لەناخی هەموو مرۆڤێکدا
ئاژەڵێک وەرکەوتووە ، ئەگەر لە یەکێک بپرسیت کە ئایا لەو بڕوایەدای کە ئاژەڵێک لەناخدا
هەیە ؟ دەزانیت ئەو ئاژەڵە چ جۆرێکە و چیت لێدەکات ؟! لەوانەیە کەسەکە گاڵتەت پێبکات لێت تووڕەبیت و
ئەمە بە بێڕێزی و ئیهانە دابنێت !!
بەدریژایی مێژوو
، مرۆڤ بە چەندین شێواز سەیری ئاژەڵی
کردووە و بۆچوونی مرۆڤ بۆ ئاژەڵ جیاواز بووە ، یان لێیترساوە یان خواستی ئەوەی هەبووە
بەخێوی بکات بۆ سوودوەرگرتن لێی لە زۆربەی کاروبارەکانی ژیاندا…..یەکێک لە هزرمەندە
هاوچەرخەکانی ئەڵمانیا ، دەستەواژەیەکی هەیە کە نامۆ نیە لە عەقلی خۆرئاواییدا کە
دەڵیت :- (ئەگەر لەو ئاژەڵە تێنەگەین کە لەئێمەدایە ، کەواتە لەخۆشمان تێناگەین )
جا ئەو ئاژەڵەی لەناخی ئێمەی خۆرهەڵاتیدا هەیە جیاوازە لەگەڵ هی ئەوان ، ئاژەڵەکەی
ناخی ئەوان بەدریژایی مێژوو سەدان کارەساتی گەورە و جەرگبڕی ئەنجامداوە و کپ بووە
، بەڵام هی ئێمە هەمیشە بە ئاگاو لەسەر پێیە و هێشتا ماوە ئەو قۆناغانە ببڕێت !! ئەو
ئاژەڵە کە لەناوچەی بێئاگایی و نەستی مرۆبدا لەچەرکەساتە ڕەشەکاندا بە ئاگا دەهێنریتەوە ، دەبێتە دڕندەیەک ، دڕندەی ڕق و تووڕەیی و
ئاگری هەوەس و هەڵسانەوەی کینەی خەفەکراو و دەستدریژیکار ، کە بەرانبەر هەموو کار
و هەڵسوکەوتی پێکەوەیی و تەناهی و پاکیی و ئاشتەوایی و دەستلەملانێکردن دەوەستێتەوە….جا
بۆئەوەی خۆت بناسیت دەبێت ئەو ئاژەڵە وەرکەوتووەی ناخی خۆت بناسیت ، کە هەندێک جار
مرۆڤ دەگەینێتە ترۆپی چرکەساتی هەرە ڕەش ، مەرگ و تراژیدیای ناخهەژێن لەگەڵ خۆیدا
دەهێنیت .
زانای گەورەی سایکۆلۆژی
« سیگمۆن فرۆید » وایدەبینێت کە کەسایەتی هەریەک لەئێمە شتێک نیە ، تەنها ئەنجامی
ململانێی پاڵنەرە ئاژەڵیەکانمان نەبێت لەگەڵ ڕەوشتمان ، ووزەی زیندوێتی ئاژەڵیمان
« لبییدۆ» واتە غەریزە زەروریەکانمان بۆ ژیان وەک ترس ، هەناسەدان ، پێویستیمان بۆ
خۆراک و ، نووستن … تاد ، ئەو سروشتی ئاژەڵیەمان لە ململانێدایە لەگەڵ ئەوەی فێریبووین
لە ئەتەکێتی مامڵکردن و ڕیزگرتنی دابونەریت ، بەمە لەو ململانێیەی « من - الانا»دا
، کەسایەتی ، یان شوناس ، بەرهەمدێت ، کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە ، مەدامەکی ئاژەڵ لە
ئێمەدا هەیە ، کەواتە « چەند لە بیروهزر و ڕەفتارەکانمان ئاژەڵین و ، چەندان مرۆیین
؟ » گەر وەک پانۆڕامایەک سەیری کۆی بیر و ڕەفتاری
کۆمەڵگەی کوردستان بکەین ، وایدەبینین کە لەزۆربەی جاردا ، ئەو ئاژەڵەی ناخ لەکاتی
تێکچوونی بەرژەوەندیەکان و برسیتی و گرانی و هەڵچوون و تووڕەبوون یان لەڕیگەی کەرەستەی
بێهۆشیی ، دەبێتە دڕندە و کارەسات بەدوای خۆیدا دەهینیت و ئەوەی مرۆییە تووڕی هەڵدەدات ، لەهەمان کات غەریزەی
تەمەلوک و دەستبەسەرداگرتن دەگاتە تروپ و سەردەکەوێت و ئەوەی بەخشین و قوربانیش ژێر
دەکەوت .
ئاژەڵی ناخی مرۆڤ زۆر
بە « سادیانە» و دڕندانەتر لە ئاژەڵی ئاسایی مەمڵە و هەڵسولەوت دەکات ، ئاژەڵی
ناوچەی نائاگایی و نەستەکانمان کوێرە و نابینێت، تۆ کە نابینیت چۆن دەتوانیت خۆشەویستی
بکەیت ، من مەبەستم مرۆڤی کوێر نیە کە دەتوانێت خۆشەویستی ئەنجامبدات ، مەبەستم کوێری
مەعنەویە ، کوێری هەستەکان ، ئەگەر هەستەکان ڕووناکی لەدەستبدات ، ئەوە لەناو جەنگلستانێکی
تاریکدا دەبیت ، تاریکی ڕق و کینە و پێشێلکاری لەسەر ژیانی ئەوانی تر کە ناهێڵێت بە
بەختەوەری بژیت ، مرۆڤ دەتوانێت بە هۆشیاریەکەی دڕ بە جەنگلستان بدات و ، هۆشیاری بکاتە
گلۆپێک بۆ ڕەواندنەوەی تاریکی .
ئەو غەریزە ئاژەڵیەی لە
ئێمەدایە ، مەرج نیە پێچەوانەی مرۆڤایەتی بێت ، بزانە لەڕیگەی هۆشیاری چ چێژێک لە
سەیرکردنی جوولەی ئاژەڵەکان دەبینین ، لەهەموو بواریکدا « ئەگەر لەو ئاژەڵە نەگەین
کە لەناخمادایە ، لەخۆمان ناگەین »
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی