی‌ بۆ قەدەغەكردنی‌ یەكجاری‌ داندراوە یەكەم رۆژی‌ مانگی‌ رەمەزانە لەسەرەتای‌ مانگی‌ حوزەیران.

رەنگە چانسی‌ ئینتەرنێت باشتر بێت لەسەتەلایت، بەڵام ئەگەر لەمە زیاتر موسڵ لەدەست داعشدا بێت، كەس نازانێت هەنگاوی‌ داهاتووی‌ چی دەبێت بۆ دابڕینی‌ زیاتری‌ خەڵكی‌ شارەكە لەجیهانی‌ دەرەوە.