چی بە سەرۆک ئەردۆگان بوترێ ؟

21/04/2024

مەلا فرمان



سەرۆک کۆماری تورکیا دێت بۆ بەغداد و هەولێر، وەک باس دەکرێ چەند پرسێکی گرنگ باس دەکرێ کە تایبەتن بە پەیوەندیەکانی ئەنکەرە و بەغداد ، ئەنکەرە و هەولێر، لەو پرسانە:
١-پرسی ئاسایشی سنور
٢-پرسی ئاو
٣. پرسی ئابوری و نەوت.
٤.پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان کە یەکسانە بە پرسی کورد لە باکوری کوردستان. 
ئەو چەند قسەیەی وتنی گرنگ و پێویستە:   
١- لە ١٩٨٤ وە تورکیا شەڕی چەکداری کورد و پەکەکە دەکات، لە ماوەی ئەم ٤٠ چل ساڵەدا هەم حکومەتی تورکیا و هەم پێکاکا ماون و بەردەوامن لە شەڕکردن و زیانی زۆریان بە ئابوری و ژیانی هاوڵآتیانی تورکیا گەیاندوە، ئەوەی زیاتر بەرچاوە پکک لە روی هێز و بنکەی جەماوەریەوە زۆر بەرەوپێشچوە.
٢- پرسی کورد لە تورکیا پرسێکە پێویستی بە چارەسەر هەیە، کورد پێویستە بە مافە نەتەوییەکانی خۆی بگات. چارەسەری ئەم پرسەش لەگەڵ پکک دەکرێت.
٣- بەتەمەنی دەوڵەتی تورکیا لە قۆناغی جیاجیادا و بە شێوازی جیاجیا ستەم بە بەرامبەر بە گەلی کورد کراوە تا ئەو رادەیەی لە هەندێ قۆناغا نکۆڵی لە بونی ئەم نەتەوەیە کراوە، لە کاتێکدا پکک و سەرۆک ئۆجئالان لە دایک نەبونە.
٤- عێراقی دراوسێتان لە سەردەمی بەعس بینی، دەرئەنجامی سیاسەتی چەوتی ئەو حیزبە بەرامبەر بە کورد عێراق توشی چ ماڵوێرانیەک بو.
٥- ئێمە شەڕی کورد بە کوردمان تەحریم کردوە ، ناتوانین شەری پکک بکەین یان بۆ شەڕی ئەو حیزبە هاوکارتانبین.
٦- ئیمە شاهێدی ئەوەین کە گەرێللا شانبەشانی ئێمە شەڕی تیرۆرستانی داعشیان کردوە.
بۆیە ئەوەی ئێمە لە باشوری کوردستان دەیبینین و پێمان باشە، کاتی ئەوەیە حکومەتی تورکیا بە جدی بیر لە چارەسەری کێشەی براکانمان بکاتەوە، پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پکک دەست پێبکات. ئیمەش لە باشور هاوکار و فاکتەری خێر دەبین. دیارە ئەم قسەیە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری سوریاش دروستە


مەلا فرمان
کەرکوک،٢١/٤/٢٠٢٤

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی