بڕیارێكی هەڵەیانداوە
عەتا سەراوی: ناوەندی بڕیار دەیانەوێت دەست بەسەر یەكێتیدا بگرن

کوردستان

01/09/2016‌ 3501 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی رایدەگەیەنێت كە ئەو كەسانەی ناوەندی بڕیاریان راگەیاندوە دەیانەوێـ دەست بەسەر یەكێتیدا بگرن.

عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بەشارپرێسی راگەیاند"بڕیارێكی زۆر پەلەیانداو بڕیارێكی زۆر هەڵەبوو،بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی شتێك نییە ناوەندی بریار بێت،ئەگەر ئەوان بڕوان بە دیموكراسی هەیە فەرموون بابێن لە سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەند كە هەڵبژێردراوی كۆنگرەن ئەو مەسەلانە یەكلایی بكەینەوە ئەگەر نا بابێن بە تەوافوق چارەسەری كێشەكان بكەین".

سەراوی ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەگەر ناوەندی بڕیار ئەو دوو پێشنیارەیان قبوڵ نییە با حاكم قادر كە لەگروپی ئەوانە سەرۆكایەتی لیژنەیەك بكات بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە بۆ ئەوەی ئەو مەسەلانە یەكلایی بكرێنەوە.

سەراوی دەشڵێت" دوای مانگ‌و نیوێك مام جەلال ئەمرۆ لەنەخۆشخانە لەدەرەوەی وڵات گەڕایەوە پێمان وابوو ئەوان دەچن پێشوازی لە مام جەلال دەكەن، وامانزانی بەیاننامە لەسەر 31ی ئاب دەردەكەن كەچی ئەم بەیاننامەیان دەركرد كە بینیمان".

بەوتەی ئەندامەكەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی هەڵوێستی ئەو سەركردانە هەموو یەكێتییەكانیان نیگەران كردوەو توشی شۆككردون.

لەبەشێكی تری وتەكانیدا سەراوی رونیكردەوە كە ئەو سەركردانەی كە خۆیان ناو ناوە ناوەندی بڕیار لە نەخۆشكەوتنی تاڵەبانییەوە شەڕی دەستبەسەرداگرتنی یەكێتی دەكەن، بەوتەی خۆی چەند جارێك پێیان وتوون بابچنە كۆنگرەوە، بەڵام وەكو ئەو دەیڵێت ئامادە نیین بۆ كۆنگرە.

هەروەها عەتا سەراوی دەڵێت" لەكاتێكدا هەموو كورد چاوەڕێی ئەوە دەكەن كە دەوڵەتی كوردیمان بۆ رابگەیەنن، بەڵام ئەوان یەكێتی لەت دەكەن،پارەو نەوت‌و هێز لای پارتییە، لەجیاتی ئەوەی شەڕ لەگەڵ پارتی بكەن، كەچی شەڕەكەیان هێنایەوە ناو ماڵی یەكێتی".

هەروەها ئەندامەكەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بڕیاری ئەو سەركردانەی یەكێتی خزمەت بە پرۆسەی سیاسی هەرێم‌و یەكێتی ناكات‌وبڕواشی وایە كە ئەم بڕیارە بەپەلەیەی ژمارەیەك لەسەركردەكانی ناوەندی بڕیار لەژێر كاریگەری بەرهەم ساڵح دایە.

هاوكات ئەم سەركردەیەی یەكێتی كە لەباڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەوە نزیكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە رێككەوتن‌و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ "ناوەندی بڕیار" بە قورس نابینێت‌و دەڵێت" ئێمە لەگەڵ پارتی‌و گۆڕان رێككەوتووین جا لەگەڵ هەڤاڵەكانی خۆمان رێك ناكەوین، هەمانە هەموویان پیاوێكی تیكۆشەرن‌و هاوخەبات‌و هاوخوێن‌و هاوسەرۆكین، چۆن ناتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین".

سەبارەت هەڵوێستی گۆڕانیش ناوبراو پێیوایە كە گۆڕان هەڵوێستی ئەو سەركردانەی پێناخۆشە، چونكە گۆڕان دەیانوێت ناو ماڵی یەكێتی رێبخرێتەوەو گۆڕان لەگەڵ یەكێتی دەیویست لەگەڵ پارتی پرۆسەی سیاسی بخنەوە شوێنی خۆی، بۆیە بەوتەی ئەو گۆڕان بەم هەڵوێستەی ناوەندی بڕیار ناڕەحەتە.
س.هـ

بەپەلە