سەد خۆزگە بە ئاڵا سورەکەی تورکیا لە هەولێر

23/04/2024

پەیمان عیزەدین


پارتی ڕێک و ڕاست ئەڵێ من لە خەتی تورکیام ، سەد جاری تریش بچینە تورکیا و ئاڵای کوردستان دانەنێن ، تا ئێوارە ئەردۆگان ناوی هەرێمی کوردستان نەیەتە سەردەمی و هەر بڵێ باکوری عێراق ، ئێمە دۆستایەتی و هاوپەیمانیی لەگەڵ ناپچڕێنین ، بۆیە پارتیەکانیش بڕوا و تێڕوانینێکی جێگیریان هەیە بۆ حیزبەکەیان و بە پارتێتی ئەژین و بە پارتێتی ئەمرن.
هەرچی یەکێتیە ئەوەی جێگیریی بێ نایزانێ ،خۆی و ئەندامان و خەڵکیشی لە دوودڵی و ڕاڕاییەکی بەردەوامدا هێشتۆتەوە.
 ئەمڕۆ لەسەر زاری سەرۆکەکەیەوە لە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتی بلەدا بە ناڕاستەوخۆیی پشتیوانی ڕۆژئاوای کرد و کوردایەتی خۆی دوپات کردوە  ، بەڵام هەر دوێنێ بەسەدان ئاسایشی یەکێتی داباریبون بۆ ڕێگە گرتن لە بیست و پێنج کەس بۆ خوێندنەوەی بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی سەبارەت بە هاتنی ئەردۆگان بۆ بەغدا و هەولێر .
ئەم دوو فاقیی و ناڕونیانە لەهەڵوێستی یەکێتیدا دوهێندەی هەڵوێستەکانی پارتی مەترسی هەیە لەسەر دیموکراسیەت و ڕای جیاواز .
مامەڵەکردن لەگەڵ پارتێکی دیکتاتۆری خۆسەپێنی ڕۆشن زۆر ئاسانترە لە مامەڵەکردن لەگەڵ حیزبێکی دیموکراتی دیکتاتۆری نیشتمانپەروەری خۆسەپێنی چەپی سەلەفی .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی