پاشگەزبونەوە لە بریار

07/05/2024

هاوڕێ تۆفیق



دادگای فیدراڵی کارەکانی هەڵبژاردنی راگرت 

زۆر جار لە زمانی قانونزانە کلاسیکیەکانەوە ئەبیستین کە بریاری دادگای فیدراڵی کۆتایی و بنەبڕە، ئەم قسەیە لەچوارچیوەی رەهایدا راستە ، بەڵام ئەگەر بەقوڵی شیکردنەوەی بۆ بکەین ، ئەو راستیە روون ئەبێتەوە کە دادگای فیدراڵی لە چەندین بریاری خۆی کە پێشووتر دەریکردون و کۆتایی و بنەبڕ بوون پاشگەزبۆتەوە . هەر بەگوێرەی پەیرەوی ناوخۆی دادگا پاشگەزبونەوەی لە بریار هەیە( العدول عن القرار) ، دادگاش  پیادەی ئەم مافەی خۆی بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ کردوە و دەرچەیەکی بۆ دۆزراوەتەوە. بەڵام جەوهەرەکەی پاشگەزبونەوە بوە لە بریار. دادگای فیدراڵی لەسەر قانونی هەڵبژاردن،  پێشووتر بریاری خۆی  دەرکردوەو (١١) کورسی کۆتای پێکهاتەکانی رەتکردوە، لەسەر ئەو بنچینەیەش  کۆمیسۆن ڕێسای دابەشکردنی (١٠٠) کورسیەکەی پەرلەمانی بەسەر چوار بازنەدا دابەشکردوە، سەرۆک وەزیرانی هەرێم
داوای لەدادگا تۆمارکردو تانەی داوە لە رێسای دابەشکردنی کورسیەکان کە کۆمیسۆن دەریکردوە، ئاشکرایە کە قانونی هەڵبژاردن گشتگیرەو و وردەکارییەکان لەلایەن کۆمیسۆنەوە بەشێوەی رێسا دەردەکرێن(نظام) ئەم رێسایانە شایەنی تانەلێدانن لەبەردەم کۆمیسۆن خۆیدا، ئەگەر کۆمیسۆن تانەکەی رەتکردەوە، ئەو وەختە ئەتوانرێ بۆ جاری دووەم و کۆتایی تانەبکرێتەوە بەڵام ئەمجارەیان ئەبێت لەبەردەم لیژنەی دادوەی هەڵبژاردن لە داگای تەمیز بکرێت  و بریاری ئەوانیش کۆتایی و بنەبڕە.   ناوەرۆکی داواکەی سەرۆک وەزیران دەڵێت، ئەو ڕێسایەی کۆمیسۆن بۆ دابەشکردنی کورسیەکان دەریکردوە،  ناکۆکە لەگەڵ دەستورو لە هەمان کاتدا بەگوێرەی دەستور ژمارەی کورسی بەپێی رێژەی دانیشتوان دابەشدەکرێ،  نەک بەپێی ژمارەی دەنگدەر هەر وەکو ئەوەی کە کۆمیسۆن کردویەتی. لەلایەکی تر داوای کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکات ، جەوهەری داوانامەکە ، داوای لە دادگا کردوە کە بریاری فەرمانسالاری دەربکات، دادگا داواکەی پەسەندکردوەو  بریایدا  بەدەرکردنی فەرمانسالاری بەراوەستاندنی ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردن. هەتاوەکو بریاری یەکلاکەرەوە لەبارەی داواکەوە دەردەچێت. لە راستیدا ئەم هەڵوێستە خۆی بەجۆرێک لە جۆرەکان  پاشگەزبونەوەیە لە بریاری پێشوو . جارێکی گەرانەوەی ژماری کورسی کۆتایە،  بەڵام بە ژمارەو شێوەیەکی تر. ئاشکرایە بریاری دادگا هیچ وەختێک، بەدڵی هەموو لایەک نابێ، لایەنی دڵشکاو بریارەکەی پێ خراپەو  لایەنی خاوەنی بەرژەوەندیش، بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات، ئەوەی گرنگە سەرنجێکە ، دادگای فیدراڵی بریارەکانی شایەنی پیاچونەوەو دەرکردنی بریاری تازەن، ئەم قسەیە لەروانگەی عەمەلیەوە راستە .بەڵام  لە دیدی تیۆری قانونی وشک و رەهاییەوە راست نیەو بریارەکانی دادگا کۆتایین و شایەنی دەستکاریکردن نین. بەڵام لەنێوان بژاردەی  پیتی سەر کاغەزو واقیع، ئەوا  بەدڵنیاییەوە ئەوەی دووەمیان راستە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە