ماوەیەك بەوردی چاودێری كراوە
هێزێكی كوردی لەیەمەن ملازم موحسن دەكوژن

کوردستان

23/10/2016‌ 45239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەسەرپەرشتی بەرپرسێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هێزێكی كوردی لەوڵاتی یەمەن ملازم موحسینی تاوانباری بەعس لەوڵاتی یەمەن دەكوژن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بەشارپرێسی راگەیاند "دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر چاودێری كراوە، رۆژی یەك شەممە 23/10/2016 بەوردی شوێنی مولازم موحسین لەوڵاتی یەمەن دەستنیشانكراوەو هەر لەوێ كوشتویانە".

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، بەرپرسە باڵاكەی یەكێتی ماوەیەكە هێزێكی تایبەتی بۆ ئەو پرۆسەیە دروستكردووو، كە زۆرینە كورد بوون‌و چەند عەرەبێكیشیان تێدا بووە، ئەمڕۆ دەستیان بەملازم موحسین گەیشتووە.

ملازم موحسین سەردەمی رژێمی بەعس یەكێكبوو لەئەفسەرە دیارەكانی ئاسایشی حیزبی بەعس لەسلێمانی‌و دەستی سوور بوو بەخوێنی سەدان هاووڵاتی كورد بەتایبەتی لەشاری سلێمانی.

موحسین بەڕەچەڵەك  فەلەستینەو پاش ئەوەی لەسلێمانی گوێزرایەوە، نێردرا بۆ كەركوك‌و تاكو پرۆسەی ئازادی لەساڵی ٢٠٠٣ لەئەمنی كەرامە، كاری دەكردو پلەی تاكو موقەدەم بەرزببووەوەو دواتر بۆ بەغدا هەڵیات.

دوایین زانیاری لەبارەی ملازم موحسینەوە ئەوەبوو، كە بۆ سوریا هەڵهاتووە، دواجار لەیەمەن دۆزرایەوە.

سەرچاوەكەی شارپرێس ئاماژەی بەوەشكرد، بەرپرسەكەی یەكێتی فەرمانیداوە هێزەكە ملازم موحسین دەستگیربكەن ‌وبیهێننەوە بۆ سلێمانی ئەگەر نا بیكوژن، كە دواجار كوشتوویانە.