شەڕی بە وەکالەتی بۆڕیە نەوتیەکان لە Stone ەوە بۆ Petraeus

مەلەفی تایبەت

26/10/2016‌ 1537 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هیوا خۆشناو

ئۆپەراسیۆنی موسڵ ١٧/١٠/٢٠١٦ کۆتایی گەمەکە نیە بەڵکو سەرەتای هەڵکردنی ئاگرە مەترسیدارەکەیە. کۆمەڵێک نیشانە و ئاماژە گرینگن بۆ ئەوەی مرۆڤ ڕوداوەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە و شییان بکاتەوە، لەوانەش نزیکبونی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و شیعەکانی عێراق لەلایەک، بەشداری پێنەکردنی تورکیا یان پەراوێزخستنی لە لایەکی دیکە و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ئەنکەرە بۆ ئەوەی لە ڕۆژئاوا لە هێزەکانی سوریای دیموکراتی بدات کە واشینگتۆن بە بەهێزترین هێزی سەرزەوی دەزانین دژ بە داعش.
ئەگەرچی موسڵ وەک شادەماری داعش و خوێنبەری سەرەکی ئەو ڕێکخراوە ببیندرێ، لە ڕاستیدا دڵی ڕوداوەکان لە سوریایە. کێ لە داهاتوی سوریا باڵە دەست ئەبێ، هەر ئەو ئەبێتە حاکمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ستراتیژی ئەمریکا ڕونە. واشینگتۆن هەوڵەکانی بۆ باڵادەستبوونی خۆی لە ئۆکرانیا بەردەوام دەکات کە هێلی سەرەکی گواستنەوەی وزەی ڕوسیایە بۆ ئەوروپا. کێشەکانی ڕوسیا و ئەمریکا-ئەوروپا لەسەرخودی ئۆکرانیا نیە، بەڵکو لەسەر ئەو شوێنەیە کە وزەی پێدا تێپەڕئەبێ. وزە چەند گرینگە، بەڵام هیلی گواستنەوەکەی گرینگترە. خاوەن بیرە نەوتیەکان نابێ بە بیرەکانیان سەرخۆش بن، چونکە نەوت لەدەست تۆدا نیە، بەڵکو نرخەکەی، هێڵی گواستنەوە و کڕیارەکەی لەدەست کەسانی دیکە دایە.
بۆ ئەوەی ئەمریکا دو نەیارە گەورەکانی لە جیهاندا "چین و ڕوسیا" ئیفلیج بکات، پێویستە پێشتر زەبرێک لە بڕبڕەی پشتی ئابووریەکەیان بدات، ئەوەش بەتەنیا لە ڕێگای باڵادەستبوونی واشینگتۆن لە سوریا بەرجەستە ئەبێ. ئەوە بۆچونی نیۆ-کۆنسەرڤاتیڤەکانی ئەمریکایە و چەقی شەڕەکە لە عێراق و سوریا لەسەر ئەوەیە نەک داعش. ڕاستە هێزەباڵادەستەکانی جیهان لە سەرەتای ساڵانی ٩٠ ەکانەوە ستراتیژی ڕوخاندنی ڕژێمە کلاسیکیەکانیان گرتۆتە بەر بۆ ئەوەی بازاڕەکانیان لە ڕۆژهەڵات بخەنە گەڕ. بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵات وێران بکەن و دوایی کۆمپانیاکانیان بێن دروستی بکەنەوە. بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵات سیستێمی نیۆ-لیبرالەکان بەجێ بکەن کە ئامانجیان بەتایبەتکردنی کەرتی گشتیە و لە ئەنجامدا حکومەت بچوک ئەبێتەوە و هەژاران سودمەند نابن لە خزمەتگوزاریەکانی دەوڵەت. بەڵام ئەوەی لە سوریا ئەگوزەرێ زۆر گریگترە لەوە.
داعش سەرەتا ئامرازێک بو بۆ ئەوەی حکومەتی ئەسەد بڕوخێ و حکومەتێکی سونەی سەلەفی جێگای بگرێتەوە و دوایی هیلی وزەی وڵاتانی کەنداو لەوێوە بگەیەندرێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست و ئەوروپا. ئەوەش بەتەنیا بۆ وشککردنی ئابووری ڕوسیا و چین بو.

پڕۆژەی هێلی گواستنەوەی وزەی قەطەر لە سوریاوە بۆ ئەوروپا و ڕەدکردنەوەی لە لایەن ڕژێمی ئەسەد
 بەپێی یەکێک لە بەڵگەکانی ویکیلێکس ساڵی ٢٠٠٩ کاتێک بەشار ئەسەد پڕۆژەکەی قەطەری بۆ سازکردنی بۆڕی نەوت و غاز لە سوریاوە بۆسەر دەریاسی سپی ناوەڕاست ڕەدکردەوە، کە پڕۆژەیەکی ئەمریکی، کەنداوی و ئیسرائیلی بو، لایەنەکان پیلانی سەرهەڵدانێکی سوننەکانیان لە ناو خاکی سوریادا داڕشت و ئامانج ڕوخاندنی ئەسەد بو. بۆ ئەو مەبەستە دەزگای هەواڵگیری ئەمریکا  CIA هەڵسا بە چەکدارکردنی گروپە سوننیەکان دژ بە دیمەشق.
شەڕی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ دا دەستی پێکرد لەگەڵ گەشەسەندنی بەهاری عەرەبی کە لە کۆتاییدا وڵاتانی کەندا و مێدیا زەبەلاحەکانیان دەستیان تێوەرداو و شۆڕشەکەیان لە ژێردەستی کچو کوڕە خوێندکارەکان دەرهێنا ووەک چەکێکی سوننی و تەنانەت سەلەفی دژ بە نەیارەکانیان بەکاریان هێنا. بەڵام لە ڕاستیدا  شەڕەکە لە ساڵی ٢٠٠٩ وە دەستی پێکردبو کاتێک ئەسەد پڕۆژەی قەطەری ڕەدکردەوە. تەماشای لێکۆڵینەوە بەهێزەکەی ڕۆبەرت - ف - کەننەدی بکە Robert F. Kennedy Jr. "Syria: A new pipeline war" سوریا: شەڕی نوێی هێلی بۆڕییەکان.
دوای ئەوە یاریەکە بە کوێ گەیشت
دوای ئەوەی ئەسەد هەستی کرد کە قەطەری گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیلانێکی مەترسیداری هەیە بۆ ئەوەی بۆڕی نەوت و غازی وڵاتانی سوننە بە ئۆردون، سوریا و تورکیا ببەستێتەوە و ئامانجەکەش جگە لەوەی وڵاتانی کەندا و بەتایبەتی قەطەر ئەکاتە گەورەترین هێزی ئابووری ڕۆژهەڵات، هاوکات زەبرێکی کوشندەیە لە ئابووری ڕوسیا و چیتر ئەوروپا بەدەست غازی ڕوسیا زەلیل نابێ، ئیمزاکردنی پڕۆژەکەی ڕەدکردەوە.

پڕۆژەی هێلی گواستنەوەی وزەی نێوان ئێران - عێراق - سوریا و لوبنان
پەیامنێری ئاسیا تایمز پێپ ئێسکۆبار ئەڵێ، ئەگەر هاتو ڕۆژێک لە ڕۆژان هێلی گواستنەوەی بۆری گاز لە نێوان ئێران-عێراق-سوریا و لوبنان دا تەواو بێ، ئەوکاتە شیعەکان ئەبنە گەورەترین هێزی پۆڵایین لە جیهاندا.
دوای ئەوەی هەواڵێ "هێلی بۆڕی ئیسلامی" بڵاوکرایەوە و ڕوسیا پشتگیری لێکرد کە لە ئێرانەوە دەستی پێدەکرد و لە ناو خاکی عێراق و سوریا دەڕۆیشت و دەگەیشتە بەنداوەکانی لوبنان، وڵاتانی سوننە توشی هێستریا بوون. ئەوان بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بگەیەننە تورکیا و لەوێشەوە دەریای سپی ناوەڕاست پێویستیان بە کوشتنی ئەسەد بو. ئیستیخباراتەکانی سعودیە، ئەمریکا، ئیسرائیل و تورکیا کەوتنە خۆ، بەڵام ئەوەی بە گونجاویان زانی سەرهەڵدانی سوننیە سەلەفیەکان و چەکدارکردنیان بو. 
مێژو دووبارە ئەکەنەوە
ئەوانەی باش لە مێژوی دوێنێ ناڕوانن، ناتوانن ببنە خاوەن ستراتیژیەکی سەرکەوتو. ئەوەی ئێستا لە سوریا ئەگوزەرێ، لە ڕاستیدا ئەو چیرۆکە ڕاستەقینەیەیە کە ئەمریکیەکان و دەزگای هەواڵگیری CIA زیاتر لە پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا ئەنجامی داو، ئێستا دووبارەی ئەکاتەوە. لەو بارەیەوە کەننەدی وا ئەڵێ:
((ساڵی ١٩٥٠ دوايت أيزنهاور"جەنەڕاڵ" و ألين دالاس ويلز "دیپلۆمات" ی ئەمریکایی و کاربەدەست لە دەزگای CIA ، بە سیاسەتی خۆماڵی کردنی نەوتی عەرەبی و ناسیۆنالیزمی عەرەبی زۆر توڕەبون و ئەو یەکەیان وەک "دەنگی کۆمۆنیستان دێ" لێکدایەوە. ئەو دو کاربەدەستەی ئەمریکا هەڵسان بە سازکردنی پڕۆژەی سەربازی نهێنی دژی مارکسیزمی سوڤیەتی کە وڵاتانی "سعودیە - ئۆردون - عێراق - لوبنان" یان دەگرتەوە. بۆ ئەوەش دژی ئەو دەنگانەی کە ئەوان پێیان دەگوتن دەنگی کۆمۆنیزم، پاڵپشتیان لە سەرهەڵدان و پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژیای کۆنسەرڤاتیڤی جیهادی "سەلەفی و وەهابیەکان" کرد و لەو کاتەوە کاریانکرد بۆ بۆ پەرەپێدانی ئایدیۆلۆجیای ئیخوان المسلمین. بەپێی پەرتوکی Heiliger Krieg ئەمریکا لە ساڵی ١٩٥٠ هاوشانی سعودیە خەریکی پەرەپێدانی وەهابیەکانە لە ناوچەکە.

یەکەمین دەستێوەردانی ئەمریکا لە سوریا ساڵی ١٩٤٩ دەستپێئەکات. دوای ئەوەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەوکاتەی سوریا "شوکری ئەل-کوەیتی" دوودڵ بو لە ئیمزاکردنی پڕۆژەی سەربازی ئەمریکا-سعودیە لە سوریا و لوبنان. دەزگای هەواڵگری ئەمریکا CIA کودەتایەکی ئەنجامدا و حوسێن ئەل-زەعیم ی نزیک خۆی هێنا سەر دەستەڵات. ئەل- زەعیمی بۆ ئەوەی پڕۆژەکەی ئەمریکا و سعودیە جێبەجێ بکات، سەرەتا پارلمانی سوریای هەڵوەشاندەوە، بەڵام دوای چەند حەوتویەک لە لایەن هاوڵاتیانی سوریا ڕوخێندرا. دوای ئەوە CIA سیخوڕە بەناوبانگەکەی خۆی Rocky Stoneی بە ٣ ملیۆن دۆلارەوە ناردە سوریا بۆ ئەوەی سەلەفیە سوننیەکان و جەنەڕاڵەکان بە بەرتیل و پارە هان بدەن بۆ کۆدەتایەکی دیکەی سەربازی. سوپای سوریا هەستی بەوە کرد و بۆ جاری یەکەم لە مێژووی سوریادا، سوپا هەڵیکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق و Stone یان هێنا بەردەم کامێراکان. ناوبراو دانی بەوەدانا کە ئەوان لە هەوڵی کۆدەتا و شەڕێکی نایاساییدان دژ بە سوریا. سوپا ئەوکاتە سەرجەم سیاسی و سەربازیەکانی نزیک ئەمریکا تەسفیە دەکات و بەرەو دکتاتۆریەت و دەوڵەتێکی تۆتالیتاری لە دەستی جیهازێکی ئەمنی توند و تۆڵ هەنگاو دەنێ.

خوێنەری هێژا سەرنج بدە چۆن ئەوڕۆ دوای پەنجا ساڵ لە سوریادا، بەدەستی هەمان ئاکتۆر، هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە. کاربەدەستە تەمبەڵەکانی CIA  لە سەردەمی دەيڤيد پتريوس لەبەر تەمبەڵی و دەبەنگی تاقەتی نوسینی سیناریۆیەکی دیکەیان نیە، بۆیە ئەو سیناریۆیەی ڕۆکی ستۆن کە زیاتر لە پەنجا ساڵە لە ئەرشیفەکەیان کەوتوە، بە تەپوتۆزەکەیەوە دەریانهێنا و لەژێرناوی ئەسەد دکتاتۆرە، داعش لەناو دەبەین!!، دیموکراستی و دادپەروەری لە سوریا بنیاد دەنێین و ...هتد خەڵکی هەژاری حەلەب، شەنگال و کۆبانێ و ...هتد ناوچەکەیان کردە قوربانی. 
پڕۆژە شەیتانیەکەی John Kerry و شا عەبدوڵا 
لە ١١ی سێپتێمبەری ساڵی ٢٠١٤ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کێرری و شا عەبدوڵای سعودیە لە کەناری دەریای سور کۆبونەوە و نەخشەی پڕۆژەیەکی نهێنیان کێشا کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ناوی نراوە "ڕێککەوتنە نهێنیەکەی کێرری و عەبدوڵا" the kerry abdullah secret deal بۆ وردەکاری پڕۆژەکە سەیری لێکۆڵینەوە بەناوبانگەکەی F. William Engdahl بکە.

ئەو پڕۆژەیە بریتی بو لە دابەزاندنی نرخی نەوت لە ڕێگای OPEC کە سعودیەی عەرەبی دەستەڵاتێکی بەرچاوی هەیە لەو دەزگایەدا. ئەوان واتە ئەمریکا و سعودیە ئامانجیان ئەوەبو، زەبرێکی کوشندە لە ڕوسیا و ئێران بدەن. نرخی نەوتی سعودیە بۆ ئاسیا لە جیاتی ١٠٠ دۆلار کرا بە ٥٠ دۆلار، ئەوە گرفتێکی گەورەبو بۆ ڕوسیا، بەڵام وڵاتی سین سودی لەو پڕۆژەیە بینی. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە دواییدا لە زاری بەڕێوەبەری ناوەندی سیاسەت و ستراتیژی نەوت ڕەشید ئابانمی بیسترا، ئامانج لەو ڕێککەوتنە نهێنیە ئەوەبو، ڕوسیا دەست لە پشتگیریکردنی ڕژێمی ئەسەد و ئێرانیش ناچاربکرێ دەست لە بەرهەمهێنانی چەکی نوکلێری هەڵگرێ. 
ئەمریکا بۆ ئەوەی وەک هێزی سوپەری جیهان بمێنێتەوە ناچاربو، زەبرێک لە ڕوسیا و هەردو هاوپەیمانی سەرەکی ئەو واتە ئێران و سوریا بوەشێنێ، ئەوەش بەتەنیا لە ڕێگای یاریکردن بە سیاسەتی نەوتەوە ئەکرێ. لە بیرمان نەچێ ساڵی ١٩٨٦ ئەمریکا لە ڕێگای هەرزانکردنی نەوتی خاوی سعودیە بۆ ١٠ دۆلار، وەکو ئێستا ڕژێمی سۆڤیەت و ئابووریەکەی کردە ئامانج کە لە دواییدا سۆڤیەت هەڵوەشایەوە. ئێستاکەش ئەمریکا ڤلادیمیر پوتین لە ئاسیا و ڕۆژهەڵات بە گەورەترین بەربەست دەزانێ لەبەردەم سیاسەتەکانی بەتایبەتی ئەوەی پێی دەگوترێ سیستێمی جیهانی نوێ کە ئەوروپا و ئەمریکا بەیەک بەرەوە ڕوبەڕوی بەرانبەرەکانیان ببنەوە. بۆ ئەوەی ئەمریکا سەرکەوێ پێویستی بە هاوکاری و هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێک وڵاتی ئاسیا هەیە.  ڕوسیا لە چەند ساڵی دواییدا هەوڵ ئەدا ئابووریەکەی پابەند نەبێ بە سیستێمی دۆلار و ئەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی نەتەوەیی. بۆیە چاودێران پێیان وایە پیلانە شەیتانیەکەی کێرری و عەبدوڵا نەخشەیەکی گەوجانەبو. هەربۆیە دوای ئەوە ڕیاز، واشنگتۆن، دەوحە و ئەنکەرە بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانیان پەنایان بۆ ناشەرعیترین و دڕندەترین هێز برد لە جیهاندا کە سەلەفیەکان بوون. ئێستاش هەر ئەوانن باسی لەنابردنی ئەو گروپانە دەکەن!!.
ئێران لە ناو یاریەکەدا زۆرترین شانسی هەیە
هەرچەندە ئێران بەهۆی نەبونی سنور لەگەڵ سوریا ناتوانێ تاسەر ڕۆڵێکی وا کاریگەر ببینێ. تاران هەوڵ ئەدا پشتگیری خۆی بۆ عەلەویەکانی سوریا بەردەوام بکات و بەوپێیە زنجیرەیەکی شیعە لە تارانەوە بۆ بەیروت لە ڕێگای عەلەویەکانی سوریا پەرەپێبدات کە سوپای پاسداران، سوپای بەدر، ڕەوتی سەدر، مالیکی، ئەسەد و حزب اللە ی لوبنانی سەربازی ئەو خەتە دەبن. ئەوەش جوگرافیای شیعەکانە ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. 
ستراتیژی سەرجەم لایەنە بەهێزەکانی گەمەکەی سوریا و عێراق "ڕوسیا، سعودیە- ئەمریکا" بریتیە لە شەڕێک لەسەر هێلی گواستنەوەی وزە و گاز لە ڕێگای دەریای سپی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا. لە ئێستاوە دیارە پیلانی سعودیە و قەطەر کە ڕوخاندنی ئەسەد بو لە ڕێگای شۆڕشێکی سەلەفی و وەهابی سەرکەوتو نەبوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ڕوسیا و ئەمریکان. ئێستا بەدەرئەکەوێ ئەمریکا لە زۆر بواردا لەگەڵ ئێران کاردەکات. شەڕی موسڵ یەکێکە لەو نمونانە. موسڵ بۆ ئێران زۆر گرینگە و تاقە پردێکە بۆ بەستنەوەی تاران و دیمەشق بەیەکەوە. ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر ماندوە، سەختە بتوانێ ڕوبەڕوی ئێران ببێتەوە. ئێرانیش بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی ئابووری گەورەی جیهانی، پێویستی بە ئەمریکا و ئەوروپایە. ئایا تۆ بڵێی ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەگەر ئەمریکیەکان لەسوریا بێهیوابوون، پەنا نەبەنە بەر ئێران بۆ ئەوەی پڕۆژە کۆنەکە واتە هێلی گواستنەوەی نەوت و غاز لە نێوان ئێران-عێراق-سوریا لوبنان زیندوبکەنەوە؟ ئەوەش ڕەنگبێ سیناریۆیەکی پێشبینی کراوبێ بۆ دابڕانی پەیوەندی نێوان ڕوسیا و ئەوروپا. ئایا ئەوکاتە هەڵوێستی تورکیا-وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل چی دەبێ؟ ئەمریکا دەتوانێ هاوسەنگیەک لەنێوانیاندا سازبکات؟ ئەگەر ئێران پاشەکشە بە بەرهەمهێنانی چەکی نوکلێری و دژایەتی سیۆنیزم بکات، ئەوا ئەگەری ئەو سیناریۆیە لە ئارادایە، چونکە ئێران و ڕوسیا لە داهاتودا لەوانەیە ببنە ڕکەبەری بەهێزی یەکتر لە ناوچەکە.
ستراتیژی تورکیا لە عێراق و سوریا
وادیارە ستراتیژیەکانی تورکیا لە عێراق و کوردستاندا دیارن و ئەگەر بمانهەوێ خەتیان بەژێردا بکێشین، ئەبێ سەرەتا لەو خەونەوە دەستپێبکەین کە ئەردۆغان بە دەوڵەتی نوێی عوسمانیەوە دەبینێ. بەپێی ئەوەش کەرکوک، موسڵ، حەلەب سێ شاری دەوڵەتی عوسمانین و لەو سەردەمەدا موسڵ و حەلەب گەورەترین ناوەندی بازرگانی بوونە لە ڕۆژهەڵات. ئەنکەرە هەوڵ ئەدا خۆی تێکەڵی سەرجەم ململانێکان بکات کە پەیوەندیان بەو شارانەوە هەیە. 
جگە لەوە تێکەڵاوی تورکیا لەگەڵ گروپی داعش بەپێی کۆمەڵێک بەڵگەو بۆچونی گەلێک لە وڵاتان، گرینگی ئەو چەکدارانەی داعش کە لە موسڵ ڕادەکەن بۆ تورکیا دیاری دەکات. 
هەبوونی گەریلاکانی پکک و ملیشیاکانی نزیک ئەو ڕێکخراوە لە چیای شنگاڵ و دوایی سنوری موسڵ لەگەڵ ڕۆژئاوا، چاوی ئەنکەرەی بردۆتە سەر گۆڕانکاریە خێراکانی ناوچەکە.
بۆ وڵاتانی کەنداوی دوژمنی ئێران گرینگە کە تورکیا لە ناوچە سوننی نشینەکانی عێراق باڵادەست بێ، بۆ ئەوەی ڕێگا نەدات لە داهاتودا شیعەکان ناوچەی موسڵ و ئەنبار بکەنە پردێک بۆ بەستنەوەی ئێران و سوریا بەیەکەوە.
پڕۆفێسۆر ڕۆبێرت ئۆڵسۆنی شەرازە لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیوایە "تورکیا کۆمەڵێک ستراتیژی لە عێراقدا هەیە، بەڵام بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ناتوانی بەشی زۆریان بێنێتە دی". ئەگەر تورکیا لەگەڵ ئێران نەگاتە ڕێککەوتن بەتەنیا کاریگەری لەسەر هەرێمی کورستاندا دەمێنێتەوە و ئەتوانێ سود لە شیرینیەکانی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردستان وەرگرێ. ڕەنگبێ ڕێگانەدان بە بەشداریپێکردنی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاری موسڵ، سەلمێنەری قسەکانی ناوبراو بێ کە ئێران و هێزە شیعەکان ڕۆڵیان هەبو. بۆیە واپێدەچێ تورکیا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی و هێزە سوننیە بەعسیەکان کە بەشێکیان ئێستا لەناو داعشدا دەستڕۆن بیریان لە سیناریۆی ناوچە یان دەوڵەتێکی سوننە لە عێراقی ئێستا کردبێتەوە. ئەگەر بەشێک لە بانگەشەکانی بارزانی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ بەتەنیا هەڵمەتێکی ڕاگەیاندن بێ، بەشەکەی دیکەی بریتیە لە سازکردنی دەوڵەتێکی سوننە لە ژێردەستەڵاتی تورکیادا.
سەبارەت بە سوریا ترسەکانی تورکیا زیاترن. ئەگەرچی تورکیا یەکێک لەو هێزانەیە کە دەتوانێ لەسەر زەوی سوریا ڕۆڵێکی گەورەتر و بەکاریگەرتری هەبێ لە سەرجەم هێزەکانی دیکە، بەڵام سیاسەتی ئەردۆغان و گومانکردن لە پەیوەندیە مەترسیدارەکانی لەگەڵ داعش لە لایەک و ستراتیژی ئەردۆغان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵدان بۆ دەستەڵاتی ڕەهایی ئەو پیاوە، وای لە سەرجەم هێزەکانی جیهان کرد، لە ناچاری نەبێ هاوکاری نەکەن. گەورەترین کۆسپیش ئەوڕۆکە ڕۆژئاوای کوردستانە کە بۆ ئەمریکا و ڕوسیاش گرینگە. دروستبونی کوردستانێکی دیکە لە تەنیشت تورکیاهەڕەشەیە. چارەنوسی سوریا چی بەسەر دێ، کێ لە داهاتودا دەبێتە حاکمی دەریای سپی ناوەڕاست؟ سنورەکانی ئەو کوردستانە تا کوێ دەچن؟ کانتۆنەکان تا چەند و کەی یەکتر دەگرنەوە؟ ئەگەر ئەوانە نەهاتنە دی چی ڕوئەدا و پڕۆژەی بە باشوورکردنی ڕۆژئاوا سەردەگرێ یان نا؟ ئەوانە پرسیاری جدین و لە داهاتودا زو یان درەنگ وەڵامەکانیان وەردەگرینەوە.
ڕژێمی ئەسەد تا ئێستاش سەرباری ئەوەی شکست و داڕمان تا لوتی هاتوە، بەردەوامە لەسەر ئەقلیەتی شۆڤێنیزمی و دەوڵەت-نەتەوە. بەڵام وەک تاکتیکی ڕۆژانە ئەبێ لایەنی کوردی ئەوە بزانێ ئەوڕۆ ئەسەد زۆر لە تورکیا و ئەو لایەنانەی لە پەراوێزی تورکیا سیاسەت و شەڕ ئەکەن باشترە، چونکە بێهێزە و ئەو ئیرادەیەی نیە ڕوبەڕوی کورد بێتەوە.
ئێستا مۆسکۆ لەسەر سنوری سوریای دەریاسی سپی باڵادەستەو بنکەی سەربازی هەیە، بۆیە ناوچەی حەلەب و دەوروبەری بۆ ئەو زۆر ستراتیژیە کە کانتۆنی عەفرینیش ئەگرێتەوە. پەیوەندی کورد لەگەڵ ڕوسیا زۆر گرینگترە لە پەیوەندی کورد لەگەڵ ئەمریکا. ستافی ئۆباما بەتەنیا بۆ ئەوەی میراسێک بۆ دیموکراتەکان بنیات بنێ، بەر لە بەجێهێشتنی کۆشکی سپی، شەڕی موسڵی دەستپێکردوە، بەڵام لە سوریا چی ئەکات جارێ دیارنیە. کەچی ڕوسیا نایهەوێ بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە سوریا شەڕ بکات و ئابووریەکەی ناخاتە مەترسی. ڕوسیا پەلەیەتی لە پاککردنەوەی باکوری سوریا لە ئیسلامیە جیهادیەکان و ئۆپۆزیسیۆنی سوریا. ئەگەر کورد و ئەسەد ڕێکبکەون، ئەوا بەیارمەتی ڕوسیا دەتوانن سیاسەتەکانی تورکیا لە باکوری سوریا پوچەڵ بکەنەوە، ئەگەرنا ستالینگرادێکی دیکە وەک ئەوەی کۆبانێ لە عەفرین و دەوروبەری چاوەڕێمان ئەکات. ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەتەنیایە، بارەگا سەربازیە زەبەلاحەکەی ئەمریکا "ئینجەرلیک" ئێستاش لە تورکیایە. ئەمریکا لە ناوچەکە بەتەنیا تاقە ئەندامێکی بەهێزی هەیە لەناو ناتۆ ئەویش تورکیایە. سەرجەم هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وڵاتانی کەنداو سوننەن کە پەیوەندی ستراتیژیان لەگەڵ تورکیا هەیە. تورکیا ئەوڕۆ کارتی ڕوسیا دژ بە ئەمریکا باش بەکاردێنێ. کارتی پەنابەران دژ بە ئەوروپا باش بەکاردێنێ. مرۆڤ لەوە ئەترسێ، ئەمریکا ناچاربێ لە داهاتودا لەگەڵ تورکیا لە سوریا و عێراق کاربکات و پشت لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بکات. هەڵمەتەکانی تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی ئۆگستی ٢٠١٦ لە سوریا و ئەو ناوچانەی کە لە ڕوی جیۆستراتیژی بۆ کوردەکان گرینگن و هەڵگیرساندنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکا نیشانەی ئەو یەکەیە.
کورد ئەبێ باش بزانێ ئەگەر ببێتتە بەشێک لە شەڕی بۆڕیەنەوتیەکان ئەوا جگە لە سوتەمەنیەک بۆ شیعە و سوننیەکان هیچی دیکەی لێ بەرهەم نایە. کورد ئەبێ لە ئاستی ناوچە ستراتیژیەکی فراوانی هەبێ. بەپێی ستراتیژی فراوانی ناوچەکە لە هەر بەشێکی کوردستان ئەبێ ستراتیژی کورد هەبێ، ئەگەرنا بەتەنیا ئەبینە سەربازی یاریەکانی هێزەکان وەک ئەوەی ئێستا لە موسڵ ئەگوزەرێ. ئەگەر کورد توانی ستراتیژی هاوبەشی هەبێ، هێزی یەکگرتوی هەبێ، خۆی لە ئەقڵیەتی سەردەمی میرەکان ڕزگار بکات، ئەوا شانسی سەرکەوتنی گەلێک زۆرە. ئەوەی ئێستا دەبینین دابەشبونە بەسەر بەرەکاندا و لەناو ئەو دابەشبونەشدا هەندێک کورد بەتەنیا دەبنە سوتەمەنی بۆ بەرژەوەندی ئەلیتی سیاسی داخراو. کوردی بێ فکر، بێ پڕۆژە و بێ پلان جگە لە سەربازێکی ڕوتی شەڕی بۆڕیەکان چارەنوسێکی دیکەی نابێ.


Heiliger Krieg
http://lobelog.com/turkeys-strategy-for-syria-and-iraq/
http://www.globalresearch.ca/war-propaganda-syrias-destruction-by-the-lies-of-the-western-media-washington-will-never-let-go-their-target-is-world-hegemony/5549508
https://sputniknews.com/politics/201602241035279588-us-syria-conflict-daesh/
http://www.ecowatch.com/syria-another-pipeline-war-1882180532.html
http://www.informationclearinghouse.info/article40089.htm
http://lobelog.com/turkeys-strategy-for-syria-and-iraq/