هێڵی دووەمی تورکیا، بەتەنیشت جەنگەوە

13/04/2024

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد



فەرەنسا لەسەر داوای دەزگای هەواڵگری تورکیا، هاووڵاتییەکی کوردی رادەستی تورکیا کردەوە بەناوی (محەمەد کۆپاڵ) کە گوایە ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانە، ئەنجومەنی دیموکراتی کوردیش لە پاریس ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە، بەڵام بێسوودبوو.
دەمەوێت بڵێم ئەم رەتکردنەوەیە، شتێک لەهاوکێشە گەورەکە ناگۆڕێت کە تورکیا چی دەوێت و فەرەنساش چی دەچنێتەوە لە دۆستایەتی و داواکاری تورکیا بۆ رادەستکردنی هەر کوردێک کە تورکیا دەیەوێت، بەڵکو لەتەنیشت هێڵی یەکەمدا کە بەدرێژایی مێژوو کوردیان کوشتووە بەهێزی فیشەک و خوێنڕشتن، ئەوا ئێستا هێڵی دووەمیش چالاکە کە هێڵی ئیغتیالات و غافڵگیری و پەستانی دپلۆماسییە بۆسەر وڵاتان تا ئەو کەسانەی بەلای تورکیاوە نەیارن، رادەست بکرێنەوە.

ئیشی تورکیا و دەزگای هەواڵگری تورکیا ــ میت، لەدوای ساڵی 1924ەوە و بەناوی جیاواز دەستپێدەکات، پڕۆژەکە تەسفیاتی نەیارەکانە پێش هەموویان کورد، هیچ تاکێکی تورک نییە خزمەتی بەم تەسفیاتە نەکردبێت و بەشداری پڕۆسەیەکی لەم شێوەیەی نەکردبێت، ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەیە بە هەر تاک و سیاسییەکی کورد.

کورد "نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتدار"، وێنەیەکی بۆ نەیارەکەی نییە تا کار لەسەر لەناوبردن یان بەربەرەکانێی بکات، لەکاتێکدا ئەوە لەلای ئەمریکا و جولەکە و تورک دیوێکی دیکەی نەهێشتنی وێنەی نەیارەکانە، ئەم سێ وڵاتە وێنەیەکیان هەیە بۆ نەیارەکانیان و لەناوبردنی ئەم وێنەیەش پەیوەست نییە بەکات و شوێنەوە، بەڵکو وێنەیەکی ئیش لەسەرکراوە چ لە دەرەوە و چ لەناوخۆشدا بێت، ئەم وێنە دروستکراوە لەلای ئەمریکا و ئیسرائیل و تورکیا، هەموو ئەو خاڵە دژ و ناکۆکانە دەگرێتەوە کە دژی بەرژەوندییەکانیانە و لەهەر پنتێکی جیهاندا مەترسییەکانیان بکەوێتە مەترسییەوە، ئەم سێ وڵاتە هەڵدەکوتنەسەر ئەو شوێنە، یان بەشێوەی هەواڵگری و دزەکردن دەکشێنە ئو شوێنەوە.

ئەمریکاییەکان دەمێک ساڵە دەڵێن "ئێمە لەجەنگداین"، جەنگێک کە لەهێزی رەقەوە بۆ نەرم دەستپێدەکات و نەک تەنها هێزی سەربازی بەڵکو هونەر و میدیا و هێزی زیرەکیشی دەگرێتەوە، جولەکەکانیش لەهەر شوێنێکی جیهان دەنگێکی دژ بە جولەکە ببیستن دژی دەوەستنەوە، ئەوان لەدوای هۆڵۆکۆستەوە کاتێک (ئەدۆڵف ئیخمان)یان لەئیسرائیلەوە رفاندو لە ئیسرائیل لەسێدارەیاندا، تا دژایەتی و سڕینەوەی کۆتا شیعری (کۆنتەرکراس) کە دژی جولەکە نووسیبووی، بەرگرییەکی گەورە لەدۆزەڕەواکەیان دەکەن و شەڕی غەزەو حەماسیش واتە لەناوبردنی ئەو دوژمنە مێژووییە، تورکەکانیش بەبیانووی نەیارێکی وەهمی تەواوی هێزە جۆربەجۆرەکانی خۆیی خستۆتەکار، لەسنوورەکاندا جەنگی سەربازی هەڵگیرساندووە، لە وڵاتانی دەرەوەو ئەوروپا و جیهانیشدا هێزی ئیستیخباراتی و دپلۆماسی خۆیی خسۆتەکار بۆ لەناوبردنی ئەو نەیارەی کە تورکیا وایناودەنێت.

دواین داواکاری تورکیا لە سوید و فینلەندا تاکو ئەندامبوونیان لە (ناتۆ)دا قبوڵ بکات و پێداگریش لەسەر فەرەنسا بۆ رادەستکردنەوەی ژمارەیەک داواکراو گوایە کار بۆ نەیارەکانی تورکیا دەکەن، مانای فرەبەرەیی جانگی تورکیایە بۆ کۆتاییپێهێنانی ئەو تەوژمە فیکری و سەربازییەی خەریکە سەری دەسەڵات لە تورکیادا دەخوات، ئەو سی وڵاتەش ئەوەی بەلایانەوە لەپێشترە سیاسەت و دۆستایەتییە، پێش مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون.
ئەم ئیشکردنە لەسەر نەیارەکان، لەلای کورد نەبووە و نییە، دڵنیاترین نەیار بەرامبەر هێرشی بەرامبەرەکانی خۆی، نەیارەکانی کوردە، ئەمە پەیوەست نییە بەبچووکی و بێهێزی و بێدەوڵەتی کوردەوە، بەڵکو پەیوەستە بە شێوەی کاری هەواڵگری و قوربانیدان و تێکۆشانییەوە لەپێناو پرسەکەیدا، مادام پرسێک هەیە و بڕوامان پێیەتی و پرسی کوردە، کەواتە خەباتێکیش هەیە و بەردەوامە کە پەیوەستە بەو پرسەوە و هێشتا کاری گەورەتری پێویستە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی