مەترسی گوتاری ئایينی.. فرۆشتنی پسوڵەی بەهەشت لەکوردستان وەک نمونە

09/04/2024

ڕێبوار عەلی

مەبەست لە گوتاری ئاینی، قسەولێدان و وتاری مەلاو بانگخوازو کادیرانی حیزبی ئیسلامی و سەردەستەی ڕەوتی سەلەفی و سۆفیەکانە، کە رۆژانە لە دامودەزگا ئاینیەکانەوە پەخشی دەکەن و بە سۆشیالمیدا بڵاو دەبێتەوە. مەترسی ئەم گوتارە لەوەدایە بەناوی خوداو پێغەمبەرو قورئانەوەیەوە، بێ سانسۆرەو لە سەرو ڕەخنەو هەڵسەنگاندنەوەیەو ڕاستەوخۆ ئاراستەی کۆمەڵگەیەو پاڵپشتی مادی و مەعنەوی گەورەدەکرێت و دامودەزگا فەرمیەکانی حوکمەتیش گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکردووە وخۆیان لێ کردووە بە "كەڕەی شەربەت" و نقەیان لێوەنایەت. دواترینیان وتارەکەی شەوی بتست و حەوتی ڕەمەزانی ئەم ساڵی ٢٠٢٤ لە مزگەوتی بەهەشت بوو لە شاری سڵێمانی، کە بە ئاشکراو بێ ڕەتوش بانگەوازی فرۆشتنی پسوڵەی بەهەشتی تیاکرا بەدۆلارو قیستی مانگانەشیان هەبوو!

 بەبۆچوونی من دەبوو وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی و داواکاری گشتی، بهاتنایەتە سەر خەت و لایەنی کەم وتارخوێن بەتاوانی سوکایەتی بە ئاین و ڕەواجدان بە گوتاری مەترسیدار، بۆ هەمیشە لە مزگەوت و وتاردان دوربخرایەتەوە.

ڕاستە لە کوردستاندا گوتاری ئەقڵانی و هاوسەنگ هەیەو پەیڕەوی لە گیانی ئاینپەروەری ڕەسەنی کوردەواری دەکات، بەڵام هێشتا لاوازەولە ئاستی پێوتستدانیەو زەمینەی بۆ سازو ئامادەناکرێت.

دیارترینی ئەو مەترسیانەش، کە گوتاری ئاینی نا ئەقلانی بەرهەمی دەهێنێت ئەمانەن، کە بەکورتی ئاماژەیان بۆ دەکەین:
١- خودی ئاین لەکەدارو ناشیرین دەکات و ئاین وەکو ئەفیونی گەلان نیشان دەدات.
٢- هزروبیری تونڕەوی پەرەپێدەدات.
٣- ئەفسانەو هەڵبەستراوو پڕوپوچی بەناو ئاینی دەکاتە ڕاستی چەسپاو نەگۆڕ.
٤- ئاین دەقۆزێرێتەوە بۆ مەرام و مەبەستی تایبەتی و دەستەگەرایی.
٥- شوێنە ئاینیەکان دەکاتە کۆمپانیای ئابوری و هەستی ئاینداری بەکار دەهێنرێت، بۆ کۆکردنەوەی سامان و فیرودانی خەڵک بەناوی خێرو زەکات و سەرفترەو سەدەقەوە.
٦- گیانی دووبەرەکی و دژایەتی یەکترو بڵاو بونەوەی ڕقوکینە پەرەپێدەدات و کۆمەڵگە بەرەو لێکترازان دەبات.
٧- کلتوری بەدەوی، کە هاوردەی کۆمەڵگە داخراوەکانن، دەکیاتە ئاین و نەرێتی باوەڕداریی ڕاستەقینە.
٨- کۆمەڵێک کەسێتی و ڕوخساری نامۆ بەکۆمەڵگە، دەکاتە کاریمازای ئاینی و گەنجان دەکەیکەنە نمونەی باڵا.
٩- دیاردەی فرەژنی گەشەپێدەدات و  ئافرەت و سێکس دەکاتە بابەتی سەرنجڕاکێش و کچان و ژنان دەکاتە کاڵای هەرزانی دەستیان.
١٠- پرۆسەی چاکسازی ئاینی گران و ئاڵۆز دەکات و هەر هەوڵدانێک لەوبوارەدا، بەدژایەتی خودی ئاینی دەداتە قەڵەم و ڕابەرەکانی تەکفیر دەکات. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی