ساڵی 1988 ڕۆژێک لە پاریس، مام جەلال لەگەڵ کۆمەڵێک کاربەدەستی فەرەنسا کۆبوونەوەی هەیە و گلەیی لە فەرەنسیی و ئەوروپاییەکان دەکات کە لە پێناو نەڕەنجاندنی سەدام حسێن، چاوپۆشی لە هەموو تاوانێکی دەکەن بۆ نموونە: کیمیایبارانی هەڵەبجە نەک هەر ئەوە بەڵکو بە فڕۆکەی میراجی فەرەنسی کوردستان خاپوور دەکات.
فەرەنسییەکان دەیانەوێ دڵی مام جەلاڵ بدەنەوەو بڵێن دۆستی ئێوەشین
مام جەلال ئەم چیرۆکەیان بۆ دەگێڕێتەوە: پیاوێک هەبوو کاتێ دەچوو بۆ ڕاو، لەو نێچیرەی دەستیدەکەوت بەشی سەگەکانی لێ دەدا. ڕۆژێک دەچێ بۆ ڕاو بەڵام بەدرێژایی ئەو ڕۆژە هیچ ڕاو ناکات و سەگەکانی زۆر برسییان دەبێ تا ئەو ڕادەیەی لە برساندا لمۆز لە عەرز دەسوون.
پیاوێک بە ڕێبواریی بەلای ڕاوچییەکەدا تێدەپەڕێ دەڵێ: کابرا سەگەکان وا دەتۆپن لە برسانا، نانت پێ نییە بیاندەیتێ؟
ــ بەرەوەڵڵا نان و پەنیریشم پێیە
ـ ئەی بۆچی نایاندەیتێ خۆ وا دەمرن لە برسا
ــ ڕاستییەکەی ئەوەندە خۆشم ناوێن تا لە نان و پەنیری خۆمیان بدەمێ. چاوەڕێ ئەکەم شتێک ڕاو بکەم و بەشی ئەمانیشی لێ بدەم!!
مام جەلال مەبەستی ئەوەیە. ئێوەی رۆژئاوایی ئەوەندە دۆستی ئێمە نین تا لەنان و پەنیری خۆتان بدەن بە ئێمە!
چیرۆکەکەی مام جەلال تەواو...
ئێستا ئەو چیرۆکە هەڵبگێڕەوە بۆ ئەم بارودۆخەی هەرێم، حوکمڕان و دەسەڵاتدارەکانی هەرێم نان و پەنیری خۆیان زۆر هەیە، بەڵام نایدەن بە میللەتی خۆیان چونکە ئەوەندە خۆشیان ناوێن، چاوەڕێن لەو نێچیرەی لە بەغداوە دێت بەشی خەڵکیشی لێبدەن. ئەگەر نەبوو با وەک سەگەکانی کابرا لە برسانا لمۆز لە عەرز بسوون!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی