یەكێتی پابەندنابێت بەبڕیارەكانی كۆبوونەوەكە
شارپرێس ناوی ئەو سەركردانەی یەكێتی ئاشكرادەكات رازینەبوون نوێنەی حیزبەكەیان بچێتە كۆبوونەوەكەی بارزانی

کوردستان

08/07/2017‌ 10437 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشێك لەئەندامانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رازی نەبوون هیچ نوێنەرێكی حیزبەكەیان نەچێتە كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی‌و ئەو لایەنانەی نوێنەریان بۆ كۆمیتەی فراندۆم دیاریكردووە.

كۆمیتەی ریفراندۆم بە بەشداری ئەندامانی حیزبەكان پێكهێنراوەو ئەمڕۆ شەممە كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا، ئەوەش بۆ تاوتوێكردنی پرسی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم، كە بڕیارە لە 25/9/2017 بەرێوەبچێت.

كۆبوونەوەكە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی ئەنجامدراوەو بەپێی ئەو نووسراوەی دەست شارپرێس كەوتووە، چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی جەختیان كردووتەوە، كە نابێت هیچ ئەندامێكی ئەو حیزبە بەشداری كۆبوونەوەكە بكات، ئەوەش بەپێی بڕیاری دواین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی.

لەنووسراوەكەدا جەخت لەوەش كراوەتەوە، كە هەر ئەندامێكی یەكێتی لەو كۆبوونەوەیە بەشداربێت نوێنەرایەتی حیزبەكەیان ناكات‌و یەكێتیش پابەندنابێت بەبڕیارەكانی كۆبوونەوەكەوە.

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ئەنجامدراو تێدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەپشكی یەكێتی‌و نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك لەپشكی هەمان حیزب بەشدارییان كرد، كە بەرپرسانی یەكێتی رایانگەیاند ئەوان بەنوێنەرایەتی حیزبەكەیان بەشدارییان نەكردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بەشارپرێس، عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش بۆ كۆبوونەوەكە بانگهێشتكراوە، بەڵام ناوبراو رەتیكردووەتەوە بەشداری بكات، ئەوەش بەهۆی بڕیاری سەركردایەتی حیزبەكەی.

یەكێتی نیشتمانی بە بڕیاری كۆتا كۆبوونەوەی سەركردایەتی بڕیاریداوە نوێنەر بۆ كۆمیتەكە دیارینەكات، ئەوەش تا كاتی كاراركردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە رازی نییە هیچ كەسێك بەناوی حیزبەكەوە بەشداری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بكات.

لەو بارەوە سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەشارپرێسی راگەیاند "یەكێتی لەدوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی خۆیدا بریاریداوە بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە نەكات‌و هیچ نوێنەرێكیش دیاریناكات".

سامان گەرمیان هۆكاری بەشدارینەكردنی یەكێتی بۆ ئاشكراكردو راشیگەیاند "یەكێتی لەگەڵ ئەوەدایە، كە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم پەرلەمان كارابكەنەوە،  چونكە پەرلەمان دەزگایەكی شەرعییە یاسایی تایبەت سەبارەت بەڕێوشوێنی چۆنییەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاریبكات".

گەرمیانی، كە ناوی لەلیستەكەشدا هاتووە ئەوەشی راشیگەیاند "ئەگەر هەر ئەندامێكی سەركردایەتی، یان مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەشداری لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ كردبێت، ئەوە بەدڵنیاییەوە نوێنەرایەتی یەكێتی ناكات‌و نوێنەری خۆیەتی".

كۆبوونەوەكە لەبارەی كۆبوونەوە لەراگەیەنراوێك بڵاویكردەوە، ڕۆژی شەممە 8ـی 7ـی 2017 لەپیرمام یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی‌و بەشداری نوێنەری پارتە سیاسی‌و پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئایینییەكانی ئەندام لەو ئەنجوومەنە بەڕێوەچوو.

هەروەها لەراگەیەنراوەكە بڵاویكردەوە، كە دوای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی‌و دوا پێشهاتەكان‌و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و پڕۆسەی سیاسی ناوخۆی هەرێم، بڕیار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:

یەكەم: پابەندبوونی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بەبڕیارو ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی 7ـی حوزەیرانی 2017 سەبارەت بەدیاریكردنی ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەهەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم‌و چارەسەركردنی پڕۆسەی سیاسی هەرێم‌و هەوڵدان بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵك.

دووەم: بۆ هەنگاونانی پڕاكتیكی لەئامادەكاری لەسەرجەم بوارەكانی ڕیفراندۆم هەیكەلییەتی كاری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم‌و كۆمیتە فەرعییەكان دیاریكرا.

سێیەم: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهەموو توانایەكەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی لەهەرێمی كوردستان‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان، پێداویستییەكانی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم فەراهەمدەكات.

هـ ـ ح