بومەلەرزە

13/12/2017

عەزیز رەئوف

لە یەكێك لە ساڵەكانی 1950 شێخ عەبدولعەزیزی باپیرەم بۆ یەكەمجار ڕادیۆ دەهێنێتە گوندەكەمان. خەڵكی لێی كۆ دەبنەوە كە جیهازێك قسەدەكات، هەندێك بە شتێكی گرنگ و هەندێكی تریان بە غەزەبی خودای دەزانن. كە شەو بومەلەرزە ڕوو دەدات "پورە ئەفرۆز" بە چرایەكەوە ڕادەكاتە دەرەوە و دەڵێ چۆن خوا غەزەبمان لێ ناگرێ عەولعەزیز ڕادیۆنی هێناوەتە ئاوایی. 

نزیكەی حەفتا ساڵ بەسەر غەزەبی ڕادیۆكەی باپیرما تێدەپەڕێت، كەچی گوێبیستی ئەوە دەبین كە بۆیە بومەلەرزە لەم ناوچەیە ڕوو دەدات چونكە بێدینی و فەسادی لەئارادایە. بەڵام غەزەبی ئەمجارەی بومەلەرزە پەیوەندی بە تەكنەلۆژیاوە نیە و ئیتر زانست گەیشتۆتە دوورترین گوندی كوردستان، بەڵكو بەم دیدە نەریتپارێزە بیت غەزەبی بومەلەرزە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە كۆمەڵگەی ئێمە لە خواپەرستی دوور كەوتۆتەوە و فەسادی ڕووی تێكردووە.

ئەگەر بومەلەرزە دیاردەیەكی سروشتی بێت ئەوا ڕوودانی هەرگیز تاقیكردنەوەیەكی خودایی نییە وەك ئەوەی بەشێك لە پیاوانی ئاینی تەفسیری دەكەن. هیچ كاتێك بارتەقای ئێستای كۆمەڵگەی كوردی ئایین ئامادە نەبووە و بینای مزگەوت و دەنگی پیاوانی ئاینی بەرز نەبووە و نازانم خودا كوێی ئەم كۆمەڵگەیە تاقی دەكاتەوە. ئەگەر قسە لەسەر فەسادی و دووركەوتنەوە لە ئایین بێت ئەوا دەبوو ئەو دەوڵەتانەی سیستەمێكی عەلمانیان هەیە داریان بەسەر بەردیانەوە نەمایە. بومەلەرزە دیاردەیەكی سەد لە سەد سروشتییە و بێدەسەڵاتی مرۆڤ بەرامبەر بە دیاردە سروشتیەكان و نەشارەزایی لە زانست وای لێ دەكات بە دیاردەیەكی ئاسمانی ببینێت وەك لە ڕووداوێكی زەمینی. 

ئەمە بۆ كایەی سیاسەتیش ڕاستە، سەرهەڵدانی دیكتاتۆرەكان و خراپی گوزەرانی خەڵك كردەیەكی دنیاییە و هەرگیز كردەیەكی خودایی نەبووە و ناشبێت، هەربۆیە سەیر نیە زۆربەی دیكتاتۆرەكانی دنیا لەو ناوچانەن كە ئایین تێیاندا زاڵە و چارەسەركردنی كێشەكان بۆ خودا جێدەهێڵرێت نەك مرۆڤ. دەسكاریكردنی دنیای ئێمەش بەر لە هەر شت دەسكاریكردنێكی دنیاییە و هەرگیز خودا دنیای تۆ جوان ناكات ئەگەر خۆت هەوڵی باشكردنی نەدەیت. پەنابردنە بەر ڕستەكانی وەك" خوا ئەم دۆخە چاك بكات" و " خوا لەناویان بەرێت" و " خوا ڕسوایان بكات" هیچ نیە جگە لە بێدەسەڵاتی كۆمەڵگەیەك بەرامبەر بە ستەمكارەكانی. 

هەربۆیە دەبێت بزانین بومەلەرزە دیاردەیەكی سروشتیە، كاتێك كە لە مانا زانستیەكەی ڕوودانی بومەلەرزە تێنەگەیشتین، ئەوا كردەی خودایی و غەزەبەكانی ئاسانترین تەفسیرە بۆ هۆكاری ڕوودانی ئەم دیاردە سروشتیە.

من نازانم دەبێ دەربەندیخان چی كردبێ تا خودا غەزەبی لێ بگرێت؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی