ئەردۆغان چۆن سوڵتانەتیەكەی دۆڕاند؟

13/12/2017

ئاسۆ حاجی

ئەگەر كارەساتی كەركوك بەڕوە خیانەتكاریە ناوخۆیەكە و گەلەكۆمە دەرەكیەكەی وەك غەسان شەڕبلی نووسەری عەرەب و بەناو دۆستی كورد ناوی لێنا ( تەئدیب – تەمبێ كردن كورد) چەند پاشەكشێی بە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و ئامانجە مێژوویەكەی گەلی كوردستان كرد لە سەر بەخۆیی زیاتر لەوەش زیاتر پاشەكشێ كردن بوو بە ئەردۆغان و حیزبەكەی و وڵاتەكەی لە ناوچەكەدا.

ئەردۆغان لە بەرامبەر پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی گەلی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەوەی سەڵماند كە سیاسیێكی عیناد و كورت بینە و ئەو كەسە نیە كە بتوانێ سەروەریەكانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بگەڕێنێتەوە چونكە لەیەكەمین ڕوبەڕوبوونەوەی فیعلی لەگەڵ میراتگری ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی لە كەركوك شكستی هێنا و لە شەڕەكە دۆڕا.

هاتنە پێشی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان زیاتر لە بژاردەیێكی خستە پێش ئەردۆغان وەك چۆن خستیە بەردەم ئەزمونێكی گەورە،بەڵام ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم سەلماندیان لەهیچیان سەركەوتوو نەبوو،ئەردۆغان سەلماندی كە زیاتر دەیەوێ ئەتاتۆركێكی دیكە بێ نەك خەلیفەیەكی عوسمانی،بەوەی كە هەموو توانا و قسە و كرداری لە دوژمنایەتی كردنی گەلی كورد كورت كردەوە و تەواو ئیڕادە و عەقڵی خۆی تەسلیمی نەتەوە پەرستەكانی تورك كرد و زیاتر وەك دەروێشێكی باخچەلی دەدوا و بڕیاری دەدا نەك وەك میراتگرێكی سوڵتان سولەیمان قانونی و محەمەد فاتیح و سوڵتان سەلیم.

پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەرگای گەڕاندنەوەی سەروەریە لە دەست چووەكانی عوسمانی بۆ ئەردۆغان كردەوە لە گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ و بەو كارەش لەهەموو ڕوێكەوە سەردەكەوت و پاشەكشێی بە نەیارە ئیقلیمیەكان دەكرد و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش حیساباتی توركیا دەچووە ئاستێكی دیكە كە هەموو مەمنونی مەرحەبایێكی دەبوون.

ئەردۆغان حەقی خۆیەتی گلەیی ئەوە لە سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان بكات كە بەر لە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پرسیان پێی نەكردووە و ئەوە یەكێكە لەو خاڵە هەرە گرنگانەی كە سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان بەبێ یەكلایی كردنەوەی نەدەبوایە هەنگاو بۆ ڕیفراندۆم بهاوێژن،بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا ئەردۆغان دەیتوانی دۆستایەتی لەگەڵ گەلی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان بەگشتی بباتە قۆناغێكی پێشكەوتووتە كە بەرژەوەندی هەردوولای تێدا بوو بەوەی كە مەرجی پاڵپشتی كردنی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بە دامەزراندینی كۆنفیدڕاڵی لەگەڵ توركیا ببەستێتەوە كە بەوە خەونی گەڕاندنەوەی ویلاتی موسڵ بە شێوەیێك كە لەگەڵ سەردەم بگونجێ و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش مەقبوڵ بێ،هەروەها چەندین هەنگاو پاشەكشێ بە ئێران بكات و تۆڵەی سوریا و ئەو شەڕەی لە ڕێگای پەكەكەوە خستیەوە ناو توركیا بكاتەوە.

بەڵام ئەردۆغان چون پشتی باشترین دۆستی خۆی بە زەوی دادا بەهەمان شێوە خەونە مەزنەكەی خۆشی بەنەزانی لەگەڵ بەزەویدا كێشا و هەپڕون بە هەپڕونی كرد و زەحمەتە بتوانێ پارچەكانی كۆبكاتەوە و بەیەكیان بنوسێنێتەوە،مەگەر دۆخەكە بە هەر جۆرێك بێت بگەڕێتەوە بەر لە شازدەی ئۆكتۆبەر.

ئاسۆ حاجی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە