كورد چیتر چاوەڕێ ناكات
مەلا بەختیار: پارتی‌و یەكێتی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم رێككەوتوون

کوردستان

29/04/2016‌ 2440 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند كە حزبەكەی لەگەڵ پارتی‌و لایەنەكانی تری كوردستان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی ریفراندۆم ئەنجام بدەن.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی لەمیانی كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فەڕەنسا رایگەیاند"پێویستە هاوكاری زیاتری پێشمەرگە‌و شەڕڤانان بكرێت لەشەڕی دژی داعش، چونكە كورد جەنگاوەرێك نییە، بەتەنها كە جەنگی داعش تەواو بوو، ئیدی كارمان تەواو ببێ‌‌، لەجەنگی داعش‌و لەدوای داعشیش، لەخەبات لەپێناو ئازادیی‌و دیموكراسی گەلەكەمان، بەردەوام دەبین".

لەبارەی عیراقیشەوە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە كە ئەگەر عیراق ببێتە عیراقێكی دیموكراسی‌و فیدراڵ، دەستور جێبەجێ‌ بكات‌و ئەوا وەكو كورد كێشەیان لەگەڵ عیراقدا نییە، بەڵام بەوتەی ئەو ئەگەر ساڵ بەساڵ دۆخەكە تێكبچێت، ئەوا وەكو كورد هەقی خۆیەتی ریفراندۆم بكات.

مەلا بەختیار ئاشكراشی كرد كە یەكێتی لەگەڵ پارتی‌و لایەنەكانی تری كوردستانیش  لەسەر ریفراندۆم رێككەوتون.

بەرپرسەی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختیكردەوە كە هیچ میللەتێك بە قەد كورد قوربانی نەداوەو بەرگەی نەگرتووە، بۆیە بەبڕوای ئەو ئێستا كورد توانای بەرگەگرتنی نەماوەو ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی ئەنجام دەدات ئەوەشی بە مافێكی سروشتی گەلی كورد زانی‌و چیتر چاوەڕێ ناكات.
س.هـ