ڕقسازی وەک پرۆژەیەکی سیاسی

28/04/2024

دانا مەنمی


 
هیچ فکرەو ئاراستەیەک کێشە نیە ئەوەی کێشەیە ڕقی ناو هەموو فیکرو ئاراستەکانە ، مرۆڤی بەئاگا بە هیزی عەقڵ خۆی لەو ڕقە ڕزگار دەکات و ڕقی لێ نابێتە فیکر و سەرچاوەی هەموو ڕقێکیش زبڵخانەیەکە ، من بابەتەکە لە ڕووی ئەخلاقیەوە تاوتوێ دەکەم نەک لە ڕووی ئایدۆلۆژیاوە ، ئاخر ئایدۆلۆژیا بەڵایە بۆ مرۆڤ و ئەخلاق و دواڕۆژەکەی ! بەردەوام ئایۆلۆژیا سروشتی ئینسانی شێواندووەو بابەتیکی ترە خۆم لە قەرەی نادەم لێرەدا  ، بەڵام گرنگە مرۆڤی بە ئاگا لە جیاتی ڕق تیگەیشتن بونیاد دەنێت.

تیگەیشتن لە هوشیاری ئینسانەوە دروست دەبێ بەڵام ڕق لە بێ ئاگایی و هەموو ڕقێک کارگەیەکە بۆ کوشتن و لە ناوبردنی دونیای جیاوازی  و مەشغوڵت دەکات بە دونیای شتە بچوکەکان ، دونیای شتە بچوکەکان دونیای کەمتر بینین و کەمتر تیگەیشتن و کەمترین جوڵەیە کە توڕەی گەورەی هەڵگرتووەو ڕق هەلیدەسوڕێنێ ، ڕق بۆخۆی زبڵخانەیەو دەرونت خەسار دەکات خۆ ئەگەر بێتە دەرەوە دەتوانین تیگەیشتنێکی باشترو جوڵەیەکی زیاترت بۆ پێکەوە ژیان و قبوڵ کردن هەبێت . 

 لە رۆژگاری ئیستادا ڕق خزێنراوەتە ناو سیاسەت و لە چالاکی ئینسان تێئاڵاوەو سیاسەتی بە ئاکارێکی خراپدا بردووەو هیزە سیاسیەکانیش لەناو ئەم فۆڕمەدا بیر لە بێڕێزی بە یەکتر و کۆمەڵگاو خۆیان و ئەوانیتر دەکەنەوە ،جا کێشەی رق هەر ئەوە نیە کە مەشروعێکی نائەخلاقیە بەلکو وەسیلەیەکە کە کۆمەلگا پەلکێش دەکات بۆ ناو دونیای وەهم و چەواشەکاری و درۆ ،ئەمە نەخۆشیەکی کوشندەی گوازراوەیە کە حیزبێک توشی نەخۆشیەکە بووەو دەیگوازێتەوە بۆ ناو کۆمەلگا ئیتر بازاڕێکی شێواو دروست دەبێ و هەمووان شڵپە شڵپی تیدا دەکەن ، رقبوونی پارتیەک لە یەکێتی و رقبوونی یەکیتیەک لە پارتیەک یانیش ئیسلامیەک لە عەلمانیەک ئەحمەقی و جەهالەتە .

دونیای سیاسەت دونیای تێگەیشتنە نەک دونیای ڕق و ڕقسازی و سیاسەت نابێ لەسەر بنەمای ڕق و تۆڵە دابڕێژرێت ، مادام تێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ واقیعێکی خراپ و دەزانین کێ و بۆچی ئەم واقیع و دونیا رقاوییەی دروست کردووە ؟! دەبێ کاردانەوەکانمان یەکسان نەبێت بەو تێگەیشتنەی ئەوان دروستیان کردووە ،ئەگەر پارتی یان هەر هیزێکی تری سیاسی خەریکی پرۆسەی تێکدان بێت ، دەبێ من و تۆ لە خەم و بەدیلی چاكبوونەوەدا بین ، نەک بەشێک بین لە خراپبوون ، سەنگی مرۆڤی هوشیارو بە ئاگا تەنیا لەو باشبوونەدا دەرئەکەوێت کە نایەوێت بەشێک بێت لە خراپبوون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی