زانیاری لەبارەی كوژرانی مامۆستا ئاینییەكەی هەولێر

کوردستان

23/11/2016‌ 3425 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەسوكاری‌ مامۆستا هۆشیار داوادەكەن بكەرانی‌ كردەوەكە ئاشكرابكرێن‌و بەسزابگەیەنرێن، پۆلیسیش دەڵێت "لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە".

شەوی‌ رابردوو سێ‌ شەممە 22/11/2016 سەعات 10:30 دەقەی شەو، هۆشیار ئیسماعیل بانگخوازو مامۆستای‌ ئاینی‌‌و بەرپرسی‌ ناوەندی‌ زانایانی‌ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەهەولێر لەبەردەم ماڵەكەی‌ خۆیدا بەدوو فیشەك بەسەختی‌ برینداركراو دواتر لەنەخۆشخانە گیانی‌ لەدەستدا.

لەو بارەیەوە دیار گۆران برای‌ مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل بۆ پێگەی فەرمی یەكگرتوو وتی: "داوا لەدەزگا ئەمنییەكان دەكەین وردەكاری‌ رووداوەكە ئاشكرابكەن‌و لێكۆڵینەوەیەكی‌ روون لەدۆسییەكە بكرێت‌و ئەو كەسانەی ئەم كارەیان ئەنجامداوە بەسزابگەیەنرێت".

دیار گۆران وتیشی: "ئاسایش هەموو میمیۆری‌و هاردەكانی‌ كامێرای‌ چاودێریەكانی‌ گەڕەكەكەی‌ بردووە تائێستا هیچ روونكردنەوەیەكیان بەئێمەنەداوە، كەچی‌ لەوێنەی‌ كامیراكان هەیەو ئێمە سبەینێ‌ داوای‌ یاسایی‌ تۆماردەكەین".

بەوتەی‌ ئەو برایەی‌ مامۆستا هۆشیار "سەعات 10 ە 30 خولەكی‌ شەوی‌ رابردوو، كەسێك لەدەرگای‌ ماڵی‌ براكەیان داوە بەهۆی‌ ئەوەی‌ كوڕی‌ گەورەی‌ نییەو چوار كچ‌و كوڕێكی‌ منداڵی‌ هەیە، خۆی‌ چووە دەرگاكەی‌ كردووەتەوە لەوكاتەدا كەسێك دوو گولەی‌ لێداوە، كە بەرسنگ‌و سەری‌ كەوتووە، دوای‌ نیو سەعات لەنەخۆشخانە گیانی‌ لەدەستداوە".

دیار گۆران هەروەها وتی: "ئەگەر ئەم دۆسیەیە  وەكو باقی‌ دۆسییەكانی‌ دیكە بەلارێدا ببرێت هیچ ئەنجامی‌ نەبوو، گومانەكان زیاتردەكات‌و هیوادارین وانەبێت".

باسی لەوەش كرد ئەوان ناتوانن بڵێن گومانیان لەكەسێكی‌ دیاریكراوە، بەڵام لایەنە ئەمنییەكان بە بەرپرس دەزانن بۆ دۆزینەوەی‌ تۆمەتباران‌و بەسزاگەیاندنیان‌و وتیشی "هیوادارین ئەمەش نەبێتە سیناریۆ، چونكە چەندە لەئێمە دراوە ئەوەندەش لەدەسەڵاتی‌ هەولێر دراوە".

هاوكات سائیب عەلی‌، بەرپرسی‌ لقی‌ زانایانی‌ ناو شاری‌ هەولێری یەكگرتوو داوای‌ لەدامودەزگا ئەمنییەكان كرد تۆمەتباران بەسزا بگەیەنن، "مامۆستا هۆشیار نەخۆی‌‌و نەبنەماڵەكەی‌ هیچ كێشەیەكی‌ لەگەڵ كەس  نەبووە، بۆیە نامانەوێت هیچ پشێویەك دروست بێت‌و دەمانەوێت لەڕێگەی‌ یاساوە دۆسیەكە یەكلا بكرێتەوە".

ناوبراو ئاشكراسیكرد، "بكوژەكە لەكامێرای‌ چاودێری‌ ماڵی‌ مامۆستا دەركەوتووە، بەڵام نەناسراوەتەوە بەبندیوارەكاندا هاتووە تاگەیشتووەتە بەردەم ماڵی‌ مامۆستا".

پۆلیسی‌ هەولێریش لێكۆڵینەوەی‌ لەڕووداوەكە دەستپێكردووەو رایدەگەیەنن تا لێۆكۆڵینەوەكان تەواو نەبن هیچ شتێك ئاشكراناكەن، هۆگر عەزیز وتەبێژی‌ پۆلیسی‌ هەولێر رایگەیاند، "ئەوان وەك پۆلیسی‌ هەولێر پەراوی‌ لێكۆلینەوەیان بۆ بۆرووداوەكە كردووەتەوەو لێكۆڵینەوە لەهەمووشتێكی‌ رووداوەكە دەكەن".

هۆگر عەزیز راشیگەیاند "ناتوانن هیچ شتێك لەسەر دۆسییەكە بڵێن، چونكە لەقۆناغی‌ لێكۆڵینەوەدان‌و دەبێت هەموو لێكۆڵینەوەكان تەواوببێت".

ناوبراو ئەوەشی راگەیاند "ب ۆئێمەش رووداوەكە جێی‌ نیگەرانی‌ بوو، بەڵێن دەدەین بەبێ وچان لەگەڵ هەموو دەزگا ئەمنییەكان كاریدەكەین بۆ دەستنیشانكردنی‌ تاوانباران و دۆزینەوەیان".

هـ ـ ح

بەپەلە