‎بەر لە ڕاپەرین ڕێگایەک بدۆزنەوە

13/12/2017

كاروخ حەسەن

دوای دەرئەنجامەکانی ریفراندۆم و ڕوداوەکانی دوای 16 ئۆکتۆبەر ، هەرێمی کوردسان هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەم لەسەر ئاستی دەرەوە پێی نایە قۆناغێکی نوێ وە ، بەچەشنێک کۆی ئەو ئەگەر و پێشھاتانەی ساڵانێک بوو لە تاریکی و پەنهانداجار جارە  لە پەراوێزی ڕووداوە گەورەکاندا بەچرپە و قسەی سەر پێی ئاماژەیان بۆ دەکرا، لە ئاستانەی ڕودانیاندا دەرکەوتن. 
‎لەسەر ئاستی ناوخۆ سەرەڕای گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاریەکان، ڕۆژ دوای ڕۆژ نیگەرانی و ناڕەزایەتیەکان ڕوەو دەسەڵات زیاتر دەبن ، لەھەر لایەکەوە سەیری دەسەڵات بکەی، جگە لە کۆمەڵێک برین بەسەر جەستەیەوە کە تیغی کێشەگەلێکی زۆر دروستیان کردووە، ھیچی تر بەدی ناکەین،  بەجۆرێک رۆحی سمیو و ھاواری پر حەسرەتی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان بەدەست چەندین کێشەی جۆراوجۆرەوە پێماندەڵێت، ژیان و بەردەوامی بۆ ئەم دەسەڵاتە مانایەکیان بۆ نەماوەتەوە، ئیدی پێویستە چیرۆکی مەرگی یاداشت بکرێت ، لەسەر ئاستی دەرەوەش دوای بێ باکی و سەرکێشی سیاسیەکان لەسەر ریفراندۆم پەراوێز خستنێکی بەرچاو هەیە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، پێویستمان بە چەندین ساڵ و ژمارەیەکی زۆر ھێزی دیبلۆماسی کارا ھەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت پەیوەندییەکان بگەڕێنرێنەوە ئاستی پێشویان. 

‎ئەمەش وایکردوە هەرێم جگە لە دەرگای بەغدا نەتوانێت لەهیچ دەروازەیەکی ترەوە لەو بارودۆخە خۆی دەرباز بکات ، لەکاتێکدا بەغدا بە چەندین ڕێگا سەرەتا دیبلۆماسی و دواتر قانونی و پاشانیش سەربازی و لەئێستاشدا ئابوری و سیاسی هەنگاو فشارەکانی ڕوەو هەرێم بەردەوامن ، لەکاتێکدا هەرێم بە ئاشکرا بریاری سڕکردنی ڕیفراندۆم و بەیاننامەی ڕێزگرتن لە بریاری دادگای ئیتحادی و دواتریش دوا لێدوانی سەرۆکی حکومەت بوو بەوەی بریاری دادگا کۆتایی و قاگعە سەبارەت بە ڕیفراندۆم ، دەرگای بۆ دانیشتن و دانوستان کردۆتەوە.

‎بەڵام بەهۆی لاوازی و شکستی سیاسیە حوکمڕانەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، نەیتوانیوە و ناتوانێت ئەم بارودۆخە خۆکردە تێپەڕێن، بەردەوام سروشتی دەسەڵاتە ستەمکارەکان بەشێوەیەکە ئیرادەی دروستکردنی کێشە و نەھامەتیان ھەیە ھەر چەند بچوک و گرمۆڵە بن دەشێ بتوانن باڵاتر لە پەیکەری قەزمی دەسەڵاتەکەیان کێشە و قەیران بەرھەم بھێنن. بەڵام گرفتەکە کاتێک گەورە دەبێت کە بۆ ھەمووان ڕوون دەبێتەوە، ئەم جۆرە دەسەڵاتە تەنیا ئیرادەی دروستکردنی کێشەی ھەیە، بەڵام ئیرادەی چارەسەری کێشەکانی لا بەدی ناکرێت، پێویستە ڕەگەزێکی تری دەرەکی یارمەتی دەربێت لە پڕۆسەکانی چارەسەری. بەم ھۆیە ھەموو دەسەڵاتە ستەمکارەکان لە کۆتاییدا دەگەن بە دووڕیانێک، لەنێوان بینی مەرگی خۆیان و ھێنانەناوەی ڕەگەزێکی بیانی بەمەبەستی چارەسەر دەبێت دانەیەکیان ھەڵبژرێن. بڕیاری گەڕانەوە بۆ بەغدا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ھەرێمەوە لەئێستادا، پێمان دەڵێت، ئەمانە سڵ لەمەرگ و لەناوچوونی خۆیان دەکەنەوە خۆیان توانا و ئیرادەی چارەسەریان نیە، ناچارن بەغدا وەک ڕەگەزێکی دەرەکی بھێنە ناوەوە بەمەبەستی چارەسەر.

‎من پێم وایەو پێشتریش ئاماژەم پێکردووە  ئەم دەسەڵاتە ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت بەرەو دۆخێکی مەترسیدار دەڕوات بەوپێیەیی بەهۆی خراپی ژیانی خەڵکەوە ڕێژەی نیگەرانی و ناڕەزایەتیەکان خەریکە دەگاتە ئاستی سەرڕێژی و ڕاپەرینی جەماوەری. بەھۆی بەرزی ئاستی توڕەی خەڵکەوە ئەگەر ئەم ڕاپەڕینە ڕووبدات، چاوەڕان دەکرێت کۆی ئەو ئەزموونەی ناوی حکومەتی ھەرێمە و لەماوی بیست و شەش ساڵی ڕابردوو بونیاد نراوە پایەماڵ بکات. چونکە ھەمیشە لەو جێگایانەی ستەم بۆ ئاستێکی مەترسیدا ھەڵدەکشێ، لەکاتی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیەکاندا، خەڵکی ھەر بەتەنیا ڕووبەڕووی بەدیەکانی ئەو دەسەڵاتە نابێتەوە کە ستەمی بەرھەمھێناوە، بەڵکو باشی و دەستکەوتەکانیشی، بە بەھانەی مانەوەی ماک و پایەی دەسەڵات و ئەدگارە تۆتالیتارەکانی ناوەوەی لەناو دەبات. لە باری ڕوودانی ڕاپەڕینی جەماوەری لەھەرێمدا، شتێک لە ئاسەواری باشی و بەدییەکانی حکومەت و دامەزراوەکانی بەجێنامنێت. 

‎بۆ بەرگرتن لە ھەر پێشھاتێکی چاوەڕوانەکراو، بژاردەی باش و بڕیاری دروست بۆ باشکردنی بژێوی خەڵک و کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی خەڵک لە ئەمڕۆدا ، دەستهەڵگرتنە لە و ملهوڕی و ململانێ بێ بنەمایەیی کوردستانی بە ئەمڕۆ گەیاند ، هەنگاوی دروست دورکەوتنەوەیە لە دەسەڵات و دەرفەت دانە بەو کەس و هێزو گروپانەی خاوەن بەرنامەو بۆچونی تازەن بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و دانیشتن لەگەڵ بەغدا . 
بۆ ئەوەی دانیشتنەکانیش لەگەڵ بەغدا ئامانجدار و سەرکەوتوو بن،
‎لەئێستادا پێویستمان بە گۆڕانکاری گەورەی ناوخۆی هەیە لەکۆی بوارە جیاوازەکانی حوکمرانیدا ، وە پێویستمان بە پێداچونەوە بە گوتاری دەرەکی و پەیوەندیەکان هەیە لەسەر ئاستی باڵا .

وە ‎بەر لەوەی گەل بەو توڕەیەیی ناوەوەی بڕیاری بدات باشتر وایە ڕێگای ڕاست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدۆزنەوە ، ڕەوڕەوەی مێژوو پێمان دەڵێت کە سیاسەتی  کات کوشتن و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا لەڕێگەی گوتاری چەواشەو چەوساندنەوەی هەمەجۆر نەک هەر خۆری خۆتان بەڵکو هی ئەم هەرێمەش ئاوا دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی