دەنگدەران، سەرۆکی حزبەکان، مەکتەب سیاسیەکان بەرپرسیارن

11/04/2024

رێبین محەمەد

بەرپرسیارەتی مرۆڤ زۆرن، بەڵام بەرپرسیارەتی هاوبەش هەیە لە نێوان هەموو مرۆڤەکاندا، ئەوانیش بەرپرسیارەتی ئیمانداری لە سەردەمە کۆنەکانەوە ئاینەکان بۆ مرۆڤیان بێ جیاوازی دیاریکردووە، لە سەردەمە جیاوازەکانیش بەرپرسیارەتی پیشەیی بووەتە یەکێک لە بەرپرسیارەتیە هاوبەشە گرنگەکان، کە ژیانی مرۆڤایەتی پێوە بەستراوەتەوە، جگەلەوەی لە فیترەتی مرۆڤ بەرپرسیارەتی مرۆیی و ویژدان، هەبووە و هەر دەبێت.

ئەوەی پەیوەستە بە پیشەوە، هەموو پیشەیەک رەوشتی خۆی هەیە ... بۆ نمونە پزیشک کەموکوڕی نەخۆش باس ناکات، پارێزەر کێشەی سکاڵاکەر یان لێکراوەکەی لە چاخانە بەیان ناکات،  ئەندازیار، مەوادی بێکەڵک لە بیناکردن بەکارناهێنێت، بەباشترین شێوەش ئەوەی لە توانایاندایە هەوڵ دەدەن بۆ چارەسەری کێشەی نەخۆش یان سکاڵالێکراو، یان دروستکردنی باڵەخانەکان.
ئەمە بناغەی ئیمانداریە بۆ مرۆڤی دیندار، رەوشتی پیشەییە بۆ مرۆڤی پیشەوەر و ویژدانیشە بۆ مرۆڤێک هەستی مرۆڤ بوونی تێدابێت.

ئەرکی و رەوشتی مرۆڤی سیاسی چیە؟

ئەرکی مرۆڤی سیاسی- لە پیشەکەیدا بریتیە لە پاراستنی بەرپرسیارەتی نیشتیمانی، بۆ نمونە رێزگرتن لە شکۆی دامەزراوەکانی، رێزگرتن لە سەروەری یاسا و پاراستنی سامان و ماڵی گشتی...
هەر سیاسیەک ئەمەی نەکرد، واتا، رەوشتی پیشەیی تێدا نیە، خیانەتی لە نیشتیمان کردووە، لە رووی ئاینیەوە خیانەتی لە خودا کردووە، بەڵکو دژی خودا وەستاوەتەوە، فەرمانی پێکردووە کاری چاکە بکە. رێگری لە خراپە بکە، وە مرۆڤ بوونیشی تێدا لاوازە.

کاری چاکە لە نێوان سیاسی و پۆلیس، جیاوازی هەیە، پۆلیس دەبێت بکەری رووداوەکانی خراپەکاری دەستگیر بکات، سیاسی دەبێت بکەری رووداوەکانی خراپەکاری دروست نەکات.
بۆ نمونە:

دزی کردن، برسێتیە، خەڵک برسی نەکات تاوەک دزی زۆر نەبێت.

نادادپەروەری و زوڵم، دەسەڵاتە لەدەرەوەی یاسا بۆ کەسانێکی نزیک دەسەڵاتدارە سیاسیەکان پشتیان نەگرێت و زاڵم دروست نەکات.  

نائاسایشی، چەک لە دەستی نزیکەکانی سیاسیەکان خۆیاندان پشتیان نەگرێت و پیاوکوژ و چەتە دروست نەکات.

نەمانی شکۆی دامەزراوەکان، کەسی شیاو لە شوێنی شیاو نیە.

هەموو ئەمانە دەمەوێت بڵێم، سیاسیەکان لە بەرامبەر پەرلەمانی کوردستان، رەوشتی پیشەیی خۆیان دەبێت بپارێزن، نەهێڵن خەڵکی نەشیاو بچێتە ناو پەرلەمانێکەوە بەخوێنی سەدان هەزار شەهید دروست بووە، بەرهەمی خوێنی شەهیدان ٥٠٠ هەزار مووچەکە و پارچەیەک زەوی نیە، بەڵکو پەرلەمانی کوردستانە، ئەنجومەنی وەزیرانە و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە.

کاتێک شکۆی ئەم دامەزراوانە دەخرێتە دەستی کەسانێک، ئاستی ئەوەیان نیە ململانێی سیاسی بکەن، یاسا دەربکەن و بەرژەوەندیەکانی نیشتیمان بپارێزن، ئاوا سەرۆکی حزبەکان و تەواوی مەکتەبی سیاسیان، لە رووی رەوشتی پیشەیی و بەرپرسیارەتیان بەرامبەر بە خودا (ئەگەر ئیمانداربن) شکستیان هێناوە، بۆیە بەهای مرۆڤ بوونیان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

لەبارەی کاندەیدە سەربەخۆکانەوە، خەڵکی دەنگدەر بەرپرسیارە بەرامبەر بە ژیانی خەڵک، خودا، سامانی خەڵک، پاراستنی شکۆی دامەزراوەکان، ئەم نیشتیمانە، پاسەوانێکی زیرەک بۆ مافەکان دیارینەکات، وەک دەنگدەر خیانەتی کردووە، ئەو پشکەی لە سیاسەت بەریکەوتووە، دەنگدانە، باش جێبەجێی نەکرد.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی