دیوەکەی تری ئازادی رۆژنامەگەری

04/05/2024

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

بەهێندەی هەر کایە و بوارێکی دیکەی کارکردن لە هەرێمی کوردستان، ئێستا لە کایەی راگەیاندن و رۆژنامەنووسیشدا عەیبوعار دەبینرێت. هێندەی ژمارەی ئەو هونەرمەندانەی کە ئەگەر دەنگخۆشی و لێزانین بکرێتە پێوەر ئەوان هونەرمەندنیین، ئەوا ئەوەندەش بەناو رۆژنامەنووس هەیە کە تەنها پێنج نووسینی باشیان نییە. بەهێندەی ئەو سیاسییانەی کە خوداپێداوی کردنی بە شت، ئێستا ئەوەندەش رۆژنامەنووس هەیە کە تا دوور لێیانبڕوانیت سیفاتێکی پیشەییبوونیان تێدا نابینیت.

هەر ئەوە بەس نییە کۆی ئازادی کاری رۆژنامەنووسی لە کوردستان لە حکومەت و حزبەکان بخوازرێت، لەو دیوی ئەم ناشیرینییەوە دەسەڵات لەگەڵ رۆژنامەنووسان دەیکات، جیهانەکە خۆیشی ناشیرین بووە و زۆرێکی بکەرەکانی ناویشی کە پێیاندەوترێت رۆژنامەنووس، لە دەسەڵاتە سیاسییەکە زیاتر مەترسیدارن بۆسەر گیانی رۆژنامەنووس و کارەکەی.

لە پەیوەندی دەسەڵات و رۆژنامەنووسدا، تا ئەوکاتەی کە هێڵە سوورەکەی دەسەڵات نەبڕیت و نەچیتە ئەودیو پیرۆزییەکانییەوە، پەلاماری رۆژنامەنووس نادرێت، بەڵام لەناو میدیاکان و لەنێوان بەشێکی رۆژنامەنووسان خۆیاندا، بەبێ ئەوەی هێڵی سووری یەکتریشیان بڕیبێت، شکاندنەوەی یەکتر و لێدان لەیەکتر، بووەتە ئەرکی رۆژنامەنووس، ئەمڕۆ (میزاج) و (رەفاقەت) دوانەی هەم پێگەیاندنی رۆژنامەنووسە و هەم شکاندنەوە و دەرکردنی رۆژنامەنووسیشە لەکارەکەی.

ئەوەی لەسایەی رۆژنامەنووسان خۆیاندا بەرامبەر یەکتر دەیکەن، دیوەکەی دیکەی ئەو بێڕێزییەیە کە دەسەڵات لەدیوی یەکەمدا بەرامبەریان دەیکات، لەکوێی دونیادا دەسەڵات هێندە ناشیرینە بەبێ ئەوەی رۆژنامەنووس هەڵەیە بکات بڵێت تۆی رۆژنامەنووس بۆت نییە کاربکەیت لەهیچ ناوەندێکدا؟ ئەوە لەکاتێکدایە، بەڕێوەبەری دەزگایەکی راگەیاندن لە دووجێگەدا دەبێتە بەڕێوەبەری یەک کەس و هەردووجارەکە دەریدەکات، پێیشیدەڵێت: لەهەر دەزگایەک من بووم بە بەڕێوەبەرت، بەبێ پێوتن خۆت بڕۆ!

لەکوێی دنیادا هەیە، یاسای سەندیکایەک وەها بێت، من سێ کتێبم چاپکردووە و وا چوارەمیشم لە رێگایە!، لە گەورەترین رۆژنامەی کاغەزی ــ رۆژانەدا، کاردەکەم و وەرگێڕانی بۆ دەکەم، پێمدەڵێت: تۆ بۆت نییە ببیتە ئەندامی کارای سەندیکا چونکە (مامۆستایت)، من ئەو خەتایە لە ئەستۆی سکرتێری لق و هەندێک لێپرسراوی سەندیکای رۆژنامەنووسان نازانم و بێگومان ئەوانیش یاساکەیان دەرنەکردووە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: بەپێی چ بنەمایەک من ناتوانم ئەندامی کارا بم؟! بۆیە بڕیارمدا تا ئەوکاتەی لەم بوارەدا کاردەکەم، نەبمە ئەندامێکی ئاساییش، نەک ئەندامێکی کارا.

بەکورتی، ئەگەر دیوی یەکەمی کاری رۆژنامەنووسی بەبۆنەی دەسەڵاتە سیاسییەکەوە مەترسیدار و پڕ کێشەبێت، ئەوا لەدیوی دووەمدا بابەتەکە قورستر و بێئەرزشکراوە و ئێستا رۆژنامەنووسی یان نووسەر بوون و دەرکەوتن لە شاشەکان، هیچ جوانی و شانازییەکی تێدانەماوە و ئەویش پڕبووە لە پاشقولگرتن لەیەکتر و دوورکەوتنەوە لە کاری پیشەیی و مەهامی جوان و پیرۆزی کارەکە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی