لەپشتی سیاسییەکانەوە ملیاردێرەکان خەریکی چین؟

12/04/2024

دەلیل جەمال


 لەدوای ڕاپەڕین و بەخێراییەک لەدەرەوەی گەشەی ئاسایی چەندین ملیاردێر و ملیۆن نێر درووست بوون لەجوگرافیایەکی بچوک و دانیشتوانێکی کەم بە بەراورد بەوڵاتانی نزیک و دوور بەپانتایی و ژمارەی دانیشتوان ئەم هەرێمە هێندەی شارێکی ئاساییە.
ئەم توێژە ملیۆنێرە چۆن و بەچی و لەکوێوە درووست بوون؟ لەڕووکەشدا و لە تێڕوانینی باوی کۆمەڵگە ئەوەهەیە هەموان دەزانن بەشێکی هەرەزۆریان بەڕێگەی خراپ سامانیان پێکەوەناوە.

دەمەوێت لەم بابەتەدا تیشک بخەمە سەر (میدیا و ملیۆنێرەکان)  لەگەڵ ئەم شەپۆلە نائاساییە لە ملیاردێر و ملیۆنێر چەندەها میدیا بەهەموو جۆرەکانی درووست بوون. لەڕوویەکەوە ئەم زۆری میدیایە بە گەشەو ئازادی و جۆرێک لەکرانەوەی گەورە پێناسەکراوە
هۆکارەکەشی نەبینینی پشت ئەم بازدانە گەورەیەبووە بێ ئاگا لەوەی زۆرێک لەم میدیایانە هیچ ستراتیژ و بەرنامە و ئامانجێکی کۆمەڵایەتی کلتووری هتد لەپشت نەبووە بەڵکوو پلان و سیاسەتی زۆرێک لەو ملیاردێر و ملیۆنێرانە بوو کە بە ئامانجی سپیکردنەوە و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بوو بۆ شاردنەوەی هەموو ئەو ڕووداوانەی کە ئەم جۆرە لەکەسانەی کە لەسەرساجی عەلییەوە کرد بە خاوەنی سیاجی نیشتمان.
میدیای کوردی بەشێکی زۆری کەوتە ژێر کاریگەری ئەو میدیای ملیاردێرانەو پرسی گەندەڵی و خیانەت و دەوڵەمەندبوونی نائاساییان پەردە پۆش دەکردوفەزای گەندەڵی و ماڵوێرانیان دەخستە گەردنی سیاسییەکان(گەرچی سیاسییەکانیش بەشێکیان هەڵدەگرێ ڕووی ڕاستەقینەیان ببینرێت) فۆکسی میدیا لەسەر بەرپرس و کارەکتەری سیاسییەکان گرنگە، بەڵام زۆرێک لەمیدیاو ڕۆشنبیر و چالاکی مەدەنی قسەی نییە یان گەر هەبێت زۆر کەمە لەسەر ئەو کەسانەی کەئەمڕۆتەواوی داهات و سەروەتی ئەم میللەتەیان برد و خوارد کەسێکیش نییە بڵێت (ئەم سەروەت و داهاتەت لەکوێ بوو؟)

ڕاستە زۆرینەی ئەم ملیاردێرانە سیاسییەکان لەپشتیانن یان بوونەتە حاشییەیان، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەمەیە کێ لەم  ملیاردێرانەی پرسی چۆن و بەچی ئەم سامانە؟

بابەتێکی دیکە لەپشت ئەم ملیاردێرانەوە ئەوەیە زۆرینەیان ئێستا لەنەتەوەو تەنانەت لەحکومەت و دەسڵاتیش بەدەسەڵاتترن و بەو ڕێگە ناشەرعییەی بوونەتە سەرمایەدار  پەیوەندی نێودەوڵەتیان هەیە ولەڕێگەی سەروەتی ئەم میللەتەوە ئێستا پارێزبەندی جیهانیان بۆخۆیان درووستکردوە، بەڕادەیەک حکومەتیش  نیو هێندەی ئەوان کاریگەری نییە، ڕوونتر بڵێم بەشێکیان لەو پەیوەندییەشدا خیانەت دەکەن و  زۆر کاریان بۆ وڵاتان و دەزگا نهێنییەکان کردووە، ڕووداوی بەئامانج گرتنیان و کاردانەوەکان لەناوخۆ و دەرەوە ڕاستی ئەوەیە کە وتوومە. هەربۆیە دەڵێم حکومەت ناتوانێت و دەسەڵاتی هیچی نییە لەئاستیان. بردنە دەرەوەی پارە و وەبەرهێنان لە وڵاتانی دەرو دراوسێ وایکردووە ئەم وڵاتە مایە پووچە لەهەموو ڕوویەکەوە.
لەهیچ وڵاتێکدا نەبووە و نییە سەرمایەدار لە دەرەوەی حکومەت و دامەزراوەکان پەیوەندی نەک ئابووری بەڵکوو سیاسی هەبێت، تەنها لەم هەرێمە سێ بە چوارەی خۆمان نەبێت

سیاسەتێکی دیکەی ئەم ملیاردێرانە کاریگەریانە بەسەر زۆرینەی ڕەهای میدیاکانەوە، چوونکە خۆیان خاوەنی میدیای گەورە و کاریگەرن ، دەسەڵات و حکومەتیش یان هاوبەشن یان تێوەگلاون بێدەنگن، هەرئەمەشە وایکردووە نەتوانن لێیان بپرسنەوە

ئێمە دەبێت تێبگەین بە دروستکردنی مزگەوت ،مەکتەب و نەخۆشخانەیەک نابێت بکەوینە سەر گازەرەی پشت بۆیان نابێت بێ ئاگابین لەوەی لەپشت ئەم هەنگاوانە چی دەگوزەرێت؟ یان چیمان لێ دەبەن؟
دەزانین زۆرینەی سیاسییەکان گەندەڵن بەڵام گەندەڵتر لەوان ئەو ملیاردێر و ملیۆنێرانەن دوێنێ درووست بوون، لەکاتێکدا ئێمە چیمان هەیە کام هێڵی گەرمی بازرگانی جیهانی کام  داهێنان و کۆمپانیای گەورەی جیهانی؟ کام خاڵی سنووری و بەندەری گەورەی بازرگانی ؟ حەقی خۆی نییە میدیا ئیتر بپرسێت و ببینێت چۆن و لەکوێ ئەم ملیارەها دۆلارە؟
 دەزانن لەم وڵاتەدا چەندین بازرگان و ملیۆنێر هەن کەس نازانێت کێن، ئێوەدەزانن بەشێکی پزیشکی ئەم وڵاتە ڕۆژانەو شەوانە چەند داهاتی  هەیە و حساباتی گەورە گەورەی هەیە و کەس لەگوڵێ کاڵتر ناڵێت و زۆرجاریش کەوتووینەتە مەدح و سەنایان من دەزانم وڵاتی بێ سیستەم و بێ چاودێری ڕێگە خۆشکەرن بۆئەم ملیاردێرانە، کورد دەڵێ دز بازاڕی شێواوی دەوێت.

پێموایە کاتی ئەوەیە میدیای ڕاست و هاوسەنگ و  بۆ میللەت و خودا سوڵحاو پێوستە لەپشت سیاسییەکانەوە کار بکات و پەردە لەسەر چەندین بابەتی دیکە لابدات، نایشارمەوە زۆر هیوام نییە، چونکە دەزانم ئەم دەوڵەمەندە هەڵتۆقیوانە سوپایەک لەمیدیاکار و میدیایان دروستکردووە بۆ ڕۆژی مەبادا و هەرئەمەشە تا ئەمڕۆ توانیویانە دووربن لە لێنزی کامێرا و نوکی قەڵەمی نوسەر و ڕۆژنامەنوسان. چونکە زۆر عاقڵانە توانیویانە تەواوی فۆکسی کۆمەڵگە بخەنە سەر سیاسییەکان و هەندێ لای دیکە.
لە پرسە و ڕووداوێک لەم ملیاردێرانە ڕوودەدات، سەیرکەن دەبەرانبەری سیاسی و کەسایەتییەکان میدیا و خەڵکیش لەدەوریانن، تەنانەت زۆرجار کەسی یەکەمی ئەم حزب و وڵاتەش پرسەگێڕ و ئاوگێڕیانن، بۆ؟ چونکە لەهەموو ڕویەکەوە لەوان کاریگەرترن هەندێکیشیان پشتیوانی گەورەی نێودەوڵەتیان هەیە، کاتی واش هەبووە ئەم هەرێمە توشی قەیران بووبێت نەک لەپشت حکومەت نەبوون بەڵکوو وەک دزی بازاڕی شێواو سودمەند بوون، بەشێکی باشی ئەم ملیاردێرانە دەستیان چووەتە ناو کاری سیخوڕی و بازرگانی نایاسایی و هەندێکیشیان لێرە پارەی دەرەوە سپی دەکەنەوە، حکومەت شەش مانگ جارێک مووچەدەدات، قسەیەک باوە دەڵێن(فڵان بازرگان) دەتوانێت ساڵێک موچەی ئەم وڵاتە بدات، بۆڕاستی ئەم قسەیە ئەم حکومەتە چەندینجار چەند ملیاردێرێک توانیویانه مووچەی موچەخۆران بدەن، حکومەت خۆشی ووتویەتی پارەمان لە دەوڵەمەندەکان وەرگرتووە، ئەرێ کەسێ میدیایەک پرسی چۆن و لەکوێی هێنا؟ چۆن وڵاتێک قەرزاری دەوڵەمەندەکانە؟ خێرە حکومەتێک نەتوانێت سود لەم سامانەوەربگرێت بەڵام چەندکەسێک سودمەندبن؟

پێموایە هەتا ڕووی میدیا و میدیاکار نەسوڕێت و کار لەسەر ئەم توێژە پەنهانە نەکات کارمان ماشی نابێت، ئێمە دەزانین ئەم کارە بەحکومەت و دامەزراوەکانی ناکرێت و زۆربەیان تێوەگلاون لەگەڵیاندا، تەنها دەرچەیەک  میدیاو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانن دەتوانن پەردەکان لابدەن و ئەم پرسە بەجدی وەربگرن و واڵامی پرسارەکان بدەنەوە.

لەدوای ڕاپەڕینەوە هەزارەها  وتار و هەواڵ و ڕاپۆرتمان بینی و خوێنرایەوە لەسەر گەندەڵی حزب و سیاسییەکان، ئەمە جێی دەسخۆشییە، وەلێ ئەی ئەو هەموو گەندەڵ و ملیاردێرانەی وڵاتیان دادۆشی و کەسێ هیچ ناڵێت؟

تەنانەت بەپلان لەهەندێک میدیای دروستکراوی خۆیان وایان کردووە، نەک قسەلەسەر سەروەتیان ناکرێت، بەڵکوو کراونەتە فریاد ڕەس و فریشتە و خەمخۆر و خێرخواز و هتد کەئەمانە هیچی وانییە چونکە لەهەرێمێکی چەند ملیۆنی و بێ داهاتی گەورە ئەم هەموو ملیارد و ملیۆنێرە ئاسایی نیە و گونجاو نییە بپرسن بەدواداچوون بکەن زۆر شتی نەوتراو دەوترێت زۆر چیرۆکی ترسناک دەنوسرێت زۆر وێنەی ناخ هەژێن دەبینین بپرسن میدیای ڕاستەقینە دەتوننێت ئەم کارە بکات.
 دوای ڕاپەڕین تێگەیشتین سیاسیەکان کێن و خەریکی چین؟ تێگەیشتین لەپەنای سیاسەتدا چەندین کاری خراپ و گەندەڵیانکرد، ئایا حەقی خۆی نییە بپرسین ئەم هەموو کۆمپانیاو بازرگانە ناخۆڕسکە چۆن دروست بوون؟ بەڕای من میدیای کوردی کەمتەرخەم بوو، سەرەڕای کەمتەرخەمی نەیتوانی فۆکسی کۆمەڵگە بخاتە سەر ئەم مافیا ملیاردێرانە بێدەنگی میدیاو ڕووی ڕاستەقینەیان وایکردووە، ئێستا هەمووان ئەمانە بەفریشتەو خەمخۆر و فریادڕەس دەبینن، لەکاتێکدا زۆرینەیان بەڵای گەورەی سەرکۆمەڵگەن.   زۆربابەتی  دیکە کەدەکرێت لەم ڕووەوە هەموان کاربکەن و کاتی ڕووی ڕاستییە.....

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی