گۆمی ئاژاوە

08/04/2024

چۆلی ئەسعەد



تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چییان بەسەر مرۆڤ هێناوە؟ زۆرن ئەوانەی هەستێکی پڕ گومانیان لەوە هەیە، کە سۆشیال میدیا زیان بە هزری خەڵک و منداڵەکانیان و پێکەوەییان دەگەیەنێت، بەڵام پێدەچێت کاریگەرییەکانی سۆشیال میدیا ئەمانەی تێپەڕاندووە و دۆخەکە لەوە قووڵتر دەردەکەوێت کە مرۆڤەکان دەیبینن.
ڕۆژنامەنووسی ئەمریکیایی (ماکس فیشەر)، کە لە ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی ئەمریکادا کاردەکات، بەتایبەتی ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، ڕووماڵی ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی هەر پێنج کیشوەرەکەی بۆ ئەو ڕۆژنامەیە کردووە و ڕۆژنامەنووسێکی بنکۆڵکاری و ستوون نووسێکی دیارە، کتێبێکی بەناوی (مەکینەی فەوزا) بڵاوکردەوە، کە تیایدا لە ژێر ناونیشانی (چیرۆکی کاریگەریی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر مێشک و جیهانەکەمان) نووسیوە و پشتی بە بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی هەندێک ڕێکخراوی میدیایی وەک: فەیسبووک بەستووە و بەڵگەنامەکان سیاسەتەکانی کارکردنی فەیسبوک ڕوون دەکاتەوە. 
نووسەر هەوڵدەدات، چیرۆکی بەئازار و نیگەرانکەری تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و تویتەر (ئێکس) بگێڕێتەوە، کە بەهۆی دەروون لاوازیی زۆرکەس دەقۆزنەوە. دەڵێت؛ ئەم پلاتفۆرمانە بەشێوەیەک داهێنراون کە بەکارهێنەرانیان هانبدات بۆ کاردانەوەی توندڕەوانە. نووسەر بەدوای بڵاوبوونەوەی گوتاری پڕ لە ڕق و کینەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی زۆر ناوچەی ئەم جیهانەدا دەچێت، کە گوتارێکە گۆڕاوە بۆ کردەی توندوتیژی و ئاماژە بەو نائارامییە دەکات کە زۆر لە وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە و کاربەدەستانی تۆرە کۆمەلایەتییەکانیش بە بیانووی ئەوەی کە دەستوەردانە لە ئازادیی رادەربڕین ڕەتی دەکەنەوە رێگرییان لێبکەن، بەلام ئەمەیان بۆ دەستکەوتنی قازانجە کە لەو دۆخەدا دەستیان دەکەوێت. 
نووسەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە دەرەنجامی ئەمانەدا، گۆڕانکاریی کلتورییان بەدوای خۆیاندا هێناوە، ئەمەش لەسەر بنەمای ڕاستی و دروستی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای زانیاریی چەواشەکارانە و وروژاندنی ترس و توڕەییە. 
پاشان دەپرسێت؛ چی دەبێت ئەگەر کۆمەڵ بەتەواوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داببڕێت؟ 
لێرەوە لەو ڕاستییە تێدەگەین کە، شۆڕشی تەکنەلۆژیی پەیوەندییکردن، بووە بە فاکتەرێکی کاریگەری بڵاوبوونەوەی گوتاری ڕقئامێز لە تۆڕەکانی میدیادا، بەشێوەیەک بڵاوبوونەوە و بەکارهێنانی ئامرازەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یارمەتیدەرێکی گەورەی کۆکردنەوەی هەڵگرانی بیری توندڕەوین، لە هەر شوێنێک بێت بە ناوی دروستکراوەوە، کە پرۆسەی پەیوەندییەکەیانی هەرزان و ئاسانکردووە، ئەمەش بە ئامانجی کۆکردنەوەیان بۆ بلاوکردنەوەی ڕق و کینە بەرانبەر گروپە دیاریکراوەکان، کەسانی توندڕەو کە ئارەزووی بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕقئامێز و پەخشکردنی نامەی ناشیرین نیشاندان و بێڕێزیکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین ڕێگا دەگرنەبەر، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی هزری توندڕەوی و جیاکاری و گوتاری.
ئەوانەی ئەو هەستەیان هەبوو و لە ژوورە داخراوەکاندا بەشەرمەوە گوزارشتیان لە بۆچوونەکانی خۆیان دەکرد، لەم تۆڕانەدا زەمینەی بلاوکردنەوەی گوتارە ڕقئامێزەکانیان دۆزیەوە، کە دەگات بە هەزاران هەندێجاریش بە ملیۆنان بەکارهێنەر، بەمەش کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و زیانەکانیشی گەورەتر دەبن.
ئەو گوتارانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە، دەبنەهۆکاری نالێبوردەیی و دروستبوونی گوتاری ڕقئامێز و توانای تایبەتییان هەیە لە هەڵگیرساندنی گرژی لە نێوان پێکهاتەکاندا و بەرپاکردنی توندوتیژی لەنێوان تاکەکاندا. بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر شێواندنی ڕاستییەکان و ئەو گوتارانەی ئاژاوەهێنن دەبێت، کاریگەریی بەهێزیشیان لەسەر کێشە و ململانێکان دەبێت، ئەمەش سەرەڕای بەرزکردنەوەی لاوازیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بە شێوازێکی چاوەڕواننەکراو.
تۆڕی کۆمەڵایەتی مەرجەکانی گۆڕەپانێکی فراوانی بۆ ئازادیی بیروڕا فەراهەمکردووە، کە پێشتر لەبەردەستی کەسدا نەبووە، وەک چۆن هەموو کەسێک ئازادی ڕەهای هەیە بۆ دەربڕینی هەڵویستەکانی بەبێ سانسۆری دەوڵەت و بەبێ ئەوەی کەس ڕێگری لێبکات یان تەنانەت سانسۆریش بەسەریدا بسەپێنێت و کردنەوەی دەرگایەکی بەر فراوان بۆ ئەوەی چییان دەوێت بیڵێن.
ئەگەر بەدواداچوونێکی تەنانەت سەرپێییش بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بکەین، بە ئاسانی درک بەو مەترسییە دەکەین کە بە چ زمانێک و بە چ تێگەیشتنێکەوە، بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک ئەوەی نەتوانێت لە کۆڕێکی دانیشتنی کۆمەڵایەتییدا دەرببڕدرێت ئەوا لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بێ پەردە دەوترێت، دەکرێت هۆکارەکانی پشت ئەم دیاردە پڕ لە مەترسی و نیگەران کەرەدا، لە پێش هەر شتێکدا کۆی سیستمی پەروەردەی کۆمەڵایەتی بێت، لەناویشیاندا ئەو بێباکییەی پێگەیاندنی تاک لە سایەی حوکمڕانیی نادروستدا بەرهەمی هێناوە، ئەو حوکمڕانییەی کاریگەریی لەسەر کۆی کۆڵەکەکانی دروستکردنی تاکی لە کۆمەڵدا پێ بەرهەم دەهێندرێت، جونکە بە ئاشکرا لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەدا هەست بەو گۆرانکارییە پەروەردەییە دەکرێت کە تاکەکان لە ژیانی خۆیاندا پێی هەڵدەسوڕێن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی