گرژی‌ پەنگخواردوو
دوژمنەكانی داعش بوونە دوژمنی یەكتر

عیراق

29/04/2016‌ 1292 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
تەبایی نێوان پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لەخورماتوو هەر هێندەی وەستانی دوو هێلكە لەسەر تەنافێك شانسی بەردەوامیی هەیە، حەشدو پێشمەرگە لەعێراق دوو هێزی سەرسەختی دژ بەداعشن‌و پێكەوەش ناسازێن.

نیوەشەوی ٢٣ی نیسانی ٢٠١٦ جارێكی دیكە زەوی و ئاسمانی دووزخورماتوو ئەم شارۆچكەیە كە ٧٦ كیلۆمەتر لەباشووری رۆژهەڵاتی كەركوكەوە دوورە، پڕ كرایەوە لەفیشەك‌و گوللە ئاربیجی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی، ئەم شەڕە بووە دەستپێكی شەڕێكی دوو رۆژە كە تێیدا چەكی قورس بەكارهات.

ئەمە یەكەمجار نەبوو كە ئەو دوو گروپە چەكدارە لەناو شارۆچكەكەدا پێكا هەڵپژێن، بەڵام ئەمە توندترینیان بوو چونكە زیاد لەفەرماندەیەكی سەربازیی پێشمەرگە كوژران بۆیە كاردانەوەكان لەكوردستانەوە خێرابوون.

هاوینی ساڵی ٢٠١٤ حەشدی شەعبی كە بۆ هێرشكردنە سەر چەكدارانی داعش لەسێمانبەگ‌و ئامرلی هاتبوونە ناوچەكە، چوونە ناو خورماتووەوە، هەرچەندە فەرماندەكانی پیشمەرگە ئاگادارو رازی بوون بەو هاتنە، بەڵام هەرزوو پشكۆی ناكۆكیی گەشایەوە.

لەیەكەم پێكادانی چەكداریدا مانگی تەمموزی ٢٠١٤ لەبازگەیەكی پێشمەرگەدا چەكدارێكی حەشدی شەعبی كوژراو دوو پێشـەرگە برینداربوون، بەڵام هەرزوو بەهەوڵی بەرپرسانی هەردوولا كێشەكە دامركێنرایەوە.

رقوكینە پەنگی خواردەوە  تا رۆژێكی باراناوی كۆتایی ئەو ساڵە، كاتێ پێشنوێژو وتارخوێنێكی كورد بەناوی مەلا سەلاح جەمیل لەلایەن چەكدارێكەوە كوژرا، ئیتر ئەمە بەس بوو تا پەنجەی تۆمەت بۆ حەشدی شەعبی راكێشرێ‌و لەلایەن كوردانی ئەو شارەوە هێرشكرایە سەر چەند بارەگایەكی حەشدی شەعبی.

ئەم شەڕو پێكادانانە ناوبەناو لەجۆری بچووك‌و گەورەدا چەندبارە دەبوونەوە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدابێ چارەسەرێكی بنبڕ نەكراوە، سەركردەكانی كوردو حەشدی شەعبی بەخەندەو پێكەنینەوە كۆدەبنەوەو دەست دەخەنە ناو دەستی یەكتر، بەڵام لەژێر كورسییەكانی ئەواندا بوركانێك لەگڕ بڵێسە دەدا، چونكە چاوێكی زۆر ستراتیژیی لەسەر خورماتووە.

هەڵكەوتەی جوگرافیی خورماتوو بەجۆرێكە كە شاڕێی پێكەوە بەستنەوەی كەركوك بەبەغدا- تكریت بەكەركوك- ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای دیالە بەكەركوك‌و بەغداوەیە، هەروەها بەبەردەم خورماتوودا دەچێتەوە پاڵاوگەی گرنگ‌و بەناوبانگی بێجی.

بێجگە لەم گرنگییە جوگرافییە، دوزخورماتوو رۆڵێكی گرنگی دەبێ لەپرسی ململانێ تایفیی‌و مەزهەبییەكانی عێراق.

دانیشتووانەكەی ئەم شارۆچكەیە تێكەڵەیە لەكورد، عەرەبی سوننە، توركمانی شیعە، هەر بۆیە بۆ شیعەكان گرنگە كە لەم ناوچە گرنگ‌و ستراتیژییەدا نفوزو قورساییان هەبێ.

شیعەكان هەر لێرەوە دەچنەوە سەر شارۆچكەی داقوق لەباشووری رۆژئاوای كەركوك كە بیست كیلۆمەتر لەخورماتووەوە دوورەو گۆڕی ئیمام زەینەلعابدین – چوارەم ئیمام لەدوانزە ئیمامەكەی شیعەكانی دنیا- لەداقوقدایە، هەر بۆیە ئەمەش هێندەی دیكە تای تەرازووی دوزخورماتوو لای شیعەكان قورستر دەكات.

لەبەرانبەر ئەم گرنگییانە بۆ شیعەكان، بۆ كوردیش خورماتوو گرنگییەكی زیاتری هەیە، كورد دەیەوێ ئەو ناوچانەی كە لەنیسانی‌ 2003وە بەدەستی‌ هێناوەو لەدوای مانگی حوزەیرانی 2014و زاڵبوونی چەكدارانی داعشەوە زیاتر پێی‌ خۆی‌ تیا قایم كردووە لەكیسی نەچێ.

گرنگترین ئەو ناوچانە كە بۆ كورد گرنگن‌و ئێستا خۆیان تێیدا حوكمڕانی زۆرینەن لەدوای زاڵبوونی داعش، پارێزگای كەركوك‌و ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای دیالەیە، كە دوزخورماتوو بووەتە چەقی ئەو ناوچە گرنگانە، بۆیە كورد ئامادە نییە بەئاسانی دەستبەرداری خورماتوو ببێ.

ئێستا كە داعش تەنیا ٢٠ كیلۆمەتر -لەهەندێ ناوچەی پارێزگای كەركوك زۆر كەمتر – لەسەنگەرەكانی پێشمەرگەو حەشدی شەعبییەوە دوورە، ئەم دوو هێزە دوژمنەی داعش بەربوونەتە گیانی یەكترو خوێن كەوتووەتە نێوانیان.

هەرچەندە سەركردەكانی ئەو لایەنە جەخت لەوە دەكەنەوە كە نابێ ناكۆكییەكانی خورماتوو كاریگەریی خراپی هەبێ لەسەر پەیوەندییەكانیان، بەڵام پێناچێ ئەو قسە دیپلۆماسییانە كاریگەرییان هەبێ بۆ دامركاندەوەی ئاگرەكە.

رۆژێك دوای دەستپێكردنەوەی شەڕو لەكاتی ناشتنی تەرمی فەرماندەیەكی پێشمەرگە لەشاری شەقڵاوە لەباكووری هەولێر، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر تەرمی فەرماندەكە قسەی بۆ بەشداربووانی رێوڕەسمەكە كردو وتی "بەداخەوە نیەتێكی شۆڤێنی‌و دژە كورد سەری هەڵداوەتەوەو دەیەوێ دیسان كورد هەروەكو سەردەمی سەدام حسێن قەتڵوعام بكاتەوە"، مەبەستی پیرە ئەو ناكۆكییانە بوو لەخورماتوو سەری هەڵداوە.

ئێستا ئەو دوو هێزەی كە سەرسەختانە دژی داعش دەجەنگن، بۆ خۆیان سەنگەریان لەیەكتر گرتووە، داعش لەدوورەوە تەماشای ئەو پێكادانە دەكات كە بڕیارە پێكەوە داعش بەیەكجاریی لەناوبەرن.